هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ئەسكەندەر عوسمان لەكاتی كێشانی یەكێك لە تابلۆ هونەرییەكان

خەبات: هێمن ئاری:- هونەرمەندی خوالێخۆشبوو شێوەکار ئەسکەندەر عوسمان جامباز. لەساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ناوێکی دیاری هونەری شێوەکاری بوو، کەم ماڵ هەبوو تابڵۆیەکی ئەو هونەرمەندەی تێدا هەڵنەواسرابێت، بەشی زۆری تابڵۆکانی گوزارشتیان لەژیانی ساددەی کوردەواری و ژیانی ئافرەتی کورد لەلادێکاندا دەکرد. ئێستاش جوانی تابڵۆکانی ئەو هونەرمەندە لەبیر و یادەوەری نەوەکانی ئەو سەردەمدا ماون، شێوەکار هونەر ئەسکەندەر، کە دەکاتە کوڕی ئەو هونەرمەندە ئەویش دەستێکی باڵای لەهونەری شێوەکاری هەیە، لەوەڵامی چەند پرسیارێکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات سەبارەت بەژیانی باوکی کۆچکردووی و ئەو تابڵۆیانەی لەدوای خۆیدا بەحێیهێشتوون بۆمان هاتە دووان.

پێشەنگ لەهونەری شێوەکاری
سەبارەت بە ژیانی باوکی هونەر گوتی: باوکم بەیەکێک لەپێشنەنگەکانی هونەری شێوەکاری کوردی دادەنرێت لەساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. باوکم لەساڵی 1938 لەگەڕەکی سەعدوناوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، لە18 ئابی ساڵی 1994یش کۆچی دوایی کردووە.لە قوتابخانەی ئەربیل ئولای سەرەتایی دەستی بەخوێندن کردووەو لەساڵی 1961خانەی مامۆستایانی تەواوکردووەو لەساڵی 1962 لەگوندی سیساوە بووە بەمامۆستای شێوەکاری و خزمەتی بەو بوارە کردووە.

میوزیک و تابلۆ
هونەر ئەسکەندەر، سەبارەت بەحەز ئارەزووەکانی باوکی دەڵێت: باوکی کۆچکردووم جیا لەوەی دەستێکی باڵای لەهونەری شێوەکاری هەبوو، حەز و خولیایەکی ڕادە بەدەریشی بۆ هونەری میوزیک هەبوو، لەپاڵ هونەری شێوەکاری کەمانجە ژەنێکی بەتوناش بوو. دەشڵێت: باوکم هەر لەتەمەنی منداڵییەوە بەهرەی نیگارکێشی هەبووە، کەلەپووری نەتەوەیی و ژیانی ساددەی خەڵک و کوردەواری کردبوو بە هەوێنی کارەکانی و لەنێو تابڵۆکانیدا ئەو ژیانە ساددەی خەڵک لەلادێکان تێیدا دەژیان ڕەنگی دابووە، باوکم لەدوای خۆی کۆمەڵێک قوتابی شێوەکار و دوو ڕۆڵەی خۆی لەوبوارە پێگەیاندووە،من یەکێک لەو ڕۆڵانەم لەباوکمەوە حەزم بۆ هونەری شێوەکاری چوو، هەروەها ئەو قوتابیانەی پێیگەیاندوون لەو سەردەمەی ئێستا لەبواری هونەری شێوەکاری خزمەت دەکەن.

هونەری ڕاستەقینە
هەروەها هونەر ئەسکەندەر دەڵێت: هونەرمەندی دیاری شێوەکار مامۆستا محەمەد عارف لەبارەی هونەری شێوەکاری کەسکەندەر جامبازی باوکم دەڵێت: خواڵێخۆشبوو لەزمانی گەنجییەتی خۆیداو لەسەردەمی ساڵانی پەنجاکاندا هیچ کەش و هەوایەکی هونەری ڕاستەقینە لەو سەردەمدا لەهەولێر نەبوو، حگە لەئاراستەکردنی چەند مامۆستایەکی هونەر پەروەرنەبێت کە خاوەنی فەزڵن لەسەرمان. بۆ ئەوەش هونەر دەڵێت: ئەوانەی لەبواری شێوەکاری شارەزان لەهونەری شێوەکاری باوکم تێگەیشتوون کە لەو سەردەمدا چ خزمەترکی بەبواری هونەری شێوەکاری کردووە.

