خەبات: هێمن ئاری:- مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر دەکەوێتە سەنتەری شار، شوێنی ئەو مۆزەخانەیە یەکەم قوتابخانەی شاری هەولێربووە بەناوی ( ئەربیل ئولا ) ئەمساڵ تەمەنی دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە دەبێتە ( 103 )، ئەو قوتابخانەیە لەساڵی ( 2014 ) لەلایەن وەزارەتی پەروەردە کرا بەمۆزەخانە پەروەردەی هەولێر و تێیدا کەل و پەلی مامۆستاکانی پێشووی شاری هەولێر، کە سەردەمانێک بەزانستەکانیان قوتابیانیان پێگەیاندووەو خزمەتی بواری خوێندن و پەروەردەیان کردووە، ئێستا وێنە و قەڵەم و عەینەگ و جل و بەرگ و نفوس و ناسنامەو …. هتد بەشێک لەو شتانەی لەدوای خۆیان بەجێماوە لەو مۆزەخانەیە نمایشکراون. جیا شت و مەکی مامۆستایان شتومەکی چەندین کەسایەتی سیاسی و دیاری شارەکەیشی لەخۆگرتووە کەبوونەتە جێگەی سەرەنجی خەڵک.

یەکێک لەو شتە سەرەنج ڕاکێشانەی لەوێ دانراوە ڕادیۆی تایبەتی مەلیک فەیسەڵی دووەم مەلیکی عێراقە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو.

هونەر ئەسکەندەر عوسمان فەرمانبەری مۆزەخانەکە سەبارەت بەدەستکەوتنی ئەم ڕادیۆیەو هێنانی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لەساڵی ( 2017 ) ڕۆژێک یەکێک سەردانی مۆزەخانەی کرد گوتی: پیرەژنێک هەیە ماڵی لە( بەستە پایزەیە، ناوی پلکە زولەیخا )یەو دراوسێی ئێمەیە لەماڵەوە ڕادیۆی تایبەتی مەلیک فەیسەڵی دووەمی لایە و تا ئێستا پاراستوویەتی، منیش ناونیشانیم وەرگرت و سەردانیم کرد. دیاربوو ئەو پیرەژنە تەمەنی لە سەرووی ( 80 ) ساڵ دەبوو ڕادیۆکەی لای خۆی هەڵگرتبوو، سەبارەت بەچۆنییەتی گەیشتنی ئەو ڕادیۆیەیە بەدەستی ئەو پرسیارم لێکرد چیڕۆکەکەی بەو شێوەیە بۆ گێڕامەوە ٫ دیارە زاوایەکەی ئەو پیرەژنە کەخۆی کوردێکی خەڵکی هەولێربووە بەناوی مام محەمەد لەکۆشکی مەلیک فەیسەڵی دووەم باخەوان دەبێت، وەک پیرەژەنەکە بۆی باسکردم ئەوکات ئەو ڕادیۆیە لەوڵاتی ئینگلتەرا بۆ مەلیک هاتووە کە بە ( تاقە شمسی ، واتە بەتیشکی ) خۆر ئیش دەکات، دیارە ئەو باخەوانە زۆر بەدڵسۆزی کارەکانی کردووە و بووەتە جێگەی ڕێز و خۆشەویستی لای مەلیک، ئەویش لەبەرامبەر دڵسۆزییەکەی وەک پاداشتێک ئەو ڕادیۆیە پێشکەش بەمام محەمەد دەکات.

دیارە دوای مردنی کەسی نەماوە پلکە زولەیخای خەسوی ئەو ڕادیۆیەی لای خۆی پاراستوووە، کاتێ داوام لێکرد گوتم ئەگەر وەک دیارییەک تۆش بیبەخشی بەئێمە تا لەمۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر نمایشی بکەین و بمێنێت، کە گوتم بۆ مۆزەخانەیە ئەویش گوتی: تەنها داوام ئەوەیە نەیچووێنن، وەک چۆن من تائێستا لای خۆم پاراستوومە، ئێوەش لای خۆتان بەئەمامەت هەڵیبگرن، بەس ئەو داوایەم هەیە باسی ئەوەبکەن چۆن و لەکێ و لای کێ ئەو ڕادیۆیە پاراستراوەو گەیشتۆتە مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر. هونەر ئەسکەندەر گوتیشی: ڕۆژانە خەڵکی زۆر سەردانی ئێرە دەکەن، کاتێک ڕادیۆکە دەبینن دەبێتە جێی سەرنجیان و وێنەی دەگرن.