
خەبات- عەلی بانیشاری:
محەمەد بەگزادە، بازرگانێكی دیاری بۆنە لە شاری هەولێر و ماوەی زیاتر لە 11 ساڵە خەریكی هاوردەكرن و ساغكردنەوەی بۆنە لە وڵاتانی عەرەبییەوە، ئەو زیاتر لە هەزار بڕاندنی تایبەتی بۆنی هەیە و ساڵانە چەند جارێك سەردانی دوبەی دەكات بۆ هێنانی ئەو بۆنانەی كە زۆرترین خواستی لەسەرە لە هەرێمی كوردستان. محەمەد دەڵێت: بۆنی سروشتی زیاتر لە بۆنەكانی دیكە كڕیاری هەیە و نرخەكەی دەگاتە 10 هەزار دۆلار. دەشڵێت: بۆنم هەیە لە جەستەی ئاسك دروستكراوە و نرخی یەك سیسی چوار دۆلارە.
محەمەد بەگزادە، خاوەنی جیهانی بۆنی لالە بۆ بازرگانی گشتیی بۆن لە شاری هەولێر بە (خەبات)ـی گوت: سێ جۆر بۆن لە جیهاندا هەیە، یەكەم: بۆنی ئاژەڵی، ئەو بۆنانەی لە جەستەی ئاسك و ڕۆنی ماسی و جەرگی نەهەنگ دروست دەكرێن. دووەم: بۆنی سروشتی، كە لە گوڵ دروست دەكرێن. سێهەم: بۆنی كیمیاویی، وەكو بۆنە كەپسەكان. گوتیشی: بۆنی ئاژەڵی گرانبەهاترین بۆنە لە جیهاندا و نرخی 1000 سیسی دەگاتە 300 هەزار دۆلاری ئەمریكی، بۆنی سروشتیش نرخەكەی تاوەكو 10 هەزار دۆلار و نرخی 1000 سیسی لە بۆنی كیمیاویش دەگاتە 300 دۆلار. هێمای بۆ ئەوەشكرد، ئەو جۆرە بۆنەی هەیە كە لە جەستەی ئاسك دروستكراوە و یەك سیسی بایی چوار دۆلارە.
تاوەكو ئێستا گرانبەهاترین بۆن كە لە جیهاندا نمایش كرابێت لە ساڵی 2020-2021 بوو لە (پێشانگای دوبەی بۆ بۆن) كە نرخەكەی 1500 دەفتەر دۆلار بوو، بۆنەكە بە هاوبەشی لە نێوان دوبەی و توركیا دروستكرابوو.
محەمەد بەگزادە دەڵێت: لە ئێستادا زۆرترین خواست لەسەر بۆنی سروشتییە و كڕیاری تایبەتی لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهاندا هەیە و زیاتر كەسانی دۆڵەمەند و پاشا و سەركردە و خانەدانەكان بەكاریدێنن. بۆنی سروستی دەیان جۆری هەیە، لەوانە (عودی مەلەكی، عودی ئەبیەز، زارا، تێری هێرمس، تیرۆز، ئاڤۆك، لاكۆز، كریت).
سەبارەت بە بۆنی خلیجی، ناوبراو گوتی: بۆنە خەلیجییەكان كڕیاری خۆیان هەیە و نرخی هەر 1000 سیسیەكەی لە 10 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 30 هەزار دۆلار. میسكی مەلەكی و میسكی ئەسوەد و عودی مەلەكی لە دیارترین بۆنە خلیجییەكانن. لەبارەی نرخی بۆنە فەڕەنسییەكان، خاوەنی جیهانی بۆنی لالە دەڵێت: بۆنی فەڕەنسی گرانبەهاترین بۆنی نێو دوكانەكەمە، بەشێوەیەك نرخی هەر 1000 سیسی دەگاتە 10 هەزار دۆلار، بەڵام لە كوردستان كەس ئامادەنییە 1000 سیسی بكڕێت، بەڵكوو كڕیارەكانمان كە سەردانم دەكەن بایی 20 دۆلار تاوەكو 100 دۆلار لەو جۆرە بۆنە دەكڕن. بلوشانێڵ لە بۆنە فەڕەنسییەكان زۆرترین خواستی لەسەرە.
لە جیهانی بۆنی لالە نرخی هیچ بۆنێك لە سێ هەزار دۆلار كەمتر نییە. محەمەد بەگزادە باسیلەوەشكرد، لە دوكانەكەیدا نزیكەی 1000 بڕاندنی تایبەت بە بۆنی هەیە و ساڵانە چەند جارێك سەردانی دوبەی دەكات و لەوێ بۆن هاوردە دەكات. دەشڵێت: كڕیارم هەیە بۆن لای من دەبات و لە ئەمریكا و سوید و نەرویج ساغی دەكاتەوە، چونكە لەو چەند وڵاتە نرخی ئەو جۆرە بۆنانە گرانە، بەڵام لای من نرخەكەی هەرزانتر دەوەستێت. ئەوەشی گوت: بێ لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، گەیاندنی بۆنی بۆ ئێران و توركیا هەبووە.