شێخ تاهیر شووشی
خوالێخۆشبوو نەسرین محەمەد فەخری سابوونچی، كە بە (د. نەسرین فەخری) ناسراوە، لەدایكبووی ساڵی ١٩٣٧ی گەڕەكی سابوونكەرانی شاری سلێمانییە و لەو شارە و لە ئامێزی خێزانێكی رۆشنبیر و كوردپەروەردا پەروەردە بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی تەواو كردووە.
لە ساڵی ١٩٥٩ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی عەرەبی، لە كۆلیژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگرتووە.
د. نەسرین فەخری لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانی سەدەی بیست بە مەبەستی خوێندن چووەتە وڵاتی سۆڤییەت لە شاری باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بڕوانامەی دكتۆرای لەسەر (فەرمان لە هەردوو شێوەزاری كرمانجی خواروو و ژووروو) وەرگرتووە، كە لەو كاتەدا یەكەم بڕوانامەی دكتۆرا بووە لەسەر ئەو بابەتە.
د. نەسرین دوای تەواوكردنی خوێندن دەگەڕێتەوە بەغدا و لە كۆلێژەكانی ئاداب و پەروەردە و زمان خزمەتێكی زۆر دەگەیەنێتە زمان و ئەدەبی كوردی و پاشان پلەی پرۆفیسۆریشی پێ دەدرێت و چەندەها قوتابیی ماستەر و دكتۆرا لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەی بەرزیان بەدەست هێناوە.
د. نەسرین مامۆستایەكی شارەزا و بەهرەمەند بووە، زۆر دڵ ناسك و میهرەبان بووە و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەموو مامۆستا و قوتابییانی بەشی كوردی هەبووە و خۆشەویستی هەمووان بوو، هەروەها شارەزاییەكی قووڵی هەبووە لەسەر هەموو شێوەكانی زمانی كوردی، بەتایبەتی شێوەی رێزمان و قسە و بەكارهێنانی وشەكان لەناو رستەی كوردیدا و چۆنییەتیی بەكارهێنانی پیت و ئامرازەكان و دیاریكردنی ڕۆڵ و گرنگیی پێشگر و پاشگر بۆ دروستبوونی وشەی نوێ بە مانای نوێ لە زمانی كوردی.
د. نەسرین شارەزاییەكی تەواوی هەبووە لە مێژووی رەسەنی شێوەكانی رێزمانی كوردی وەك هەبوونی ئامرازەكانی نێر و مێ لە هەندێك شێوەكانی زمانی كوردی بەتایبەتی شێوازی كرمانجی و پەیوەندیی ئەو تایبەتمەندییانە بە زمانەكانی هیند و ئەورووپی، هەروەها شارەزاییەكی فراوانی هەبووە لەسەر بەكارهێنانی جۆراوجۆریی زمانی كوردی، وەك ئامرازەكانی گۆكردن و چەند ئامرازێكی تر، كە دەریخستووە زمانی كوردی زمانێكی زۆر كۆن و رەسەن و بەرفراوانە و دەوڵەمەندە بە وشە و مانای جۆراوجۆرەوە.
د. نەسرین لێكدانەوەیەكی زانستی و گونجاوی هەبووە لە گرێدانی فۆنەتیك و گراماتیكی زمانی كوردی بە هەموو شێوەكانییەوە و شرۆڤەی پوختەی پێشكەشی قوتابییان دەكرد، بەتایبەتی لە بواری ئەو دەنگ و پیتانەی وەك بزوێن و نابزوێن لە زمانی كوردی بەكاردێن، كە پیتەكانی شێوەی لاتینی بۆ نووسینی كوردی گونجاوترن لە پیتە عەرەبییەكان، بەتایبەتی پیتی (i) چونكە دەنگی بزوێنی ئەم پیتە زۆر گرنگە بۆ نووسینی زۆر لە وشەكانی زمانی كوردی.
د. نەسرین خاوەن بیروباوەڕێكی دیموكراسی و نیشتمانپەروەری و ئاشتیخواز بووە و چوونی بۆ یەكێتیی سۆڤییەت و ئاشنابوونی لەگەڵ زۆر لە قوتابی و مامۆستا و كەسانی بیانی كاریگەریی تەواوی هەبووە لەسەر بنیاتنانی كەسایەتیی دكتۆرە و بەهێزكردنی بیروباوەڕ و هەڵوێستەكانی وەك كەسایەتییەكی ئازاد و ئاشتیخواز و هەمیشە یارمەتیدەر بۆ قوتابییان و كەسانی نزیك لێیەوە.
