هۆزان موئەیەد عەلی
گرووپە شۆڤینیەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، لە راكێشانی هەندێك كەس و گرووپ لە هەرێمی كوردستان ، بۆ بەكارهێنانیان دژ بە قهوارهی هەرێمی فیدراڵی كوردستان سەركەوتوو بوون. ساڵانێكی زۆر ئەو گرووپە شۆڤینییانە، هەوڵەكانیان مایە بووچ بوون، چونكە وەك پێویست، نەیان دەتوانی لە سەر ئاستی شەقامی كوردستان، خەڵك رابكێشنە ناو گرووپی خۆیان و، شەڕی شۆڤینیانەی خۆیان بە كوردیش بكەن.
ئێستا زۆر ئاسانتر شەڕەكە دەكەن، چونكە گرووپێك لە بەرگی كوردیدا، بوونەتە هەمان دەنگی دژایەتیكردنی قهوارهی هەرێمی كوردستان، رۆژانە لەو هەڵمەتەی دژ بە كوردستان بەشدارن، هەرێمی كوردستان، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، كە كورد بەسەركردایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و رەحمەتی مام جەلال، رۆڵیان تێدا بینی، سیستەمی فیدراڵی لە نێو ئەو دەستورە چەسپێندرا. وەك گرەنتی عێراق وەك وڵاتێكی فیدراڵی، تێیدا تایبەتمەندییەكانی هەرێمەكان، بەتایبەت كوردستان پارێزراو بێت. لەمەشدا، سەركەوتو بوون، چونكە هێزی یەكگرتووی گەلی كوردستان، لەو قۆناغە سەلماندی دەسكەوتی مەزنیان تۆمار كرد.
ئێستا شۆڤینیەكان، دەیانەوێ پشت لەو دەستورە بكەن، قهوارهی هەرێمی كوردستان بەرامبەر خۆیان لاواز بكەن، ئەو رەوشە نالەبارەی عێراقیان قۆستۆتەوە، كە ئەم ژەهرە بڕێژن، لەمەشدا بەدوای هاوبەش دەگەڕێن، كە جێی داخە خەڵكانێك لە كوردستان، بوونهتە هاوبەشێكی دڵسۆزتر لەوان، لە دژایەتیكردنی كوردستان. بەڵام ئەم هەوڵە وەك ئەوانی تر، بێ ئەنجام دەبن، تەنها ئەو مێژووە بۆیان دەمێنێتەوە، كە رەش و ناپاكیە، خەڵكی كوردستانش، ئەم راستیە دەزانن، كە كەسانێك دەبنە هاوبەشی عهرهبی شۆڤێنی، كە لە ئاستی میللەتی خۆیان زەلیلكراون و متمانەیان نەماوە.
هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەغداد، دژی هەرێم سەریان هەڵداوە، شەپۆلێكی كاتین و دێن و دەچن، بۆ راكێشانی شەقامی عیراقی بۆ دەسكەوتی هەڵبژاردن، ئەم یاریە لەگەڵ هەرێم دەكەن، بەڵام ئاخۆ ئەو كوردانەی بوونە هاوبەش چیان دەست دەكەوێ؟ بێشك هیچ.