ئەم شانازییەی بە نەسیب هەمووکەس نابێت

355
هاکار موحەمەد زراری- ئۆسلۆ- نەرویج:
ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە و بەدەوروپشتی خۆمان بنۆڕین، زۆر شتی جیاواز و بەنرخ و پیرۆز و جێگای سەرنج و تێڕامان دەبینین کە هەندێکیان لە بواری مەزهەبی و هەندێک لە بواری کەلتووری و بەشێکیان لە بوارە جیاوازەکانی دیکەی ئەدەبی، سیاسی، فەرهەنگی، بنەماڵەیی و …هتد، پیرۆز و جێگای پەسەندی خەڵک و کۆمەڵگەن، بەڵام لە هەمانکاتیشدا زۆر شتی دیکەمان هەیە کە ڕاست پێچەوانەی پیرۆزییەکان یان بەشێکیشیان لە ناوەڕاستدا ماونەتەوە کە بە لای هیچکام لە پیرۆز یان ناپیرۆزەکاندا نەکەوتووە و خەڵک وەک شتێکی ئاسایی سەیری دەکەن و نە هیچکەس وەک پیرۆزییەک سەیری دەکات و نە کەسیش وەک شتێکی نامۆ و ناپەسەند و ناپیرۆز دژی دەوەستێتەوە!
لە ژیانی سیاسی ئێمەی کورددا زۆر شۆڕش و بەرخۆدان و بزووتنەوەی عەشرەتی و بنەماڵەیی و دواتریش سیاسی هاتوون و چوون و ئێستا بەردەوامن کە هەرکام لەم شۆڕش و بەرخۆدانە جیاوازانە بە ئەندازەی خۆیان جێگای متمانە و ڕێزی خەڵک و جەماوەر بوونە و هەن، بۆ پشتگیری ئەو ڕاستییەش دەبێ بڵێم کە هەرکات هێز و شۆڕش و بەرخۆدانێکی عەشرەتی یان سیاسی مۆدێڕن کە خەڵک لە دەوری کۆدەبێتەوە و لە پێناو ئاوات و ئامانجەکانیدا کە ئازادی کوردستانە ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن، ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەو هێزە یان شۆڕش و بەرخۆدانە لەلای خەڵک پیرۆز و جێگای متمانەی جەماوەرە و توانیویەتی سەرنجی خەڵک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و ببێتە جێگای متمانەی جەماوەر، خۆ ئەگەر بڕوانینە مێژووی پڕسەروەری گەلەکەمان ئەوە دەبینین هیچکام لە بەرخۆدانەکان بەتاڵ نەبوونە و نین لە پشتیوانیی جەماوەر، کەوایە هەرکام لە بزووتنەوە و بەرخۆدانە جەماوەرییەکان لەلای خەڵک پڕبایەخ و جێگای متمانە و ڕێزن، خەڵکیش بۆ هەرکام لەو جووڵانەوانە بە ئەندازەی خۆیان ڕێز و بەها و نرخ دادەنێت.
زۆر جار باسی ئەوە کراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی سیاسی مۆدێڕن و لە سەردەمێکدا کە ئاستی زانست و زانیاری و تێگەیشتن و پێگەیشن و خوێندەواریی خەڵک وەکو پێویست نەبوو، جنڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی تەحەدای هەموو ئەو دواکەوتوویی و بارودۆخە داسەپاوە کەلتووری و عەشرەتییە سەدان ساڵەیەی کرد و وەک مۆمێک لە تاریکاییەکی ئەنگووستەچاودا درەوشاوە و برووسکە ئاسا ئاسمانی ڕەش و تاریکی کوردستانی ڕووناک و ڕۆشن کردەوە و بووە تاکە هیوا و ئاواتی گەلێکی مافخوراو لەم دەڤەرەدا، بارزانی لەکاتێکدا بوو بە هیوای خەڵک کە خەڵک لە بێ هیواییدا دەتلیسانەوە و متمانەیان بە خۆیان و تەنانەت بە هیچ شتێک نەمابوو! بارزانی لە سەردەمێکدا بووە فریادڕەس و پشتیوانی گەلەکەی کە خەڵکی کورد سەرکز و داماو و تەسلیم بە ئیرادەی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان بووبوو!
بەڵێ لەم کات و سەردەمە نالەبار و بارودۆخەدا بارزانی وەک فریادڕەس بە فریای گەلی کورد و جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە هات و پەردەی تاریکی لە ئاسمانی کوردستان لادا و تروسکەی ڕووناکی کردە دیارییەکی پیرۆز و بەنرخ و بەها بۆ خەڵکی کوردستان.
هیچ گومان و دوودڵییەک لەوەدا نییە کە هەر لەم ڕۆژەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بناغەی ئاشتی و ئازادی و دادپەرەوەری و لەسەر دەستی جنڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، پارتیبوون بوو بە یەکێک لە پیرۆزییەکان لە ناو ژنان و پیاوانی کورد و جەماوەری کوردستان بە گشتی، بە ئەندام بوون لە پارتی و پارتیبوون بەجۆرێک لەلای خەڵک پیرۆز بوو کە جەماوەر پێیانوابوو کە مرۆڤ دەتوانێ بەبێ خواردن بژیت و درێژە بە ژیان بدات، بەڵام نابێت و ناتوانرێ بەبێ ئەندامبوون لە پارتی درێژە بە ژیانی سەربەرزانە بدات! هەربۆیە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، پارتی بوونیش بوو بە یەکێک لە پیرۆزییەکانی جەماوەری کوردستان و خەڵک پێشبڕکێی دەکرد لەسەر هەرچی زووتر بە ئەندامبوون لەم پارتە پێشڕەوەدا.
ئێستا و دوای ٧٧ ساڵ لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەچی هەر وەک یەکەم ڕۆژەکان و سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتیبوون هەر جێگای شانازی و سەربەرزیی گەل و جەماوەری کوردستانە و ناوی پارتی و بارزانی لەلای خەڵکی کوردستان هەر پیرۆز و مەزن و مەزنتر بووە و دەبێت!
زۆرکەس بە ئاواتی بوون بە ئەندامی پارتی سەریان نایەوە و مردن و بەم ئاواتەیان نەگەیشتن و زۆری دیکەش هەر بەو ئاواتەن کە ئەم شانازییە گەورە بە باڵایان ببڕێت، بەڵام ئەم شانازییە مەزنە شتێک نییە کە هەمووکەس بە باڵای ببڕێت و ئەم گەورەییە بە نەسیب هەموو کەسێک نابێت، بۆیە بەس ئەوەند ەدەڵێم کە پارتیبوون شانازییەکی ئەوەندە گەورە و پیرۆزە کە زۆرکەس بە ئاواتن پێی بگەن، بەڵام بە نەسیبی هەندێکیان نابێت!.
سەرکەوتن بۆ گەل… ئازادی بۆ کوردستان