خەڵک و تابلۆ
هونەر ئەسکەندەر سەبارەت بە سەرنج ڕاکێشانی خەڵک بۆ تابڵۆکانی باوکی دەڵێت: ئەوەی ئێستاش دەیگێڕنەوە و خۆشم لەبیرمە، لەهەر ماڵێک یان چایخانە و شوێنە گشتییەکان لەهەر شوێن تابڵۆیەکی باوکم بەدیوار هەڵبواسرابووایە، خەڵک لە سەیرکردنی تێر نەدەبوو. دەشڵێت: هەردوو هونەرمەندی بواری شێوەکاری محەمەد عارف و سلێمان شاکر دەڵێن: لەو سەردەماندا هونەری شێوەکاری کز و لاوازبوو، هێشتا بەتەواوی لەدەست کۆپیکردن ڕزگاری نەببوو،هەر لەوەوە بایەخی تابڵۆکانی ئەسکەندەر عوسمان دەرکەوت کە چ ڕۆڵێکی هەبوو لەبەرو پێشبردنی هونەری شێوەکاری لەهەواێر و کوردستان.

ڕێبازی جیهانی و ڤان کوخ
هونەر لەبارەی تابڵۆکانی باوکی دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتی تابڵۆکان بریتیبوون لە( سروشت، کۆچ و ژیانی کوردەواری و زیانی ڕەوەندەکان ، قەڵا و منارەو شاری هەولێر و ….. هتد ) هونەر ئەسکەندەر لەبارەی ڕێبازی کارکردن و تابڵۆکانی باوکی دەڵێت: باوکم لەیەکێ لەچاوپێکەوتنەکانی لەساڵانی هەشتاکان کە لەگۆڤاری ڕەنگین لەگەڵی کراوە دەڵێت: « زۆر سوودم لە ڕێبازە جیهانییەکان وەرگرتووە، بەتایبەت (ڤان کوخ) کە لای من زۆر مەزنە و تابڵۆکانی و ڕەنگەکانی شوێنێکی تایبەتییان لەدڵمدا داگیرکردووە، ڕەنگە لەداهاتوو پێسەنگەیەک بۆ ئەو تابڵۆیانەم بکەمەوە.

دیواری قوتابخانە و نیگار
هونەر ئەسکەندەر دەڵێت: ئێستاش قوتابیەکانی باوکم کە لەژیان ماون دەگێڕنەوە ئەو کاتەی کە مامۆستایان بووە دەڵێن: دیواری قوتابخانەکەی هەموو بەنیگار و وێنە نەخشاندووە، هەروەها لەجەژنەکانی نەورۆز و بەهار وێنەی سروشت و نەورۆزی دەکرد بەسەر قوتابیان دابەشی کردووە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی لایان بەهێزبێت، لەبەردەوامی قسەکانیدا هونەر ئەسکەندەر سەبارەت بەو پێشەنگە یانەی باوکی تێیدا بەشداربووە دەڵێت: باوکم زۆر پێشەنگەی بۆ تابڵۆکانی کردۆتەوە و تابڵۆکانی نمایشکردووە، هەروەها لەسەر دار و تەخت پەیکەری هەڵکۆڵیووە،کاری نەخشاندن و وێنەی ڕوونکاری بۆ ناوەڕۆک بەرگی زۆر کتێب کردووە.

وێنەی بارزانی و رێککەوتنی ئازار
هەروەها دەگێڕنەوە ئەو تابڵۆیەی بارزانی نەمر کە لەبەیاننامە و ڕێککەوتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 لەناو شاری هەولێر بەرزکرابووەو بەئۆتومبێڵ لەناو شار دەیانسوڕاندەوە لەلایەن شێوەکار ئەسکەندەر جامباز دروستکراوە،بۆ ئەوەش هونەری کوری دەڵێت: بەڵێ ڕاستە، ئەو وێنەیەی بارزانی نەمر لەلایەن باوکم بەگەورەیی دروستکرابوو، کەلەناو شاری هەولێر بە ئۆتۆمبێل دەیانسوڕاندەوە لە بەیاننامەی 11 ئازاری ساڵی 1970. دەشڵێت: دوایی ئەو وێنەیە لەگەڵاڵە پێشکەش بە بارزانی نەمر کرد.