ڕوکار شێخ تەها
لە بیرم دێ سولەیمانی کە دار و موڵکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم، نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
شێخ ڕەزای تاڵەبانی
لە یادی دامەزراندنی ئەم شارە جوانەی کوردستان، کە لانکەی شۆڕش و خەبات و قوربانییە،شارێک کە تێنوێتیت لێ ناشکێت، شارێک هەر جێگایەکی مەنزڵێکە و یادگارێکی شۆڕەسوارێکی تێدایە، شارێک کە بەگژداچوونەوەی کردووە بە نەریت و هەمیشە پێشەنگ بۆ هەموو شتێکی جوان، ئەمەوێت لێرە ڕۆڵی هەندێ ژنی فیداکاری ئەم شارە باس بکەم، هەر چەندە زۆری تری هەیە، بەڵام ئەم ئافرەتانە ڕێچکە شکێن بوون بۆ ئافرەتان.
یەکەم: حەبسەخانی نەقیب کە ڕۆڵ و کاریگەریی و ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر بڕیاربەدەستانی شار هەبوو و پێشەنگ لە پێگەیاندنی ئافرەتان و پاڵپشتی کردنیان. جگە لەوەی یەکەم ئافرەتی کورد بوو، کە نامەی بۆ (عسبەتولئومەم- عصبة الامم- نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێستا) کاتی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید نارد، باسی زوڵم و ستەمی کردووە، کە لە کورد کراوە، داوای کردووە کوردیش وەکو نەتەوەکانی تر ئازاد و سەربەست بن.
دووەم: ناهیدی شێخ سەلام کە یەکەمین ئافرەتی کورد بووە، بگاتە پۆستی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بۆ ئەو ڕۆژگارە زۆر ئاستەم بووە، ئافرەتان لە کایەی ژیاندا دەربکەون، نەک بگەنە ئاستێکی باڵا و لە حزبێکدا بڕیار بەدەست بن.
سلێمانی هەمیشە لانکەی شۆڕشەکانی کوردستان بووە. لەساڵی 1943 لەکاتی ڕاگواستنی بارزانیەکان بۆ سلێمانی، دەرگا و ماڵی ئەم شارە بەڕووی خێزانە بارزانیەکاندا کرایەوە، هەروەها لە 9 حوزەیرانی ساڵی 1963 لە حامیەکەی سلێمانی زیاتر لە 150 کەس شەهید بوو، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوون بێڕێزی بە سومبولی شۆڕشی نەتەوەی کورد بارزانی بکەن، ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی ئەم شارە هەڵدەینەوە پڕە لە جوامێری و ئازایەتی و سەخاوەت و کوڵنەدان.
ناکرێت لە وتارێکی کورتدا، هەموو مێژووی ئەم شارە بەچەند دێڕێک بنووسرێتەوە.
سلێمانی شارێک هەردەم لەبیری کوردایەتی و جوانی و پێشەنگ لە وێژە و فەرهەنگ و هونەر، كە لە لای هەمووان ڕوونە سلێمانی لانکەی شاعیران و نوسەرانی کوردە، لەم ڕووەوە لە پێشەوەی مەیدانەکەیە.
پیرۆزبێت یادی 239 ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان.