خەبات- شلێر كۆیی:
دانیشتووانی گوندی سماقە لە دەشتی کۆیە، لەسەر ئەركی خۆیان و بە هەرەوەزیی بەنداوێك بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و لافاو دروست دەكەن، كە 14 مەتر بەرزە و بە دیواری كۆنكرێتی بنیاد دەنرێت. هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندەكەش دەڵێت: سوودی زۆر لە بەنداوەكە دەبینین بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و كاریگەریی لەسەر زێدەكردنی ئاوی ژێر زەوییش دەبێت. ئەو هاووڵاتییە بۆ خەبات گوتی: لە وەرزی هاویندا تووشی قەیرانی ئاو دەبین، ئەم بەنداوە بۆ ئاودانی مەڕ و ماڵاتەكانمان بەكاردەهێنین.
بەهۆی كەمبوونەوەی ئاو و وشكبوونی جۆگەلە و رووبارەكان لە وەرزی هاویندا، بەشێك لە گوندەكانی دەشتی كۆیە، ساڵانە لە وەرزی هاویندا ڕووبەڕووی قەیرانی كەمئاویی دەبنەوە، بۆ چارەسەری ئەم قەیرانەیش دانیشتووانی گوندی سماقە بە پیر و گەنجەوە، خۆبەخشانە هەستاون بە دروستكردنی ئەم بەنداوە، ئەگەرچی بەنداوەكە بە شێوەیەكی ئەندازەیی و زانستییانە دروست نەكراوە، بەڵام بە قسەی دانیشتووانی گوندەكە، وەك پێویست سوودی لێ دەبینین، ئەوان باس لەوەش دەكەن كە سوودی بەنداوەكە تەنیا ئاودانی مەڕو ماڵاتەكانیان نییە، بەڵكو گلدانەوەی ئەم ئاوە لە بەنداوێكی وادا سوودی بۆ ئەو باڵندە و ئاژەڵە كێویانەیش دەبێت و بەشێك دەبێت لە هاوسەنگیی راگرتنی ژینگە و پاراستنی گیانلەبەرانی كێوی لە تینوویەتی هاویندا.

حاجی عەبدولسەمەد حەمەد هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی سماقەیە و سەرپەرشتیاری پرۆژەكەیە، بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: لەمێژە حەزمان دەكرد بەنداوێك بۆ گوندەكەمان دروست بكەین، ئەم شوێنەیش بۆ دروستكردنی بەنداو شوێنێكی گونجاوە، بەڵام كێشەی ڕێگای هەبوو، سەرەتا ڕێگامان بۆ هێنا پاشان دەستمانكرد بە دروستكردنی بەنداوەكە، كە هێشتا كارەكان زۆری ماوە، بەڵام هیوادارین بتوانین لێی سەركەوتووبین.
عەبدولسەمەد حەمەد گوتیشی: تا ئێستا نزیكەی 20 ملیۆن دینارمان خەرج كردووە، كە هەموو پارەی خێرخوازان و سنوورەكەیە، كەسیش هاوكارمان نەبووە جگە لەوەی دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی كارەكانمان وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریاری داوە بڕێك گازمان بداتێ و زۆر سوپاسی دەكەین.
ئەو دەشڵێت: بەنداوەكە هەر بۆ ئاودانی مەڕو ماڵاتەكانمان نییە، چونكە گلدانەوەی ئەم ئاوەی باران و ئەوەی لە رووبار و لافاوەكان دەڕژێتەوە ئێرە و لە بەنداوێكی وادا كۆدەكرێتەوە، سوودی زۆر بە باڵندە و ئاژەڵە كێویەكانیش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ژینگەی ناوچەكە بەگشتی پارێزراو بێت و باڵندە و گیانلەبەرانی كێوی لە تینوویەتی هاویندا ئاوی لێ بخۆنەوە.

برایم عەبدوڵڵا هاووڵاتیەكی دیكەی گوندی سماقەیە و دەڵێت: خەڵكی سنوورەكە لەخۆیانەوە هاوكارن، ئێمە بە كەس ناڵێین پارە بدەن، هەركەس توانای هەبووبێت پارەی داوە و هەركەسێكیش شتێكی لە دەستهاتبێت درێخییان نەكردووە. گوتیشی: ئەو بەنداوە، چونكە بە شێوەیەكی ئەندازەیی و زانستییانە دروست نەكراوە، پاڵپشتێكی باشیش دەبێت بۆ بیرە ئاوەكان، چونكە دەرفەتی ئەوەی تیایە كە ئاوی ژێر زەوییش زیاد بكات و گوندەكانی دەوروبەریش سوودی لێ وەربگرن.
برایم عەزیز گوتی: پێشتر حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ویستییان بەنداوەكە دروستبكەن، بەڵام بە هۆی چەند كێشەیەك نەكرا، ئیستا كە كێشەكە چارەسەر بووە ئێمە خۆبەخشانە دەستمان بەو كارە كردووە. دەشڵێت: ئەگەر گرفتی پارەمان نەبێت دەتوانین ئەمساڵ تەواوی بكەین، ئەگەرنا تا ساڵێكی دیكە تەواو نابێت.