خەبات-شلێر كۆیی:
ناحیەی تەقتەقی سەربە قەزای كۆیە بەهۆی ئەوەی کەوتۆتە سەر زێی بچووک و خاکێکی لەباری هەیە بۆ بەخێوکردنی ماسی، زۆرینەی خەڵكی گوندەکان خەریکی بەخێوکرنی ماسین و ساڵانە بەرهەمێکی زۆر دەگەیەنێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی عێراق بۆیەش بە گەورەترین ناوچەی بەخێوكردنی ماسی دادەنرێت، كە %50ـی بەرهەمی ماسی هەرێم و عێراق دابین دەكات، بەڵام خەریكە ئەو سامانە گرنگە بەهۆی نەخۆشكەوتنی ماسییەكان لەناو دەچێت، لەگەل ئەوەیشدا هێشتا ماسی تەقتەق ناوبانگێكی باشی لە بازاڕەكان هەیە و خواستێكی زۆری لەسەرە، چونكە تامێكی خوازراویان هەیە و كێشیان بەپێی حەز و خواستی بەكاربەرانە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز ماسی حەوزەكانی تەقتەق ژمارەكی زۆریان تووشی نەخۆشی دەبن و دەمرن، بەهۆی ئەوەوەش نرخی ماسی هەرزان دەبێت، خاوەن حەوزەکان کیلۆی ماسی بە سێ هەزار دینار دەفرۆشن بە فرۆشیارانی ناو بازاڕ، كە بە بەراورد لەگەڵ پیش نەخۆشییەكە ئەوە نیوەی نرخی پێشووە، چونكە ترسیان لە نەخۆشكەوتنی ماسییەكان هەیە و ناچارن زووتر لە وادەی دیاریكراو بیفرۆشنەوە.
لێرەدا پرسیارێكی گرنگ دروست دەبێت و پێویستە شارەزایانی بواری پزیشكیی وەڵامی بدەنەوە، كە ئایا تووشبوونی ماسی بە نەخۆشی و فرۆشتنەوەی لە بازاڕەكان، مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكەن یان نا..؟!
خاوەن حەوزیكی ماسی: داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین هۆكاری نەخۆشكەوتنی ماسییەكان و چارەسەری بدۆزێتەوە

خەلیل سەلیم خاوەن حەوزی ماسی لە چەمی رەشید لە ناحیەی تەقتەق لەبارەی مردنی ماسییەكانی بەخەباتی راگەیاند: نزیكەی 25 هەزار ماسیم هەبوو لە سەرەتای مانگی مانگی نۆی ئەمساڵەوە ماسییەكان نەخۆش كەوتن و زۆرینەیان مردن، هەر لەناكاو زانیمان كە چەند حەوزێكمان نەخۆشكەوتوون و چەند دەرمان و چارەسەرمان بۆ بەكارهێنا هیچ سودی نەبوو، ئیمە ئەو دەرمانانە لە دوكانان دەكڕین بەبێ زانیاری پزیشكی لەوبارەیەوە، بەڵام ناچاربووین و گوتمان بەڵكو چاك ببنەوە، نزیكەی ملیۆن و نیوێكم بە دەرماندا، بەڵام لە كۆتاییدا هەر مردن.
گوتیشی: هەرچەندە هەندێك لەو حەوزانەمان فرۆشت كە نەخۆشییەكەی پێ نەگەیشتبوو، بەلام بەهۆی ئەوەی هێشتا كێشی ماسییەكان زۆر كەم بوو، زیانێكی زۆرمان بەركەوت، من خۆم نزیكەی بایی دوو سەد هەزار دۆلار زیانم بەركەوتووە.
ئەو بەخیوكەری ماسیە ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان لەو ناوچەیە سێ ماڵن، كە ماسی بەخێودەكەن و گوتی: هەرسێكمان زیانی زۆرمان بەركەوتووە و گوندەكانی دەوروبەرمان هەموو حەوزەكانیان تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و زیانی زۆریان بەركەوتووە و ساڵانە یەك وەجبە ماسی دەخەینە حەوزەكان، بەوەش ئەمساڵ ئێمە مایەپووچ بووین.
