خەبات: هێمن ئاری:- 29 ساڵ بەسەر کۆچی ڕەسوڵ بێزار گەردی، کەبەمیری حەیرانبێژان ناسراوە تێپەڕدەبێت، حەیرانبێژ ڕەسوڵ بێزار گەردی، بەیەکێک لەحەیرانبێژە دیارەکان دادەنرێت و بەهۆی شارەزایی و دانایی لەگوتنی حەیران بەمیری حەیرانبێژان لەو بوارە ناسراوەو یەکەم حەیرانبێژیش بووە حەیرانی بەمیوزیک گوتبێت. ڕەسوڵ گەردی لەساڵی 1922 لەگوندی قەڵادگە لەنزیک شاری هەولێر لەدایکبووەو لەساڵی/17/10/1994 لەتەمەنی 72 ساڵیدا لەیەکێک لەشوققەکانی ئیسکان کۆچی دوایی کردووە.

ڕەسوڵ گەردی لەشاری هەولێر چووتە قوتابخانەو هەر لەوشارە پەرەی بەئاستی ڕووناکبیری خۆی و بواری هونەری گۆرانی و مەقام و حەیرانبێژی داوە. ئەو جیا لەوەی ناوبانگێکی باشی لەبواری هونەر پەیداکردبوو، لەقۆناغی گەنجیەتیشدا وەک هەر کوردێکی دیکەی خاوەن هەڵوێست و ستەم لێکراو، دڵسۆز و نیشتمان پەروەر بووەو دڵی بۆ ڕزگارکردنی میللەتەکەی لێیداوە، بۆ ڕزگاربوون لەدەست ئەو ستەم و زۆڵمەی بەرامبەر بەمیللەتەکەی کراوە لەساڵی 1974 بەشداری لەشۆڕشی ئەیلوول دەکات و دەبێت بەپێشمەرگە و چەکی کوردایەتی لەشان دەکات.

ڕەسوڵ بێزار گەردی، لەساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، یەکەم کەس بووە حەیرانی لەدەشتی هەولێر و قەراج و کەندێناوەوە بردووە بۆ ئێزگەی کوردی بەغداو لەوێ بە دەیان و سەدان حەیرانی تۆمارکردووەو توانیوویەتی ئەو هونەرە ڕەسەنە کوردییە لە لەفەوتان ڕزگار بکات، هەر بۆیەش لەوبوارە بەفریاد ڕەسی حەیران دادەنرێت. ئەو حەیرانبێژە هەموو تایبەتمەندییەکانی حەیران و مەقامی تێدابووە، بەهۆی هەناسە درێژییەکەیەوە توانیوویەتی تەواوی سەربەند و ناو بەند و دوابەند لەگوتنی حەیران بەلێهاتووی ئەدابکات و بیڵێتەوە.

بێزار گەردی لەساڵی 1947 چووە بۆ ئێزگەی بەغداو لەبەشی کوردی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغدا هەفتانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ حەیران و مەقام و بەستە و گۆرانی گوتووە، ئەوە وایکردووە زیاتر لەوبوارە بناسرێت و ناوی زیاتر بڵاوببێتەوە، لەو ماوەیەی لەئێزگەی بەغدابووە نزیک بە (700) بەرهەمی تۆمارکردووە هەر لە حەیران و مەقام و بەستە و گۆرانی ڕەسەنی کوردییەوە بگرە تا هەڵبەست نووسین کەخۆی شارەزایی لێی هەبووە.