خەبات: ڕۆشنا عەلی:- مادەی هۆشبەر بۆتە مۆتەكەی كۆمەڵگاو ڕۆژ بەڕۆژ ڕیّژەی بەكارهێنانی لەناو خەڵكدا زیاتر دەبێت ئەم دیاردەیە كاتێك مەترسییەكەی زەقتر بۆتەوە كە ئێستا گەشتۆتە دەست گەنج و لەناویاندا هەرزەكارو نەوجەوان كە كاریگەرییەكەی دوو هێندەیە لەخێرا تەشەنەسەندن لەناویاندا و گەشتنی بە قوتابخانەكان، لێرەوە پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە دوور بێت لە قوتابخانەكان ؟ئەوەشی هەبێت بنبڕ بكرێت لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن لەم بارەیەوە بەدواداچونێكی ئامادە كردووە:
ئامارەكان مەترسیدارن
بەپێی ئامارێكی كەناڵی الجزیرە لە عێراق و هەرێمی كوردستان 20هەزار كەس بە هۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون، ئەم ئاماژە لەساڵی 2023 بڵاو كراوەتەوە بە پێی لێدوانێكی كوێستان محەمەد وەزیری كارو باری كۆمەڵایەتیش بۆ دەنگی ئەمریكا ئاماژە بەوەدەكات كە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر گەشتۆتە منداڵانی تەمەن نۆ ساڵ و لە گەورەكانیشدا ئامارەكان مەترسیدارن و پێویستە كۆنترۆڵبكرێت ئەمە مەترسی تەشەنەسەندنی بۆناو منداڵان لەلایەك و ناو قوتابخانەكانیش لەلایەكی دیكە زیاتركردووە.
لە قوتابخانەكان چی دەگوزەرێت
پرسیارەكە ئەوەیە كێیە كە ڕێگری لە بڵاو بوونەوەو تەشەنەسەندن دەكات ڕێكارەكانی ڕێگرتن چین و كێ دەیكات؟ بەتایبەتی لە قوتابخانەكان لەم بارەیەوە ئەژین حەسەن ڕێنمایكاری پەروەدەردەیی یەكێك لە قوتابخانەكان دەربارەی ئەوەی كە ئایا تاچەند هەست دەكەن ئەمە لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە ؟ ئەو لەم بارەیەوە بۆ خەبات گوتی: مەترسی مادەی هۆشبەر زۆرە و لە ناو قوتابیانیش لەبەر ئەوەی قوتابی هۆشیاری لەبارەی بەكارهێنانی نییە مەترسییەكەی زیاترە ڕەنگە بەكاریشی بهێنێت نەزانێ چییە تەقریبەن دەتوانم بڵێم بە ڕێژەی سەدا پەنجا ئێستا لە ناو گەنجاندا بڵاوە و ئەمەش مەترسی چوونە ناو قوتابخانەكان زیاد دەكات.
*دەربارەی ئەوەی كە ئایا قوتابی لە قوتابخانە چۆن ئەم مادانەی دەست دەكەوێت ئەم رێنماییكارە گوتی: ئەم شتانە لە دەوری قوتابخانە دەست دەكەون كۆمەڵێك باندە كۆمەڵێك كەس و خەڵكن هەوڵی تێكدانی كۆمەڵگا دەدەن و هەوڵ دەدەن بیگەیەننە ناو قوتابخانەكان.

*دەربارەی ڕێگری كردن لە دیاردەیەو پاراستنی قوتابخانەكان ئەژین حەسەن ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێنمایكاری تری پەروەردەیی بە هاوكاری كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و یەكێتی مامۆستایان بە نیازی زنجیرە سمینارێكن لە قوتابخانەكاندا بۆ وشیاركردنەوەی قوتابیان ئەو گوتی: ئامانجمان گەیاندنی هۆشیارییە و بەئاگا هێنانەوەی بەرپرسان و كۆمەڵگە و خێزان و گەنجان و قوتابیانە لەم مەترسیانەی كەتاكی كۆمەڵگەی ئێمە ڕووبەڕووی بۆتەوە ئێمە 12 ڕێنمایكارین و بە نیازین 100 سمینار ئەنجامبدەین لە سنووری پەروەردەی ناوەند و دەوروبەرو سۆران و شەقڵاوە و كۆمەڵێك ناحیە و قەزای تریش دەگرێتەوە هەموو كارەكان بە خۆبەخشی دەكەین.

