ههینی قادر
ئەنادۆڵ لە بنچینەدا وشەیەكی یۆنانییە بە مانای ڕۆژهەڵات دێت، یاخود ئەو لایەی ڕۆژی لێ هەڵدێت، بە چەند شێوازێك دەنووسرێت و دەگوترێت (ئەنادولو Anadolu) ئەناقۆڵیا، ئەناتۆلیا، ئەناتۆڵی، ئەنادۆڵ، (ئەنازۆڵ (الاناضول) بەزمانی عەرەبی) هەمووشیان ناوێكە بۆ بەشێك لە توركیای ئێستا كاتی خۆی یۆنانییەكان بەموستەعمەراتەكانی كەناراوی ئاسیای بچووكیان گوتووە ئەنادۆڵ، لە سەردەمی ئیمپڕاتۆری بێزەنتی تەنیا بە ناوچەكانی ڕۆژئاوا و بەشێك لە ناوەڕاستی ئاسیای بچووك (توركیای ئێستا) گوتراوە ئەنادۆڵ (anadol)، واتە خاكی كوردستانی نەگرتۆتەوە، ئەمەش بە پێی ئەو دابەشكارییە ئیدارییە بووە كە ئیمپراتۆری بێزەنتی لە دەوڵەتەكەیدا پەیڕەوی كردووە لە سەرەتای فتوحاتی عوسمانییەكان ناوی ئەنادۆڵ تەنها بە بەشی ڕۆژئاوای ئاسیای بچوك گوتراوە، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمی زایینی بە دیاری كراوی لە سەردەمی تەنزیمات (ڕێكخستنەوەی كاروباری ووڵات و دابەشكردنەوەی كارگێڕی لە دەوڵەتی عوسمانی) ئەم ناوە ئەنادۆڵ گشتگیرتر بووە و سنووری فرەوانتر بووە ، هەر وەكو لە ڕوونكردنەوەكەی وەرگێڕی كتێبەكە س. موستراس (المعجم الجغرافی للامبراطوریة العثمانیة) دا هاتووە كاتێ كە پێناسەی ئەنادۆڵ دەكات دەڵێت: ( ئەناتۆلی یان ئەنازۆڵ (الاناضول) نیمچە دوورگەیەكی لاكێشەییە سنوورەكەی لە باكوور دەریای ڕەشە، لە ڕۆژئاوا دەریای ئیجەیە، لە باشوورەوە دەریای ناوەڕاستە، لە ڕۆژهەڵات چیاكانی ئەرمینیایە، درێژییەكەی لە ڕۆژئاواوە بەرەو و ڕۆهەڵات نزیكەی 1000 كیلۆمەتر دەبێت، وە لە نێوان باكوور و باشووریشەوە ماوەكەی 450 كیلۆمەتر تاكو 650 كیلۆمەتر دەبێت، دەكەوێتە سەر هێڵی پانی36 و 43، بەمەش دەكەوێتە سەر هەمان هێل لەگەڵ ئەندەلووس و سەقلیە، لە شێوەی تەختاییەكی مەیلانە بە ئاراستەی باكووری ڕۆژئاوا بە زنجیرە چیای بەرز دەورە دراوە، هەتا بەم دواییەی سەردەمی عوسمانی لە لایەن جوگرافی ناسانی عەرەب و تورك بە ئەنادۆڵ دەگوترا وڵاتی ڕۆم (بلاد الروم).
