ئەمڕۆ چوارشەممە 1/11/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کاتی بونکا باڵوێزی نوێی کەنەدا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و هەموو پشتیوانییەکی دەربڕی لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە باڵوێزی کەنەدا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کولتووری دەربڕی.

گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و گرنگیی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کەنەدا لەم بوارەدا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.