خەبات: پەریهان عومەر:- کەتی رەحیم خانمە دیزاینەرێکی کوردە، 21 ساڵە بەرگدووری ئافرەتان دەکات لەشاری سلێمانی. وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات بۆ هەشت ساڵە مامۆستایە لە بواری دیزاینەر و نەخشاندنی جلی کوردی، ئەو وەکو دیزاینەرێکی خۆرسک کار لەو بوارە دەکات، لە دیدارێکیدا بۆ (خەبات) باس لەکاری دیزاینەری و فێرکردن دەکات.

خواستی خەڵک
خاتوو کەرتی دیزاینەر لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کەخەڵک سەردانی دەکەن بۆ فێربوونی دیزاینەری جلی کوردی، دەڵێت:‌ دوابە دوا شەڕی داعش و ئەو دۆخە نەخوازراوانەی بەسەر خەڵک داهات خواستێکی زۆر دروست بوو بۆ جل و بەرگی کوردی،بەتایبەت بۆ فێربوونی دروومان و لە هەموو چین و توێژەکان. دەتوانم خواستێکی زۆر هەیە، خەڵکانێک هەن دێن بۆ لامان بۆ ئەوەی فێری دروومان ببن، هەندێکیان تەنها بۆ خۆیان ئەوێ و نایکەنە پیشە و هەندێکیشیان دوای تەواوبوونی خول یەکسەر دەست دەکەن بە ئیش و کاری دروومان و دیزاینەری بۆ خەڵک و دەبنە خاوەن دوکانی خۆیان، هەڵبەتە خودی خۆم لە دوای تەواو بوونی خولیش تا ساڵێک زیاتر هاوکاریان دەبم تاوەکو بە تەواوی لەسەر پێی خۆیان دەوەستن.

ئافرەت لەپیاو وردترن
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە شارەزایی لەنێوان پیاو و ئافرەت، پیاوان زیاتر شارەزاترە لە دیزاین کردنی جلی کوردی یان ئافرەت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش کەرتی ڕەحیم دەڵێت: ئافرەتان زیاتر و وردترن، چونکە ئیشەکە بۆ خودی ئافرەتان خۆیانەو ئەیانەوێ جوانتر دەرکەون لەبەر ئەوە ئافرەتان زیاتر زەوق و سەلیقەیان هەیە و شارەزاترن.

تایبەتمەندی ناوچەکان لەسەر جل و بەرگ
جل و بەرگ لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە،ئەوەش بەپێی کولتور و تایبەتمەندی ناوچەکان دەگۆرێت،جلی کوردی کام ناوچەی کوردستان زیاتر داواکاری لەسەرە لێرە لەباشور؟ بۆ ئەوەش ‏گوتی: ئێمە نۆ ناوچەی کوردستانمان هەیە بەگشتی وەکو‏ سلێمانی و هەولێر و کۆیە و ڕانیە و دهۆک و ڕۆژهەڵاتی سەقزی و رۆژهەڵاتی سنە، کوردی سوری و باکور، زیاتر لە هەموویان مۆدێلی سلێمانی داواکاری لەسەرە.

گەڕانەوەی ڕەسەنایەتی
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکە بۆچی زیاتر ئێستا بایەخ بەجلی کوردی دەدرێت بەتایبەت لەلایەن ئافرەتانەوە هۆکاری چیە؟ بۆ ئەوەش گوتی: بازاڕی قوماش و ئەکسسواراتی جلی کوردی لەم چەند ساڵەی دوای زیاتر دەرکەوت، ئەوە وایکرد چەندەها دیزاینەری سەرکەوتوو گرنگی پێبدەن بۆ گەڕانەوەی مۆرکی کوردەواری بۆ جلی کوردی و خانمان زیاتر حەزیان بچێت بۆ جلی کوردی و ڕەسەنایەتی جلەکە بگەرێتەوە.

گۆڕانکاری و ڕەسەنایەتی
لەوەڵامی ئەوەی ئایا جلی کوردی جلێکی میللییە ئەکرێت جلی کوردی دیزاین بکرێ؟ بۆ ئەوەش گوتی: ئاساییە جلی هەر وڵات و میللەتێک بێت ئەتوانرێ دیزاینی تێدا بکرێ بەو مەرجەی ڕەسەنایەتی لە دەست نەدات، چونکە تازەگەری لەهەموو پیشەیەکدا وا ئەکات کارەکەت سەرکەوتووتر بێت، سەبارەت بە سەرنج ڕاکێشترین شت لەجلی کوردیدا لای ئافرەتان گوتی: یەخەی کراس و ئێکسسوارات زیاتر جوانی دەردەخات، وەک مێخەک و عاشق بەن و گۆبەرۆک و گوڵ یەخەو سەر کڵاو… زۆر شتی تر.