بنچینەی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ زمانى یۆنانى لە دەوڵەتى بێزەنتى بۆ دابەشکارى یەکە کارگێریەکان بەکارهاتووە ، ئەم زاراوەیە بە كارهێنانی فرەوانتر و گشتگیرتربوو لە سەردەمى فتوحاتی دەوڵەتى عوسمانی. بەزمانی توركیش پێی دەڵێن ئەنازولو، سەرەتا ئەم ناوە تەنها بەبەشی ڕۆژئاوای توركیا دەگوترا ، لە ڕاستیدا كاتی خۆی كە ئەم ناوچانە لە لایەن تورکەوە خراونەتە سەر ئەنادۆڵ ئامانجی خۆی هەبووە ئەویش ڕەشكردنەوەی ناوی كورد و كوردستان بووە وە نەهێشتنی جوگرافیایەك بوو بە ناوی كوردستان، ئەم سیاسەتەی تورك بە ڕوونی و بە ئاشكرا لە سەردەمی مستەفا كەمال ئەتاتورك زیاتر دەركەوت و پەرەی پێدرا، چونكە لەوكاتەدا ڕۆژئاواش پشتگیری لەسیاسەتی ئەتاتورك و دەوڵەتی نوێ ی توركیا دەكرد دوای ئەوەی بەرژەوەندیەکانى رۆژئاوا لەگەڵ توركیا مسۆگەر و دەستەبەر بوو.
سەرەتا زاراوەی ئەنادۆڵ تەنها بۆ بەشی ڕۆژئاوای توركیا بەكاردەهات، بەڵام لەكاتی دووبارە دابەشكردنەوەی ویلایەتەكانى دەوڵەتى عوسمانى لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم كە بە سەردەمی تەنزیمات ناسراوە، ناوی ئەنادۆل تەنها ناوێکى جوگرافی بووە بۆ ئەم نیمچە دورگەیەى كە لەكەناراوەكانی ڕۆژئاواوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە هێڵی تەڕابزۆن و ئەرزنجان و برجق و ئەسكەندەرونە، كە ئەمڕۆ لای توركەكان ئەنادۆل جگە لەبەشی ئاسیای توركیا هەموو ئەم ناوچانەش دەگرێتەوە كە لەڕووی جوگرافیاوە سەر بە بەرزایی یەكانی نێوان هەردوو ڕووبارن واتە ناوچەكانی نێوان دجلە و فوڕات (جزیرە “دیاربەكر” ئەرمینیا “قارص”) جگە لەدورگەكانی دەریای ئیجە.
بەمجۆرە دەبینین توركەكان جوگرافیای ئەم نیمچە دورگەیان فرەوانتر كردووە و خاكی كوردستان و ئەرمەنستانیشیان خستۆتە سەر، ئەمڕۆ بەناوی ئەنادۆلی ڕۆژهەڵات ناوی دەهێنن لە بڕی ناوى كوردستان و ئەرمەنستان، كە كورد و ئەرمەن لەم ناوچەیەدا دراوسێن و بە یەكەوە مێژوویەكی كۆنی هاوبەشیان هەیە كە زۆر كۆنترە لەو مێژووە هاوبەشەى هەردوولا کە لە گەڵ تورک هەیانە.
گومانی تێدا نییە كوردستان لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی هەر بە پێی سەرچاوە مێژووییەكانی خۆیان ناوچەیەكی جیاواز و جوگرافیایەكی جیاواز بووە، هۆز و میر و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی كورد خاوەنی جۆرێك لە سەربەخۆیی بووینه لە سەر نیشتیمانى خۆیان، هەر بۆیە ناوهێنانی كورد و كوردستان لە سەردەمەكانی دەوڵەتی عوسمانی ئاسایی بووە، بگرە یەكێك لە ویلایەتەكانی (ئەیالەت) دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەیەكی دیاریكراو لەسەر خاكی كوردستان بە ناوی كوردستان بووە، هەر وەكو س.موستراس قونسوڵی رووس لە ئەزمیر لە كتێبە مێژووییەكەی دا (المعجم الجغرافی للامبراطوریة العثمانیة) باسی ڕێکخستنەوە و دابەشكردنی ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی كردووە لە سەدەی نۆزدەهەم تێیدا ئاماژە بە ویلایەتەكانی بەشی ئاسیای دەوڵەتی عوسمانی دەكات كە چۆن ویلایەتێك بە ناوی كوردستان هەبووە و ئەم لیوایانەی گرتبووە خۆ (ماردین -سعرد”سرت”- دیاربەكر) مەڵبەندنی كارگێڕی ئەم ویلایەتەش شاری دیاربەكر بووە.
