بەرپرسیارێتی نەتەوەیی لەنێوان سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی عەرەبدا

152

سیامند سێلکی
بەهۆی سەرەڕۆیی بزووتنەوەی حەماس و وابەستەبوونی ئەو گرووپە بە ئەجێندای دەرەکییەوە، یەک حەفتەیە گەلی بەستەزمانی فەلەستین لەناو ئاگرو باروتدا دەسوتێ، لەوەش خراپتر بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس نە ئاویان هەیە نە کارەباو نەهیچ پێداویستییەکی دیکە ژیان. نەتەنیاهۆ گوتەنی کەرتی غەزە بۆتە دۆزەخێکی ڕاستەقینەو ئەو خەڵکە هەژارە تێیدا دەسوتێ، ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە سەرۆک و دەوڵەتی بیست و دوو وڵاتی عەرەبی لەئاست ئەو تراژیدیا ئینسانیەی، کە ڕووبەرووی هاوخوێن و هاوزمانەکانیان بۆتەوە، بێ باکن و جگە لەکۆمەڵێک لێدوانی بێ کردار، هیچ هەنگاوێکیان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆڤی یان ڕاگرتنی پەلامارە سەربازییەکان نەناوە.

ڕەنگە هەندێک پێیان وابێ هەنگاوێکی لەم شێوەیە لەم بارودۆخەدا مەحاڵە! لە ڕاستیدا ئەمە بۆچوونێکی واقعی و لۆژیکی نیە، چونکە ئەگەر چوار وڵاتی عەرەبی نەک هەموویان هەڵوێستێکی جوامێرانە بنوێنن، دڵنیام ئەمریکاو ئیسرائیل ڕێگای گەیاندنی هاوکاری مرۆڤی دەکەنەوەو ئۆپراسیۆنەکانیشیان بۆ سەر خەڵکی سڤیل سنووردار دەکەن، بەڵام ڕوونە سەرکردەو دەوڵەتە عەرەبییەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، دوور لە هەستکردن بەبەرپرسیارێتی نەتەوەیی، مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا دەکەن.

بێ گومان زۆر لەمێژ نیەو بەباشی دێتە بیرمان خەڵکی کۆبانێ بەهۆی هێرشی دڕندانەی داعش تووشی هەمان بارودۆخی ئێستای فەلەستین بوو. جگە لەخاکی تورکیا هیچ ڕێگایەکی دیکە نەبوو تا لێیەوە هاوکاری مرۆڤی و سەربازی بگەیێنرێتە خەڵکی کۆبانێ، دیارە بەهۆی باڵادەستی پ ک ک لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکارهێنانی خاکی تورکیا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لەمەحاڵ مەحاڵتر بوو. بەڵام سەرۆک بارزانی وەکو ڕابەرێکی نەتەوەیی و لەسۆنگەی هەستکردن بەبەرپرسیارێتی نەتەوەیی و خەمخۆری و پەرۆشیان بۆ ڕزگارکردنی کۆبانێ و خەڵکەکەی هەموو هەوڵ و توانا دیبلۆماسییەکانی خۆی لەسەر ئاستی دونیاو ناوچەکەدا خستەگەڕ و توانی بەحکمەت و لێزانی و کارامەیی خۆی، هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییەکان لا ببات و قەناعەتی بەتورکیا هێنا، ڕێگا لەبەردەم هەرێمی کوردستان بکاتەوە، تا هاوکاری سەربازی و مرۆڤی ڕەوانەی کۆبانێ بکات.

ئەوە بوو هەم هێزی پێشمەرگەو هەمیش هاوکاری مرۆڤی لەناو خاکی تورکیادا گەیێنرایە کۆبانێ، جگە لەمە قەناعەتی بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هێنا کە پشتیوانی ئاسمانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابین بکات، هەڵبەت بەر لە گەیشتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ داعش هەشتا لەسەدی شارەکەی داگیرکردبوو، دوای گەیشتنی پێشمەرگە، داعش تێکشکاو کۆبانێ ڕزگار بوو. واتە ئەوەی لەو بارودۆخە سەختەدا سەرۆک بارزانی بۆ کۆبانێ و هەموو ڕۆژ ئاوای کوردستان کردی، سەرۆکی بیست و دوو وڵاتی عەرەبی نەیانتوانیوە نیو هێندەش بۆ خەڵکی فەلەستین بکەن.