خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەکار پەرێز شوان خەڵکی شارەدێی خەلیفانە، شێوەکارێکی خۆڕسک دەستی پێکردووە دواتر ھەوڵیداوە بەرەو ئەکادیمیای ھونەرەجوانەکان بچێت تا زیاتر پەرە بە بەھرەکەی بدات، ھەر لە منداڵییەوە ھونەر بەشێک بووە لە خولیای تا ببێت بە شێوەکارێکی سەرکەوتوو، پەرێز شوان لە دیدارێکی بۆ (خەبات) وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.
*ھونەر لای تۆ واتای چییە؟
ھونەر مەیدانێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیری، دەرخەری بیر و ئەندێشەی مرۆڤ و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەیە، ئەرکی ھونەرمەندیش ئەوەیە لە ڕێگای کارەکانیانەوە پەیامی کۆمەڵگە بگەیەنن.
*چۆن بواری هونەرت ھەڵبژارد؟
ھەمیشە پێموابووە ھونەر بەشێک بووە لە من ، من خۆم بە کچی ھونەر دەزانم، ھونەر منی ھەڵبژارد منیش کردم بە هەموو ژیانم، من خۆمم لەم بوارەدا بینیەوە و بە تایبەت ھونەری وێنەکێشان پێموایە لە دونیایەکی ڕەش و پڕ ماتەمینی ھێشتا ھونەر ھیوایەکە بۆ ڕەنگکردن و ھیوا بەخشین.
*بەشداری هیچ چالاکییەکی تایبەتت بەو بوارە کردووە؟
بەڵێ بەشداریم لە زۆر چالاکییەکان کردووە کە تایبەتن بە بواری وێنەکێشان لەچالاکی و فیستیڤاڵی کۆلێژی ھونەرە جوانەکان و ڕێکخراوی ڕەنجی ھونەری و چەند چالاکییەکی دیکە بەشداریم کردووە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئامادەم بەشداری چالاکی زیاتریش بکەم لە داھاتوودا بۆ ئەوەی بتوانین ھەموومان بە یەکەوە ھونەر ڕازاوەتر و جوانتر بکەین و نیشانی خەڵکی بدەین.
*هیچ پێشەنگەیەکی هونەری وێنە کێشانت لە خەلیفان کردۆتەوە؟
تا ئێستا پێشانگەی تایبەتم لە خەلیفان نەکردۆتەوە، بەڵام لە سۆران کردومەتەوە بە گشتی و بە نیازم انشاء الله لە خەلیفانیش بیکەمەوە تا ھیچ نەبێت خزمەتێکی بچووکیش بە خەلیفان بکەم.
*پەیامی تۆ بۆ گەنجان بەگشتی و کچان بەتایبەت چییە؟
ھونەر ناسنامەی نەتەوەییمانە بۆیە ئەبێت ئێمە گەنجە بەھرەمەندەکان زیاتر ھان بدەین تا بتوانن توانای خۆیان دەربخەن بەتایبەت کچان کە بەداخەوە ڕێگریەکی زۆر ھەیە لەبەردەمیان تا بتوانن توانایان دەرخەن.
*کەس ھەیە کاریگەری ھەبێت بۆ بەرەو پێش چوونت لەکارەکان؟
ھۆکارێک بۆ بەرەو پێش چوون و ھێزی من مامۆستا ڕەنجە، ھەم ھاوڕێ ھەم برا ھەم باوک بووە بۆمن، کەسێکی زۆر دەگمەنە، پێموایە ھەموو کەسێک پێویستی بە کەسێکی وا ھەیە، مامۆستا ڕەنج نەک تەنھا پشتگیری من بەڵکو پشتگیری ھەموو کەسێکە کە لەناو ھونەر و دەرەوەی ھونەریشە، دڵخۆشم کە دەیبینم یارمەتی ھەمووان دەدات بە تایبەت ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی درێژ خایەنیان ھەیە ھۆکارێکە بۆ دڵخۆشی ئەوان .
*چی بکرێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی هونەر؟
تا ئێستا داواکاری زۆر ھەبووە و ھیچی نەچۆتە بواری جێ بە جێ کردن بەداخەوە کە تا ئێستا ھونەرمەند گرنگییەکی نییەو لێرەوە ئیشەکانی بایەخ پێ نەدراوە کە ئەمە ھۆکاری زۆری ھەیە لەبارەی کەسانی خاوەن بەھرە و بێ بەھرە، بەداخەوە کە ئەڵێم تا ئێستاش قوتابی لەسەر بنەمای بەھرە وەرناگیرێت لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئەمەش ئەبێتە ھۆی ئەوەی کە زۆرینەی قوتابیان تەنھا بۆ وەرگرتنی بڕوانامە ھاتبن و بەمەش دروستکردنی نەوەیەکی زیرەک لە کار ئەکەوێت، لەهونەریش پێویستمان بەچاکسازی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ھونەر بەرەو باشتربوون ببەین و نەبوونی گرنگی وانەی ھونەر لە قوتابخانەکان بایەخی پێبدرێت، چونکی وانەی سەرچاوەی وزەیە بۆ خوێندکاران تا ئێستا زۆربەی قوتابخانەکان مامۆستای ھونەرییان نییە کە ئەمەش کێشەیە لە سیستەمی پەروەردە و ھونەر بە ھیوام ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.