سهرهتا وتار بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر پێش ١٦ی ئاب و ١١ی ئەیلول
سوورە مەرگەیی
ئەگەر خەبات و قوربانیدانی بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر، لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ١١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ رۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول وێنا بکەین، ئەوا غەدرێکی زۆر لە بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر دەکەین، چونکە خەبات و قوربانیدانی بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر لە پێناو رزگاریی کورد و سەربەخۆییی کوردستان، زۆر لە پێش ئەو دوو بەروارە دەستی پێکردووە، ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد بدەینەوە، هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییە مێژووییەی سەرەوە نامێنێ.
شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە ساڵی ١٩١٤ بە تاوانی کوردبوون و داواکردنی مافەکانی کورد، بە دەستی تورکە عوسمانییەکان لە موسڵ لە سێدارە دراوە، ئەوە شۆڕشەکانی ١٩٣١ ــ ١٩٣٢و ١٩٤٣ ــ ١٩٤٥ی بارزان پێش ١٦ی ئاب و ١١ی ئەیلول بوون، هەر لەسەر هەڵوێستی شۆڕشگێڕیی کوردایەتی بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر، مام جەلالی رەحمەتی لە لێدانێکیدا دەڵێ: گوندی بارزان لەسەر رابوون و کوردایەتی (١٦) جار سووتێنراوە، ئەوە جگە لە دەیان جار ئاوارە کردنیان و دوورخستنەوەیان لە زێدی خۆیان، هەموو ئەو زوڵم و ستەمەی دوژمنانی کورد نەیانتوانی بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر دەستبەرداری شۆڕش و رابوون و بە گژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بکەن.
خاڵێکی تر کە کەمتر ئاماژەی بۆ کراوە، خەبات و قوربانیدانی بارزانییەکان و خانەوادەی بارزانیی نەمر، تایبەت نەبووە بە یەکێک لە پارچەکانی کوردستان، ئەوەی بەلای بارزانیی نەمرەوە گرنگ بووە، یەکێک لە پارچەکانی کوردستان رزگار بکرێ و، بکرێتە دەروازی رزگاربوون بە رووی پارچەکانی تریشدا، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەر پارچەیەکی کوردستان ترووسکەیەک بەدی کرابێ، بارزانیی نەمر و هێزی بارزانییەکان، سنوورە دەستکردەکانیان خستووەتە ژێرپێی شۆڕشگێڕی و لەو پارچەیەی کوردستان ئامادە بوون، چوونی بۆ یارمەتیدانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور و کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات دوو راستی مێژوویین و حاشایان لێ ناکرێ، هەموو ئەو رووداوە گرنگ و شۆڕشگێڕییانە پێش رووداوەکانی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەستپێکی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوون.
بارزانیی نەمر دوای گەیشتنی بە کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات و بەرگری کردنی لە کۆمار، باشووری کورستانی لەبیر نەکرد و هاوکات لەگەڵ بەرگریکردن لە کۆمار، لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ چەند کوردپەروەرێکی تر گەڵاڵەنامەی پارتی دیموکراتی کوردستانی داڕشت و لە ١٦ی ئابی هەمان ساڵدا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێ کەوتەوە، ئەوەی زۆر گرنگ و شایانی باس کردنە ئەوەیە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆماری کوردستان و لە ژێر ئاڵای کوردستان و دوور لە چاودێری دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دامەزراوە، ئەوەش وایکرد ئامانجە نەتەوەیی نیشتیمانییەکان لە کارنامەی سیاسیی شۆڕگێریی خۆیدا جێ بکاتەوە و بە نەگۆڕی بیانهێڵێتەوە.
دوای پیلانە شوومەکەی سەر کۆماری کوردستان، بارزانیی نەمر وەک بەگژداچوونەوەی ئەو پیلانگێڕییە بڕیاری رێڕەوە مێژووییەکەی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەتی جاران دا، کە ئەو رێڕەوە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێک بوو، هەم وەڵامی پیلانگێڕییەکە بوو، هەمیش ئاڵای سەر کۆشکی کۆماری لەگەڵ خۆی برد و لە سووکایەتی پێکردنی دوژمنانی پاراست.
دوای گەڕانەوەشی لە یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو لە ساڵی ١٩٥٨و بێهیوا بوونی لەوەی حکومەتی تازەی عێراق مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورد دەستەبەر ناکات، لە ١١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ بڕیاری بەرپاکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلولی دا، شۆڕشی ئەیلول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، جیا لەوەی شۆڕش و راپەڕینە ناوچەییەکانی تێپەڕندن و داخوازییە ناوچەییەکانیشی لە داخوازیی ناوچەییەوە گۆڕی بۆ داخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەو گۆڕانکاییە شۆڕشگێڕییەش دڕەندەترین رژێمی دژە کوردی ناچار کرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتننانەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ی وەک یەکەم دەستکەوت بۆ کورد پێ واژۆ بکات.
دوای دەستپێکردنەوەی شەڕیش لە ساڵی ١٩٧٥، هێز و زەبروزەنگ دادی نەدا و رژێمی بەعس ناچار بوو هەموو تەنازوولێک بۆ رژێمی شای ئێران بکات، ئەوەبوو لە ٦ی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ لە جەزائیر پیلانێکی نێودەوڵەتی دژ بە کورد و مافە رەواکانی ساز بکات، ئەگەرچی ئەو پیلانە توانی بۆ ماوەیەکی کاتی شۆڕشی ئەیلول بوەستێنێ، بەڵام زۆری نەبرد شۆڕشی گوڵان بە هەمان ئەجێندا و هزر و بیری نەتەوەیی شۆڕشی ئەیلول بێتەوە گۆڕەپانی خەبات و قوربانیدان، ئەوەش بە هەموو پیلانگێڕان و دوژمنانی کوردی گوت: بارزانیی نەمر بە شێوەیەک نەخشە رێگای خەباتی رزگازگاریخوازیی کوردی داڕشتووە، کەهیچ هێز و زەبروزەنگ و پیلانگێڕییەک نایوەستێنێت.