خەلیل سەلیم ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان خۆیان هەموو شتێك بۆ حەوزی ماسییەكانیان دابین دەكەن و داواناكەن حكوومەت ئالیك و پێداویستی ماسییەكان دابین بكات، ئەو دەڵێت: تەنیا داواكاریمان لەلایەنی پەیوەندیدار و حكوومەت ئەوەیە، كە ساڵانە نەخۆشی بڵاودەبێتەوە، پێویستە بزانین هۆكاری ئەو نەخۆشییە چییە و و چۆن چارەسەری بكەین، تەنیا دەرمانەكەمان بۆ دەستنیشان بكەن، هیچیترمان ناوێت، چونكە بەداخەوە تا ئێستا هیچ رێنماییەكی لەمجۆرەمان پێ نەدراوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەو ماسییەی دێتە بازاڕ چەندە گونجاوە بۆ خواردن، ئایا زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە یان نا..؟ خەلیل گوتی: ئەو ماسییانەی دێنە بازاڕ زیندوون و زیانیان نییە، من وەك خۆم ماسی مردارەوەبوو ناخەمە بازاڕ، ئەگەر كەسێك شتی وابكات خراپە، بەڵام زۆر بەكەمی ماسی نەخۆش دێتە بازاڕ، چونكە ماسییە نەخۆشەكان، كە دەمرن بۆگەن دەبن و فڕێ دەدرێن و لە رووی تەندروستییەوە باش نییە، ئەگەرچی ئێمە پێمان نەگوتراوە كە ئەگەر دەرمان بدەین بە ماسییەكان تا چەند رۆژ ناتوانی بیخۆیت، ئەوەش دەبێت شارەزایانی ئەو بوارە شیبكەنەوە. گوتیشی: بۆ نموونە كە من دەرمانێك بۆ باخی هەنجیرەكەم دەكڕم لێی نووسراوە تا 15 رۆژ نابێت بخورێت، بەڵام ئەو دەرمانەی دەدرێتە ماسی هیچی لەسەر نەنووسراوە تا بزانین زیانی تەندروستی هەیە یان نا..
دلشاد عەلی: داوا لە خاوەنی پرۆژەكان دەکەین ئەو ماسی و پەلەوەرانەی دەمرن لەسەر ڕێگە و نزیک ناو ڕووبارەکان فڕێ نەدرێت

دڵشاد عەلی لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی تەقتەق- هۆبەی سامانی ئاژەڵ و ماسی، بە رۆژنامەی خەباتی راگەیاند: چوونە نێو وەرزی پاییز و گۆڕانکاری لە کەشوهەوای ناوچەکە هۆکار بووە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکانی ماسی و ئاژەڵ و پەلەوەر بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر بەر خاوەنی حەوزی ماسییەکان بەتایبەتی و کێڵگە پەلەوەرییەکان بەگشتی کەوتووە.
گوتیشی: داوا لە خاوەنی حەوزی ماسییەکانی سنورەکە دەکەین ئەو ماسی و پەلەوەرانەی، کە دەمرن لەسەر ڕێگەو نزیک پرۆژەکانی ناو چەم و ڕووبارەکان فڕێ نەدرێت، کە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشیی و ڤایرۆسی دیكە و زیانگەیاندن بەو پرۆژانەی کە نەخۆش نەکەوتوون.
لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی تەقتەق- هۆبەی سامانی ئاژەڵ و ماسی دەشڵێت: پێویستە لەسەر هەموو لایەک کە ئەو ماسی و پەلەوەرانەی دەمرن لە شوێنێکی دوور لە پڕۆژەکان لە ژێر خۆڵ بنێرت یان بسووتێنرێت، بەمەستی زیاتر خۆپارێزی و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی و کەمکردنەوەی زەروو زیان لە پرۆژەکان.
دڵشاد عەلی لیپرسراوی هۆبەی سامانی ئاژەڵ و ماسی ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەوان جگە لە ڕێنمایی بۆ خۆپارێزیی لە نەخۆشییەکان هیچیتریان نەکردووە و ئاماژەی بەوەشدا، كە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانە بەهچ شێوەیەک کۆنترۆڵ ناکرێ، جگە لە خۆپارێزی، ئەو گوتی: نەخۆشییەکان دوو جۆرن، کە یەکێكیان ڤایرۆسە و بەهۆی هەواو بەرکەوتنەوە بڵاودەبێتەوە، ئەویتریشیان کەڕووە، کە بەهۆی پیسیی ئاو یان جۆر و کوالێتی خراپی ئالیكەکەوە، ماسییەکە تووشی گیرانی پەڕەکانی گوێی دەبێت و دەبێتە هۆی هەناسەتەنگیی و وەرنەگرتنی ئۆکسجینی تواوەی ناو ئاو.
دلشاد عەلی گوتیشی: هەر بەپێی دوایین ئاماری ساڵی 2023 نزیكەی 1000 حەوزی ماسی هەیە بەڕووبەری جیاجیا، كە بچووكترین حەوز ڕووبەرەكەی زیاتر لە دۆنمێك زەوییە و بۆ هەر دۆنمێك ساڵانە دوو تەن و نیو بۆ سێ تەن گۆشتی ماسی بەرهەمدێت.
دەشڵێت: كۆمەڵێك گرفت لەبەردەم خاوەن پرۆژەكانی ماسین، وەك گرانیی ئالیك و پێداوستییەكانی حەوز و دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەكان، بەتایبەتی (نەخۆشیی كەڕوو)، كە ساڵانە لە وەرزی پاییز و بەهار تووشی حەوزەكانیان دەبێ، بەڵام تا ئێستا وەكو پێویست چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە٠











