شۆڕشی ئەیلوول كوردی بە جیهان ناساند

206
زەیتۆ سەعید گەزنەیی
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لەهەموو روویەكەوە بە گەورەترین و كاریگەرترین شۆڕشی كورد دادەنرێت لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كورددا، بێگومان هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شۆڕش دیار و بەرچاون، لەوانەش پەشیمان بوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراق لە بەڵێنەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد، بەتایبەتی كار نەكردن بە مادەی (سێ)ی دەستووری كاتی عێراق، ئەوەیش وایكرد كورد دەست بە خەبات دژی رژێمی ئەوكاتی عێراق بكاتەوە، هەرچەندە پارتی و بارزانیی نەمر هەوڵێكی زۆریاندا بۆ ئەوەی جارێكی دیكە شەڕ لە عێراق دروست نەبێت و بە ئاشتی و دانوستان كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام وەك پیشەی هەمیشەییان رژێمی ئەوكاتی عێراق دوای ئەوەی جێی خۆی گرت لەدوای رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەمووز كەوتنە دژایەتیی كورد، كورد ناچاركرا دەست بۆ چەك ببات تا بەرگری لەخۆی بكات، ئەوەبوو لە رۆژی 11ی ئەیلوولی 1961 بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر شۆڕش دەستی پێكرد و گەلی كوردستان بەهەموو نەتەوە و ئایین و بۆچوونی جیاواز پشتگیریی شۆڕشیان كرد بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو زۆڵم و ستەمەی لەسەر كوردستان هەبوو.
ئەیلوول بەگەورەترین شۆڕشی كورد دادەنرێت لە مێژووی بزاڤی كوردی، چونكە پێشتر چەندین شۆڕش و راپەڕین لە هەر چوارپارچەی كوردستان تۆماركرابوون، بەڵام قەبارە و تەمەنی ئەو شۆڕش و راپەڕینانە زۆر بچووكتر و كەمتربوون لە ئەیلوولی مەزن، بەدرێژایی 11 ساڵی شۆڕش سەرەڕای هەبوونی هاوكاری و پشتگیریی سنوردار پێشمەرگە توانی بەرەنگاری لەشكری دەوڵەتێك ببێتەوە كە لە هەموو روویەكەوە پڕچەك كرابوو، دەیان داستانی قارەمانانە تۆماركران و زۆر جاریش حكوومەتی عێراقی ناچار دەكرد دەست بەدانوستان بكات لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕش، گەورەترین دەستكەوتی شۆڕشی ئەیلوول رێكکەتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بوو، كە بۆیەكەم جار بوو حكوومەتی عێراق بەو شێوەیە دان بەمافی گەلی كورددا بنێت و سیستەمی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچەكانی باشووری كوردستان جێبەجێ بكرێت، بەداخەوە دوای چوار ساڵ حكوومەتی ئەوكاتی عێراق پاشكەزبوویەوە لە رێكکەوتن و گەلەكۆمەكی لەكورد كرا و رێكکەوتننامەی جەزائیر دژی شۆڕشی كورد ئیمزاكرا، سەرەڕای پەلاماردانی باشووری كوردستان لەهەموو لایەكەوە بە گەلەكۆمەكیش نەیانتوانی شۆڕشی كورد بێدەنگ بكەن و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز بووە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن.
گەورەیی شۆڕشی ئەیلوول هەر تەنیا لە ژمارەی پێشمەرگە و درێژی تەمەنی شۆرش نەبووە، یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، یەكریزیی گەلی كورد و كۆبوونەوەی ئەو هەموو چین و توێژە جیاوازە بوو لە دەوری شۆڕش، پێكهاتەی شۆڕشی ئەیلوول كاریگەری كردبووە سەر تاك بە تاكی خەڵكی كوردستان،. لەزاخۆوە تا خانەقین پشتگیریی شۆڕشیان دەكرد، گەلی كوردستان یەكریز و یەكگرتوو بوون لە بەگژداچوونەوەی نەیارانی شۆڕش بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر، ئەو پێكەوە خەبات و بەشدارییەی خەڵك لەناو شۆڕش وایكردبوو بە چەكی زۆر سادە و هەبوونی پشتیوانی زۆر كەم گەورەترین شۆڕش بەڕێوە ببرێت، پرسی پێكەوەژیان لەشۆڕشی ئەیلوولەوە بووە بنەمای پێكەوە كاركردنی كورد و كریستیان و توركمان و هەموو ئایین و مەزهەبێت بەبێ جیاوازی بەشداربوون لە شۆڕش، هەروەها لەنێو كورددا كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەناو رێزی شۆڕش هەبوون، پێموابێت هەر شۆڕشی ئەیلوولیش بووە هۆی ناساندنی كێشەی كورد بە جیهان و دۆزی كوردی لە دۆزێكی ناوخۆیی و ناوچەیی كردە دۆزێكی جیهانی، پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول جیهان ئاشنا نەبوو بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان، بەڵام ناوبانگی شۆڕشی ئەیلوول لەجیهان دەنگی دایەوە و ژمارەیەكی زۆری گەڕیدە و رۆژنامەنووس و شاندی بیانی سەردانی باشووری كوردستانیان كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری شۆڕش بن.