سهرهتا وتار شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشی دووبارە ژیانەوەی کوردە
هاکار موحەمەد زراری- ئۆسلۆ- نەرویج:
لەناو هەموو گەل و نەتەوەکاندا ڕۆژێک هەیە کە نەتەوەکان شانازی پێوە دەکەن و بووەتە جێگای فەخر و گەورەیی بۆ ئەم گەل و نەتەوەیە، گەلانی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ ڕۆژی سەربەخۆیی و هەندێک ڕۆژی دیکەش کە گۆڕانکاری گەورە و بنەڕەتی تێدا کرابێت.
لەناو نەتەوەی کوردیشدا زۆر ڕۆژی مێژوویی و پیرۆز هەن کە کورد شانازییان پێوە دەکات و لەم ڕۆژانەدا بە هەرجۆرێک کە بۆیان بڕەخسێ یادی ئەم ڕۆژە لەبیرنەکراو و پیرۆزانە دەکەنەوە و ڕێز لە یادەوەرییەکانیان دەگرن.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کە دامەزرێنەرەکەی جنڕاڵ موستەفا بارزانیی نەمرە یەکێکە لەم یادە بەرز و بە شکۆیانەی کە هەموو ساڵ و کات و سات و هەر تاکێکی سەربەخۆییخواز و نەتەوەیی کورد یادی بەڕز دەنرخێنێت و وەک یادێکی پیرۆز ڕێز لە بیرەوەری و سەروەرییەکانی ئەم شۆڕشە دەگرێت، چونکە بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول جنڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی توانی گۆڕانکاری لە بیروباوەڕ و هزری عێڕاقیبوونی تاکی کورددا بکات و جارێکی دیکە بیری بە نەتەوەییکردنی کۆمەڵگە و تاکی کوردی بەرەو کوردبوون بگێڕێتەوە و لە فەوتان و لە لەناوچوون بیپارێزێت! شۆڕشی ئەیلوول ڕاچڵەکاندنی گەلی کورد بوو لە خەوی خفڵەتی قووڵی عێڕاقی بوونێک کە بەبێ ویستی خۆی بەسەریدا سەپێندرابوو، ڕابەر و سەرکردەی بلیمەت و بێ هاوتا و کاریزماتیکی کورد جنڕاڵ مستەفا بارزانیی نەمر بە جووڵەیەکی ستراتیژیکی دەگمەن و ناوازە هاتە مەیدانی خەبات کە لەهزری هیچ تاکێکی کورددا نەبوو، بەکردەوە و بە دامەزراندنی جووڵانەوەیەکی سیاسی مۆدێڕن و بە پرەنسیپ و تازەگەرییەک کە تاکی کورد پەی پێنەدەبرد، هاتە مەیدانی بەربەرەکانێکردن لەگەڵ داگیرکەری عێڕاقی، بیرمەندی گەورەی کورد جنڕاڵ بارزانیی نەمر بە هەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە مەزنە بیروباوەڕی کوردایەتی و کوردبوونی لەناو دڵ و دەروونی تاکی کورددا چاند و تاکی کوردی لە عێڕاقیبوونێک کە بەبێ ویستی خۆی بەسەریدا سەپابوو وەک مۆتەکەیەک سەرتاپای لەش و بیروهزری داگیرکردبوو.. گۆڕی بۆ کوردایەتی و کوردبوون و سەربەخۆییخوازی و خەبات لە پێناو ئازادی کورد و کوردستان.
دوای ٦٢ ساڵ و لە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا ڕێبوارانی بە ئەمەکی ڕێگا و ڕێبازی دامەزرێنەر و بیرمەندی مەزنی کورد جنڕاڵ بارزانیی نەمر بە گوڕوتینێکی زۆر و بەهەمان بیروباوەڕی بتەوی کوردایەتی و کوردبوونی ڕاستەقینە دژی هەڵوێستە شۆڤێنییەکانی حکوومەتی عێڕاقی وەستاونەتەوە و بەرگری لە بوونی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن، ئاشکرایە کە وەک چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان کە درێژەدەری بیروباوەڕی کوردایەتی جنڕاڵ بارزانی و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، حکوومەتی ئێستای عێڕاقیش بە هەمان شێوەی دەوڵەتی ئەوسای عێڕاق بیردەکاتەوە و دەتوانین بڵێین درێژبووەوەی هەمان سیستەم و عەقڵییەتی داگیرکاری و شۆڤێنییە! بۆیە لە یادی ٦٢ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا دەبێ بیر و هزر و ڕامانی جنڕاڵ مەلا مستەفای بارزانیی نەمر بەبیر ئەم کەسانە بێنینەوە کە بیر لە سەپاندنی عەقڵییەتی شۆڤێنی عێڕاقیبوون بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەکەنەوە و پێویستە بڵێین کە ئەگەر ئێوە بیر لە سەپاندنی عەڵقییەتی شۆڤێنی دەکەنەوە دڵنیابن کە ئێمەی کوردیش بە هەمان گوڕوتینی ٦٢ ساڵ پێش و لەسەر هەمان ڕێبازی کوردایەتی و کورد بوون سوورین و ئامادەی هەر جۆرە فیداکارییەکین لەم ڕێبازەدا.
هەربۆیە لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم کە شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی دووبارە ژیانەوەی کوردە لە مێژوودا کە تاکی کورد و نەوەکانی داهاتووش شانازی پێوەدەکەن. سەرکەوتن بۆ گەل… ئازادی بۆ کوردستان.