نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی ڕابردوو (مانگی 10)، كەمترینی 11 هەزار و 500 دینارە و زۆرترینی نزیک بە 14 هەزار دینارە. بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.

ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر  ڕایگەیاند: “نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا كەمترینی 11 هەزار و 500 دینارە و زۆرترینیشی 13 هەزار و 750 دینارە، بەراورد بە مانگی 10 نرخەكە هەندێک كەمتر بووەتەوە.”

بۆ مانگی 9ی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا، كەمترینی 12 هەزار و 500 دینار و زۆرترینیشی 14 هەزار دینار بوو.

نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 8ی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا كەمترینی 15 هەزار دینار و زۆرترینیشی 18 هەزار دینار بوو.

قارەمان مەولوود ئاشكراشی كرد، بۆ مانگی ڕابردوو مۆلیدە ئەهلییەكان بەتێكڕا 300 كاتژمێر كارەبایان داوە و نرخی گازیش لیتری 550 دینار بووە.

سەبارەت بەوەی بۆچی مانگانە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە لە هەولێر نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیده زیاترە، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر گوتی: “بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، كارەبای نیشتمانی کەمتر دەدرێ، بۆیە مۆلیدە ئەهلییەكان کارەبای زیاتر دەدەن و نرخی ئەمپێرەكەیش زیاتر دەبێت.”