ساڵەح بەرزنجی
سەرۆک مەسعود بارزانی فەرمووی؛ ئەو دەمەی لەناو شاخەكاندا بووین، بە ئاسانی دوژمنمان دەشكاند و بگرە دوژمن سڵی لێمان دەکردەوە. لە کاتێکدا تەنها چەكی زۆر ئاساییمان هەبوو، چ جای ئەوەی کە ئێستا لەناو شارداین. کە بێگومان دوژمن بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت بەرەنگاری ئێمە ببێتەوە کە خاوەن چەكین.
ئێمەی كورد بڕیاری مافی چارەنووسی خۆمان بە ڕیفراندۆم، دیاری کرد. بەڵام سەد مخابن دوای ڕیفراندۆم کەسانێک لە لایەنێک خیانەتیان كرد و دەستی دوژمنیان ڕاكێشا بۆ ناو كوردستان، بەنیازی داگیركردن و ڕووخاندنی هەموو شتێکی هەرێم. بەڵام لە داستانێكی بێوێنەدا لوتی دوژمن شكا و گەڕێنرانەوە بۆ دواوە، ڕووی دوژمن و خیانەتكار ڕەش بوو.
سەرۆک بارزانی بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکان بە شێوازی حەکیمانە لە هەوڵی چارەسەرکردندایە. لەم پێناوەدا هەمیشە ئامادە بووە لە پێناوی میللەتدا گفتوگوی بنیاتنەرانە ئەنجام بدات. بەڵام بەداخەوە زۆرینەی جار بێ سوودبووە، ئەویش ڕەنگە بەهۆی ئەوانەوە بووبێت کە نازانرێ ئایا لە دڵسۆزییاندایە یان لە نەزانینیاندایە یان لە خیانەتکاریاندایە، گوێ لە وتە حەکیمەکانی سەرۆک بارزانی ناگرن و نایەن لەگەڵ سەرۆک بارزانی ڕێک بکەون، بۆ ئەوەی یەکڕێزیی ماڵی کورد نیشانی هەموو دونیا بدەن، کە بەمە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو لایەنە دەرەکییەکان دادەنرێ، ئەگەر نێوماڵی کورد یەک بخرێ، ئەوا ئەو لایەنانەی کە ناحەزن بە مەسەلەی کورد هەمیشە لە یەکگرتوویی کورد سڵیان کردووەتەوەو هەڵوێستەیان کردووە و نەیانتوانیوە لە ئاست یەکگرتوویی کورد پلانەکانیان جێبەجێ بکەن، هەمانکات ئەو لایەنانەی کە دۆستی مەسەلەی کوردن، ئیتر دەزانن چۆن هاوکارییەکانیان بگەیەنن بە کورد و پشتگیریی لە دۆزی ڕەوای کورد بکەن، بۆیە وا باشترە لەم کاتە هەستیارەدا بیر لە یەکگرتوویی بکرێتەوە وەک بنەماى چارەسەری بنەڕەتی و سەلماندنی ئەوەی کە کورد دەیەوێ بە مافی ڕەوای خۆی بگات.
هاوئاهەنگبوون و یەکگرتووییمان ئەرکێکی ڕەوای سەر شانمانە، کە بەرانبەر گەلی کورد و کوردستانییەکانی ناو نیشتیمانی کوردستان ئەنجامی بدەین، پێویستە وەک چۆن هەموومان لەژێر سایە و سێبەری ئاڵای شەکاوەی کوردستانداین، هەمان شێوە لە پێناوی یەکگرتوویی و نیشاندانی نیازپاکیی گەلی کورد هەر هەموومان بچینە ژێر سایەی سەرکردەی ڕاستەقینەی خۆمان سەرۆک بارزانی، کە بێگومان ئێستا کەسایەتیی ئەو تاکە کاریزمای کاریگەرە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و لە هەموو لایەکی دونیاوە دۆزی کورد بە کەسایەتیی ئەوەوە پەیوەستە.