پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بە پێوەری جیهانی بەرهەم دێنن و لە ڕێگەی پرۆژە جیاجیاکانەوە دەگەیەنرێتە ماڵان.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “توانای بەرهەمهێنانی پرۆژە و بیرەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوە؛ ئەوەش لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر دەگۆڕێت. ئەو ئاوەی بەرهەم دێت لە بیرەکان و پرۆژەکان و کانییەکان هەر هەمووی دوای پشکنین و دڵنیابووەنەوە، بە گوێرەی ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ستانداردی عێراقی بۆ ئاوی خواردنەوە بەکار دێت.”
ئاری ئەحمەد دەشڵێت: ”پرسی پاککردنەوەی ئاو پرسێکی فیزیایی و کیمیاییە، زیاتر لە 10 پشکنینی کیمیایی و چوار پشکنینی فیزیایی و سێ پشکنینی بایۆلۆجی بۆ دەکرێت. تێچووی ئەم پرۆسەیە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینارە.”
هیوا عەبدولرەزاق، سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ ڕایگەیاند: ”سەبارەت بە پاککردنەوەی ئاو لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ کە سەرچاوەکەی زێی گەورەیە، بە پێنج قۆناغ ئاوەکە پاک دەکرێتەوە. لە ڕووبارەکە وەردەگیرێت و بە چەند پەمپێکی گەورە ئاوەکان دەهێنرێنە ناو پرۆژەکە و لەوێوە بە پێنج پرۆسە کاری لەسەر دەکرێت، تا بۆ هاووڵاتییان دەنێردرێت.”
سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ هیچ کێشەیەک نییە و ئەو ئاوەی کە پاکیش دەکرێتەوە، بە گوێرەی ستانداردی جیهانییە.”
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023 لە جیهاندا نزیکەی دوو ملیار کەس کێشەی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەیان هەیە، ئەم دیاردەیەش لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و وشکەساڵی زیاتر بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاو و گەیاندنی ئاوی پاک بە هاووڵاتییان، سیاسەتی گەشەپێدانی پرۆژە ئاوییەکانی لەسەر بنەمای زانستی گرتووەتە بەر.