ئەمڕۆ سێشەممە 14/11/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بەشێکی فێستیڤاڵەکەی بەسەرکردەوە کە تابلۆ و کارە دەستییەکانی قوتابیانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری تیادا نمایشکراوە.
سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر، مایەی گرنگی پێدانە بە کار و پڕۆژەی قوتابیان لە بواری هونەرییدا.
فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەرسێ بەشی شێوەکار، شانۆ و میوزیک جگە لە نیشاندانی کاری قوتابیان، چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.
پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، لە ساڵی 1992 لەلایەن چەند مامۆستایەکی هونەرەکانی شانۆ، شێوەکاری و موزیک، دامەزراوە، ئێستا تەمەنی پەیمانگاکە 31 ساڵی تێپەڕاندووە، لەو ساڵانە فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوەبردووە. ئەمساڵ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر دەیەوێت بە فۆڕم و شێوازێکی جیاواز، دەست بە چالاکی و فێستیڤاڵە هونەرییەکانی خۆی بکاتەوە.