د. نەسرین خاوەن هزر و بیری نیشتمانپەروەرانە بووە و پەیوەندییەكی پتەوی هەبووە لەگەڵ بارزانیی نەمر و رێبازەكەی و شۆڕشی كوردستان، هەمیشە رێز و سڵاوی تایبەتی بۆ جەنابی بارزانی رەوانە دەكرد و هاوكاری شۆڕش و شۆڕشگێڕان بوو.
لە ساڵی ١٩٧٨ د. نەسرین بەسەردانێكی زانستی هاتە زانكۆی مێشیگان لە ئەمریكا و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ كردم لە دالاس لە ویلایەتی تێكساس، لە كاتی قسەكردندا بە تەلەفۆن زۆر پرسیاری تەندروستی و سەلامەتیی بارزانیی نەمر و رێزدار مەسعود بارزانی كرد، بەردەوام لە خەمیان بوو، زۆر دڵگران بوو بەو باری خراپی تەندروستییەی جەنابی بارزانی، لەو كاتەدا كە هەواڵیانی دەپرسی زۆر دڵتەنگ بوو، هەستێكی تایبەتی هەبوو، دەستی بە گریانێكی بەكوڵ كرد، بۆیە لێم پرسی بۆ دەگریێی، لە وەڵامدا گوتی: (من بۆ بارزانی و رەوشی ئێوە و بۆ كوردستان و میللەتی كورد دەگریم)، هەر لە هەمان شەودا قسەكانی و ژمارەی تەلەفۆنی دكتۆرە نەسرین لە رێگای بەڕێز محەمەد سەعید دۆسكییەوە گەیەندرایە بارزانیی نەمر. بارزانیش سڵاو و رێزی بۆی هەبوو، گوتبووی چی پێویستە بۆی بكەن.
ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین زۆر مامۆستا و زانا و رۆشنبیرانی وەك دكتۆرە نەسرین فەخری هەبوون و هەن، كە بەئەمەك و دڵسۆزی و هزرێكی نیشتمانپەروەرییەوە تا دوا هەناسەی ژیانیان بەردەوام بوون لە خەبات و تێكۆشان بۆ نەتەوەی كورد لەسەر رێبازی كوردایەتی و بارزانیی نەمرەوە، هەرچەندە ئەوەندەی بزانم ئەو ئەندام و لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوو، بەڵام وەك ئافرەتێكی دڵسۆز و پەرۆشی كوردایەتی لە رێگەی رێبازی بارزانییەوە بەردەوام خزمەتی بە دۆزی رەوای كورد و نەتەوەكەی دەكرد و هاوكار و یارمەتیدەر و پشتیوانێكی لە ڕادەبەدەری شۆڕشی كورد بووە.
لەكاتێكدا كە ئێمە قوتابی بووین لە زانكۆ لە بەغدا، بەئاسانی هەستمان بەو كوردپەروەری و نیشتمانپەروەرییەی د. نەسرین فەخری و چەند مامۆستایەكی دیكە دەكرد.
رەوانی شاد بێت د. نەسرین فەخری، بەڕاستی خزمەتێكی بەرچاو و گەورەی كرد هەم لە بواری زانست و زانیاری و هەم لە بواری سیاسی و نەتەوەپەروەرییەوە.
ئێستاش كە رۆژنامەنووسی دڵسۆز و خەمخۆر زانیار سەردار قڕگەیی خەریكی ئامادەكردنی پەرتووكێكە تایبەت بە د. نەسرین فەخری، جێگەی دەستخۆشی و رێز و پێزانینە و من زۆر خۆشحاڵ بووم، بۆیە پێم باشبوو منیش وەك قوتابییەكی ساڵانی رابردووی د. نەسرین، كە ئاگاداری هزر و هەڵوێستی راستگۆیانەی بووم، پشكدارییەكم هەبێت و بە چەند دێڕێك ئەو هەڵوێستانەی لە رێگەی (رۆژنامەی خەبات)ەوە، بخەمە سەر خەرمانی بیرەوەرییە زێڕینەكانی و لە هەمان كاتیشدا سوپاسگوزاریی خۆم پێشكەشی زانیار قڕگەیی بكەم، بەو خزمەتە زۆر و زەوەندانەی، كە ئەنجامی داون و ئەنجامیان دەدات.
لە كۆتاییدا دەڵێم: دكتۆر نەسرین زۆری كرد و كەمی پێ بەخشرا.
