خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر (4)ی ئێوارەی ئەمڕۆ سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ــ لقی کەرکوک بەهەماهەنگی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، مەراسیمی چلەی ماتەمینی ڕێزو وەفا بۆ بەرز ڕاگرتنی هونەرمەندی مەزن و دەنگ زوڵاڵی مەقاماتی کوردی ( شوکر خەیات) لەهۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک سازدەکات.
شایانی باسە، هونەرمەند لە ساڵی 1940 لە گوندی (قەڵخانلوی) ناوچەی گەرمیان لەدایکبووەو تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی لەو گوندە ژیاوە، پاشان ماڵیان بۆ گەڕەكی شۆریجەی كەركووك گواستۆتەوە، شوکر خەیات لەساڵی 1955دەستی کردووە بە گۆرانی گوتن و لەو ساڵەوە وەک دەنگخۆشێک ناسراوە لە 1967 ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە. شوکر لە ساڵی 1969 بۆ یەکەمجار بە گوتنەوەی گۆرانی (یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە) ی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، ناوبانگی پەیداکردووە و گۆرانی و مەقامی کوردی گەرمیانی تۆمارکردووە.
هونەرمەند لە تەمەنێکی زووەوە، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە، لەوانە مەقامی (ئەڵڵاوەیسی، قەتار، ئای ئای، سێگا، چوارگا، نەهاوەند، عەجەم، حیجاز و سەبا …… ) خاوەنی زیاتر لە 100 بەرهەمە، هونەرمەندی نەمر (شوکر خەیات) لە دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 ی لەکەرکوکەوە ، ئاوارەی شاری هەولێر دەبێت و لە (بنەسڵاوە) ی هەولێر نیشتەجێ بووە، مخابن لەشەوی شەوی 18-8-2023 بە نەخۆشیی کۆچی دوایکردو بۆ دوایینجار ماڵئاوایی لەهونەری ئاواز و گۆرانی و مەقاماتی کوردی کرد..