*ئالان عەلی ساڵح توێژەری كۆمەڵایەتی لەبارەی ئەوەی كە ئایا تاچەند پێیان وایە مادەی هۆشبەر هەڕەشەیە بۆسەرقوتابخانەكان كە پێویست بە سەد سمینار بكات لەم بارەیەوە بۆ خەبات گوتی: مەترسییەكە زۆر لەوە زیاترە كە سەد سیمینار بۆ حەفت هەزار قوتابخانە ئەنجامبدرێت هەر زۆر زۆر كەمە، بەڵام ئێمە لە هەست كردن بە بەرپرسیارییەتی خۆمان و لەبەر پیشەكەمان كە ڕێنمایی كاری پەروەردەین توێژەری كۆمەڵایەتین ئەو گرفتە زیاتر ئێمە هەستی پێدەكەین، هەستیشمان كردووە كە لە ناوەندەكانی خوێندن هۆشیاری لەسەر ئەو بابەتە كەمە و دەبێت هەوڵ بدەین قوتابییەكان دوور بخەینەوە لەم بابەتانە. جگە لەوەش بابەتی دیكەش هەن كە كاریگەرییەكانی لە هۆشبەر كەمتر نین و پێویستییان بە وشیاركردنەوە هەیە، وەك خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا و هاوسەرگیری پێشووختە ئەمانە هەمووی گرفتن لە ناوەندەكانی خوێندن بە ئومێدی ئەوەین كە بتوانین هەنگاوی یەكەم دەست پێبكەین.
ڕێژەكەی لە قوتابخانەكاندا
ئالان عەلی دەڵێت : لە قوتابخانەكانا ڕێژەكە كەمە، بەڵام ئێمە لە دەرەوەی قوتابخانە ئەبینین زۆرجار لە دەرەوەی قوتابخانە دێتە ناو قوتابخانە لە كافتریاكانە وە لە شوێنەكانی گەنجەكان لێی كۆدەبنەوە كە زۆرجار قوتابیش هەیە دەچێتە ئەو شوێنانە و ڕەنگە بیگەیەنێتە ناو قوتابخانە.

مامۆستا هیوا ئەحمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و رێنمایكاری پەروەردەیی لەبارەی ئەوەی كە ئایا قوتابی و قەناعەتی قوتابی بە سمینارێك چۆن ئەگۆڕن بۆئەوەی لەم مەترسییە بە دوور بێت؟ لەم بارەیەوە گوتی: بێگومان لەبەر ئەوەی ئەگەر كۆمەڵێك هۆكار هەبێت هەم بینراو یان بیستراو ئەكرێت ببێتە هۆكاری دوور كەوتنەوەی قوتابییەكە ،چونكە تۆ لایەنی خراپی ئەم دیاردانەی بۆ ڕووندەكەیتەوە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە لەسەرەتادایە، بەڵام ، ئەگەر پێشی لێنەگیرێ بەرەو زیاتر دەڕوات ڕەنگە مادەی هۆشبەر زۆر بەكارنەیەت ، بەڵام ئەوانەی كە دەبنە هۆكاری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بوونی هەیە بۆ نموونە سەرەتاكەی ئەو جگەرە و نێرگەلەیەیە حەبی هێوركەرەوەیە ئەوە هێدی هێدی لەبەر ئەوەی ئەگەر ئیش نەكرا لەسەر هۆكارەكانی كێشانی یاخود بەكارهێنانی مەترسی بۆ مادەی هۆشبەریش زیاتر دەكات.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئێمە دەتوانین لەسەر كام ئاستانە ڕووبەڕووی ببینەوە هیوا ئەحمەد گوتی : ئێمە دەتوانین یەكەم شت لە ڕووی تاكەوە تاكەكە هۆشیار بكەینەوە لەڕووی خێزانەوە خێزانەكان هەموو هۆشیار بكرێنەوە بەتایبەت لە سۆشیال میدیا لەلایەنی ئایینەوە مامۆستا بەڕێزەكانی ئاینی لە مزگەوتەكان یاخود لە ڕاگەیاندنەكان بۆ خەڵكی ڕوون بكەنەوە كارەساتێكی زۆر گەورەیە لەلایەنی بازرگانی ڕێگا بەبازرگانیكردن بەم مادانە نەدرێت.
بەختیار وشیار قوتابی پۆلی یانزەی وێژەیی بۆخەبات دەربارەی وشیاری خۆی لەم بوارەوە گوتی: كێشەی ئێمە نەبوونی گەشەپێدەرێكی مرۆییە من وەك خۆم كە قوتابیم مانگی جارێك یان دوو مانگ جارێك سەردانی دەرووناسێك دەكەم لە خۆم دەكۆڵمەوە كێشەكانی خۆم خۆم چارەسەری دەكەم یانی ئەو گرێیانەی كە هەمە بتوانم بۆم بكرێتەوە، بەڵام لە قوتابخانەكەی ئێمە بە دەیەها گەنجی تێدایە كە ناتوانێت كێشەكەی خۆی چارەسەر بكات نەبوونی ئەو توانایەش وا دەكات نزیكبیتەوە لە مادەكانی هۆشبەر.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا تۆ هیچ كەسێكت بینیوە لەناو ئەم مەكتەبە پەنای بۆ مادەی هۆشبەر بردبێت یان بیناسی؟ئەو قوتابییە گوتی : لە قوتابخانەكەی خۆم نا، بەڵام لە شوێنی تر بینیومە كە خۆم سەردانم كردووە مادەی بەكار هێناوە.
*ئەم سمینارانە دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ قوتابی و وشیاری بكاتەوە بە تایبەتی لە مادەی هۆشبەر لە بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی بە شێوەیەكی خراپ؟ ئەو قوتابییە بۆ خەبات گوتی:بەڵێ دەتوانێ بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو كەسەی كە سیمینارەكە پێشكەش دەكات تاوەكو چەند ڕۆڵی لەو بوارەدا هەبووە، بۆ بابەتی سوشیال میدیایش بێ گومان ئێمەش ڕاهێنانمان پێ دەكرێت هەموو ڕۆژێك بە چ شێوەیەك بەكاری بێنین بە چ شێوەیەك كەڵكمان هەیە بۆ كۆمەڵگە بە چ شێوەیەك بتوانین كەڵك لە سۆشیال میدیا وەربگرین.









