بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/11/2023، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت: چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس نەخۆشخانەکان بۆ کاری تیرۆریستی بەکاردەهێنن”، بۆیە لە بەشێکی دیاریکراوی نەخۆشخانەی شیفا ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە و تا رزگارکردنی بارمتەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
لەلایەن خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس، رایگەیاندووە، سەربازانی ئیسرائیل بە تانکەوە چوونەتە ناو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شیفا و تەواوی بەرپرسیارێتییەکانیش لە ئەستۆی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکایە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین نیگەرانی خۆی رایگەیاندووە و ئاماژەیداوە، سوپای ئیسرائیل تاوانکارییەکی دیکە دژ بە مرۆڤایەتی و تیمە پزیشکی و نەخۆشەکان ئەنجامدەدات.
لای خۆیەوە نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە، رایگەیاند: هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەی شیفا تاوانی جەنگە.