هەروەها چەند سەرچاوەیەكی تریش ئاماژەیان بە ناوی كوردستان كردووە وەكو یەكەیەكی ئیداری جوگرافی سەربەخۆ كە لە دابەشكاری ئیداری دەوڵەتی عوسمانی تۆمار كراوە ههروەكو لەكتێبی (الدولة العثمانیة المجهولة) لە دانانی هەردوو نوسەر (د. احمد كوندز و د. سعید اوزتورك)دا هاتووە و جەختیان لە بوونی ویلایەتێك بە ناوی كوردستان كردۆتەوە لەسەر خاكی كوردستان، بە هەمان شێوە بگرە ڕوونتریش لەمە لە دابەشكاریەكی ئیداری دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەیەم لە كتێبێكی جوگرافیدا بە ناوی (الهیئَة البَهێة فی الكُرة اڵارضێة) كە نوسەرەكەی نەناسراوە و تێیدا ئاماژەی بەناوی كوردستان كردووە كە وەک ڕاستییەكی مێژوویی و جوگرافی تۆمار كراوە، هەموو ئەم نووسەرانە جەختیان لەوە كردووەتەوە كە خاكی كوردستان لە دەورانی عوسمانی وەكو یەكەیەكی جوگرافی سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە ئەنادۆڵ بەڵكو جیاواز بووە.
لێرەدا چەند دێرێك به زمانی عهرهبی لە ناوەڕۆكی كتێبی (الهیئَة البَهێة فی الكُرة اڵارضێة) دەخەمەڕوو كە زۆر به جوانی وەسفكردنی توركیای ئاسیاوی ڕوون كردووەتەوە دەڵێت:
تقسم تركیا اسیا الی اقسام عدیدة أكبرها اڵاناضول وتسمی أسیا الصغری وأما اڵاقسام الباقیة فهى/
– كردستان الشمالیة : وهی تشمل علی ولایات ارزروم و وان وبتلیس (بدلیس).
– كردستان الجنوبیة: وهی تشمل علی ولایات خربوط و دیاربكر و موسل (مابین النهرین) و بغداد و بصرة (وتسمی الولایات اڵاخیرة العراق العربى){
نووسەر لە دابەشكارییە ئیدارییەكەی ویلایەتەكانی بەشی ئاسیای دەوڵەتی عوسمانی لە كتێبەكەیدا درێژەی پێدەدات، بەڵام من ئەوەندەم لێ گواستۆتەوە كە پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیە (بۆ زانین).
– پەراوێزەكان:
١- والاس لیون: مذكرات والاس لیون فی العراق 1918-1942 ص 30 هامش رقم 1.
٢- س. موستراس: المعجم الجغرافی لڵامبراطوریة العثمانیة ص15.
٣- س. موستراس: نفس المصدر ص15.
٤- س. موستراس: نفس المصدر ص24.
٥- د. احمد اق كوندز و د.سعید أوزتورك: الدولة العثمانیة المجهولة ص225.
٦- مؤلف مجهول: الهیئَة البَهێة فی الكُرة اڵارضێة ص 47.
– سەرچاوەكان:
١- الاستاذ د. احمد كوندز و والاستاذ د.سعید أوزتورك: الدولة العثمانیة المجهولة، (302 سؤال و جواب توضح حقائق غائبة عن الدولة العثمانیة). وقف البحوث العثمانیة، استنبول 2008.
٢- س. موستراس: المعجم الجغرافی لڵامبراطوریة العثمانیة، ترجمة و تعلیق عصام محمد الشحادات، بیروت 2002 ط1 .
٣- والاس لیون: الكورد والعرب والبریطانیون، (مذكرات والاس لیون فی العراق 1918-1944)، مراجعة و تقدیم: د. فیلد هاوس، ترجمة: عماد جمیل مزوری، دهوك مطبعة سبیریز 2010 ط1 .
٤- مؤلف مجهول الهیئَة البَهێة فی الكُرة اڵارضێة، بیروت، المطبعة اڵامیركانیة عام 1914 .