گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەندێک لایەنە لە سۆشیال میدیا هێرش دەکەنە سەر ئەو بەڕێوەبەرانەی لە سلێمانی دەستیان بە دەوام کردووەتەوە، بێڕێزیان پێدەکرێت و هەڕەشەیان لێدەکرێت، هێرشکاران رووبەڕووی دادگاکان دەکرێنەوە.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا یاماژە بەوەداوە: “ماوەیەکە چەندین (ئەکاونت) و (پەیج) و (گرووپ) لە سۆشیال میدیا، کەوتونەتە بێرێزیکردن و سوکایەتی و هەڕەشە لە چەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کە دەستیان بە دەوامکردن کردووەتەوە، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی دەزگای ئاسایشی کوردستانی لەو هەڕەشە و تەشهیرکردن و بێڕێزیکردنە ئاگادارکردووەتەوە و رایگەیاندوە، کە سکاڵای یاسایمان هەیە وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت رووبەڕووی دادگایان بکەینەوە، چونکە قبوڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سوکایەتیان پێبکرێت، پاش ئەوەشی دەرکەوت هەر یەک لەوانە و ئەدمینی ئەو گرووپانە پلەی مامۆستایەتیان هەبوو، ئەو پلەیان بە بڕیارێکی فەرمی لێوەردەگرینەوە”.
دەشڵێت: “ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانەش دڵنیادەکەینەوە وەزارەتی پەروەردە دەستخۆشی خەمخۆریتان لێدەکات و پاڵپشتی تەواوتان دەکات و هێرشکاران رووبەرووی دادگاکان دەکرێنەوە وەک چۆن لە ئەزموونەکانی پۆلی 12 ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێزان لە ئاسایش و پۆلیس بەرهەمی هەبوو، هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی درێژە بە کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دەدات تووشی هەڕەشە و بێرێزیکردن دەبێت لە سۆشیال میدیا دەتوانێت سکاڵا و دۆکیۆمێنتەکان بنێرێت بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی وەزارەت رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر”.