سهرهتا وتار هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی زانست بۆ دۆخی جارانی
د. نەسرەت خۆشناو
بڕوانامە بوو بە زبر، قوتابیانی زانکۆی ئێستا دەڵێن ئەوە مامۆستام بیت، من چ متمانە بە بڕوانامەکەم بکەم !!
زۆری و بۆری لە ژمارەی مامۆستایانی زانکۆ بەم کوالێتیە زەرەری زیاترە لە قازانج !
نە قوتابی پڕ زانست دەبێ و نە مامۆستایانیش مافیان بە تەواوەتی دەستەبەر دەکرێت !
بەو پێیەی مامۆستایانی زانکۆ ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە بنیاتنانی داهاتوو و پەروەردەکردنی نەوەکانی لەسەر بنەمای بناغە زانستییەکان، وە بەو پێیەی پیشەی مامۆستای زانکۆ پیشەیەکی زۆر بەناوبانگە بەهۆی ئەو پێگە کۆمەڵایەتییەو ئەو بەرپرسیارێتییەی کە بەدەستی دەهێنێت، جا پەیوەندی بە ئەرکە ئەکادیمییەکانییەوە هەبێت، یان پەیوەندییەکەی لەگەڵ قوتابیان، یان بەشداریکردنی لە گەشەپێدانی نیشتمانیدا، بۆیە دەبێت گرنگی بە مامۆستایانی زانکۆ بدرێت چونکە زۆرینەی وڵاتان خەریکی پێشخستنی زانست و مامۆستاکانیانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان!
بۆیە پێویستە مامۆستایان مافەکانیان بە تەواوەتی بۆ دەستەبەر بکرێت لەوانەش:
مافە کۆمەڵایەتییەکان لە دابینکردنی خانووبەرەی شایستە و مووچەیەک لەگەڵ پیشەکەیدا بگونجێت، هەروەها دابینکردنی هەموو ئامراز و ئاسانکارییەکی زانستی و پراکتیکییەکانی پەیوەست بە وانەوتنەوە یان توێژینەوە.
ئەم مافانە دەبێتە هۆی ئەوەی مامۆستای زانکۆ بتوانێت ئەرکە ئەکادیمی و توێژینەوەکانی و ئەرکەکانی بەرامبەر بە قوتابیانی زانکۆ و توێژەران جێبەجێ بکات و ژیانێکی کۆمەڵایەتی کە لەگەڵ پێگەی مامۆستای زانکۆدا بگونجێت دەستەبەر بکات و بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە باشترکردنی دامەزراوەکەی و زانکۆ و وڵاتەکەی و بگاتە ڕیزبەندی وڵاتە شارستانییەکان.
لەبەرامبەر هەموو ئەمانەش:
– مامۆستای زانکۆ دەبێت نموونەیی بێت بۆ قوتابیان لەڕووی زانستی و ئەخلاقی و لێهاتوویی و دەستپاکی و لێبوردەییەوە.
– ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەکردنی نەوەکانی لەسەر بناغەو بنەماکانی ئەخلاقی پیشەی زانکۆ.
ڕاپەڕاندنی ئەرکی وانەوتنەوە بەگوێرەی پێوەرە ئەدەبی و زانستییەکان.
– دادپەروەر بێت لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ قوتابیان.
– لێبوردەو خۆپارێز بێت لە هەموو جۆرە جیاکارییەک.
– مافی پاراستن لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی زارەکی و جەستەیی.