خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
لە دیمانەیەكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕامی نوری عودیش قایمقامی قەزای عەنكاوە گوتی: دیارە لە ساڵی 1956 عەنكاوە وەك ناحیە ناسێنراوە واتا وەك شارەدێ سنووری ئەو شارەدێیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە فراوانبوون كرد و جوگرافیای شارەدێیەكە ڕووبەرەكەی فراوانتر بوو تا نزیك كەورگۆسكی سەر بەقەزای خەبات و بەلای ڕیگای پیرمام تانزیك گوندی ئۆخسەر سەر بە عەنكاوە بوو، بەڵام دوای دروستكردنی یەكەی كارگێڕی نوێ، سنووری عەنكاوە بەرتەسك بۆوە بۆ سنووری ئێستا و لە ڕۆژی 4 ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021 دوای ئەوەی كە ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شارەدێی عەنكاوەی كرد و بە سوپاسەوە بەڕێزیان عەنكاوەی بە قەزا راگەیاند و هەر لە هەمان ڕۆژیش لە سەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستكرا بە ڕێكارە كارگێڕی و یاساییەكان لە ناحیەوە بۆ قەزا و ڕێككارە لە 15/2/2022 عەنكاوە وەك قەزا دەستبەكاربوو.
ژمارەیەك پڕۆژە لە قەزای عەنكاوە جێبەجێكراون
دواتر دەربارەی وردەكاری زیاتری قەزای عەنكاوە قایمقامی قەزای عەنكاوە ڕوونیكردەوە: دوای بوونی عەنكاوە بە قەزا سنووری قەزاكە بەرتەسك بۆوە و هیچ ناحیەك لە سەر ئێمە نییە واتا سەر بە قەزاكە نییە و ژمارەیەك پڕۆژە لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون و لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2022 پڕۆژەكان دەستیان پێكراوە و ڕێژەی كاركردن لەو پڕۆژانە گەیشتۆتە لە 85%و ئەو لە15%ـەیەی كە ماوە لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانراوە تەواو بكرێت ئەگەر قەیرانی دارایی نەبووایەپڕۆژانە تەواو دەكران چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری بریتییە لە قیرتاوكردن و ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا بۆ گەڕەكی 128 بە گوژمەی نزیك شەش ملیار دینار دەستكراوە بەجێبەجێكردنی قۆناغێكی پڕۆژەكە و لەبەر قەیرانی دارایی كارەكان وەستاون هەر كاتێك كە باری دارایی ئاسایی بوەوە دووبارە دەستدەكرێتەوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و پڕۆژەیەكی دیكە بۆ قەزاكە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و راگەیاندن و دروستكردنی 700 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ توێژی گەنجان و لاوانی عەنكاوە و لەلایەن لایەنەپەیوەندیدارەكانیشەوە دەستنیشانی زەویەكە بۆ ئەوپڕۆژەیە دەستنیشانكرا بە هاوكاری و هەماهەنگی دەستەی وەبەرهێنانیشەوە هەنگاوی باشمان بڕیوە و رەزامەندیش لە سەر پڕۆژەكە هاتووە تەنها ئەوەی كە ماوە واژۆكردنی گرێبەستەكە و دەستپێبكرێت بەدانانی مەرجەكانی دابەشكردن جگە لەوەیش لە ساڵی 2021ەوە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیارێكی دەركردووە بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای عەنكاوە كەوا زەوی و زار و موڵك لە عەنكاوە نەفرۆشرێت بۆ دەرەوەی پێكهاتەی كریستیانەكان ئەوەی كە جێی ئاماژەپێكردنە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار نەماممان لە عەنكاوە چاندووە و خەریكین عەنكاوە زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت و ئەوەی كە ببووە بەربەست قەیرانی داراییە ئەگەر هاتوو توانای دارایی حكومەت باش بوو ئەوا ئێمە دەتوانین پڕۆژەی زیاتر بۆ عەنكاوە داوا بكەین ئەوەی كە لە هەمووی گرنگترە هەبوونی هەموو جۆرە ئایین و ئایینزایەك و هەموو جۆرە نەتەوە لە عەنكاوە هەیە و هەر لە دێر زەمانەوە پێكەوە ژیاون بە خۆشی و بە بەختەوەری و هیچ كاتێك كێشەمان لەگەڵ یەكتر نەبووە، دیارە ئەو تەبایی و برایەتییە هەمیشە لە عەنكاوە بەردەوامی هەیە لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە هەمووی گرنگترپاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەتایبەتی خودی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر جەخت لە سەر بەردەوام بوون و پتەوكردنی ئەو پێكەوە ژیانە دەدات دیارە ئەو پێكەوە ژیانە هەر لە دێر زەمانەوە بوونی هەیە هەر لە قۆناغی خەباتی شاخ و ڕاپەرین و دوای ڕاپەڕین هەموو ئەوانە یەكێكە لە بنەما سەرەكیەكان و پارێزراوبوون و پێكەوە ژیان و سەلامەتی هەموو پێكهاتەكان لە عەنكاوە.
عەنكاوە لە ژمارەیەك گەڕەك و پێنج شاری نیشتەجێی پێكهاتووە
دواتر دەربارەی ژمارەی دانیشتووان و ژمارەی گەڕەكەكانی عەنكاوە ڕامی نوری ڕوونیكردەوە: سنووری قەزاكە فراوانە و ژمارەی دانیشتووانەكەی بریتییە لە 79 هەزار و 131 كەس و ژمارەی گەڕەكەكانی عەنكاوە بریتییە لە9 گەڕەك و گەڕەكە نوێیەكانیش بریتین لە شەش گەڕەك و هەموو بە ژمارە ناسراون وەك 128 و 147 و 133 و 189و407 و 108 بۆ پێشكەوتنی قەزاكە ئەو تەبایی و پێكەوە ژیانەیش بۆحكوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە هەمیشە پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم و ژمارەی گوندەكانیشی بریتین لە (هەرشەم یەك و پانك و نۆبڵ و بیابان) و هەمیشە دەرگامان بەڕووی هاووڵاتیانی سنووری قەزاكەدا لە سەر پشتە و هەوڵی كارامانداوە بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین لە دامو دەزگاكانی عەنكاوە و ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكەین و هەرگیز نەمانهێشتووە كەس لە سنووری قەزای عەنكاوە سەرپێچی بكات و هەمیشە هەوڵی ڕێگریی لە سەرپێچیكردن بكەین و هەوڵ هەبوو بۆ دروستكردنی سەرپێچی تازە و چەندین سەرپێچی تازەمان ڕووخاندووە و تێكمانداوە.
گوتیشی: كێشەی سەرەكیمان ڕێگای مارعۆدایە ئەوەی كە پێیدەگوترێت ڕێی گەزنە و هەرگیز ناهێڵین كەس سەرپێچی بكات لەجیاتی ئەوەی كە سەرپێچی دەكات دەتوانێ كار بۆ دار چاندن و جوانكاری عەنكاوە بكات و پابەندی ڕێنماییەكان بن و چەندین دەرخستەمان بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری عەنكاوە ئامادەیە و هەركاتێك كە قەیرانی دارایی نەما جێبەجێیان دەكەین.