
خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ڕوونیكردەوە: بە هەوڵ و كۆششی ئەندازیاران و كارمەندان و كرێكارە ماندوو نەناسەكانی ئەندازەی پاركەكان لە هەولێر ڕێژەی سەوزایی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە و ساڵانە چەندین هەڵمەتی دارچاندن و گوڵی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەین تا سیمای شاری هەولێر جوانتر بێت، ئەگەر قەیرانی دارایی نەبووایە ئەوا لە ماوەی ئەو چەند ساڵانەی دواییدا ژمارەی پاركەكان و ڕێژەی سەوزایی زۆر زیاتر دەبوو لەگەڵ ئەوەشدا یەكێك لە كارە خزمەتگوزاریەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیدانە بە گەیاندنی خزمەتگوزاری لە هەموو سێكتەرەكان بەتایبەتی گەیاندنی كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شار و شارۆچكەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، دەربارەی گرنگترین كارەكانی ئەندازەی پاركەكان سەردانی ئەندازەی پاركەكانی هەولێرمانكرد.
هەڵمەتی پایزە دەستی پێكرد
دەەربارەی كارەكانیان ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ڕوونیكردەوە: بۆئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بكەین شەو و ڕۆژ هەوڵی بەردەواممان داوە كە هەم ڕێژەی سەوزایی بەچاندنی دار و درەخت و گوڵی جوان و قەشەنگ ئەنجامبدەین هەمیش ژمارەی پاركەكان زیاد بكەین، هەوڵیشمانداوە گەڕەكە هەژار نشینەكان لەو بارەوە بەهەند وەربگرین و دار و درەختیان بۆ بچێنین تا ڕێژەی سەوزایی ئەو شوێنانەش زیاد بكەین پلانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگیدان بوو بە گەیاندنی كار و پڕۆژەی حزمەتگوزاریی بۆ هەموو شار و شارۆچكەكان بەبێ جیاكاری لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا هەزاران دار و درەختمان چاندووە جگەلەوەش توانیومانە گرنگی تەواو بە ناوەندە شەقامەكان بدەین و بەسەوزایی جوانتری بكەین بە مەبەستی بەدەستهێنانی دار و درەختی جۆراو جۆر نەمامگەی تایبەتمان هەیە و خۆمان دار و درەخت و گوڵی جۆراو جۆر بەرهەمدەهێنین و پێویستیمان بە هێنانی دار و درەخت نییە لە دەرەوەی وڵات، وەك ئەندازەی پاركەكان وپلانی ستراتیژی خۆمان هەوڵماندا بۆ ئەوەی ئەمساڵ 100 هەزار نەمان بچێنین و سەرەتای هەڵمەتەكەش لە مانگی بەهار و ئادار دەستیپێكرد و لە ماوەی ئەو چەند مانگەشدا بە سەدان دار و درەخت و گوڵی جۆراو جۆرمان چاندووە و لە شەش مانگی یەكەمدا توانیمان نزیكەی هەشتا هەزار دار بچێنین لەگەڵ چاندنی پەنجا هەزار گوڵی جۆراو جۆر و دیمەنێكی جوان و قەشەنگی بە پایتەخت بەخشیوە، لە ئێستاشدا كە لە سەرەتای وەرزی پایزداین هەڵمەتێكی گەورەی نەمام چاندنمان دەستپێكردووە تائێستا نزیكەی 20000 نەماممان چاندووە لەگەڵ چاندنی نزیكەی پەنجا هەزار گوڵ و لە هەر بۆنەیەكی پیرۆزدا ئێمە وەك ئەندازەی پاركەكان هەوڵی چاندنی نەمام دەدەین و هەر شوێنێك پێویستی بەچاندنی نەمام هەبووبێت ئەوا هەوڵی چاندنی نەمامی بۆ دەدەین، هەفتەی ڕابردووش بە بۆنەی یادی لەدایك بوونی فەخری كائینات پێغەمبەری ئیسلام (د خ) هەڵمەتێكی نەمام چاندنمان بە هاوكاری ڕێكخراوی( ئاڤیاری هوشیاری ژینگەیی) توانیمان 1445 داری سیسەم لە شەقامی تازەی گەڕەكی ڕاستی بچێنین كە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لەگەڵ پارێزگا ئەو شەقامەیان تەواو كرد و ئێمەش بەچاندنی نەمام شەقامەكەمان سەوز كرد. هەوڵی ئەوەشماندا سەوزایی بگەیەنینە ئەو گەڕەكانەی كە پێشتر خزمەتگوزاری سەوزایی بۆ نەچووە بۆ نموونە گەڕەكەكانی وەك مامزاوا و قەتەوی و شەقامی سەرەكی هەولێرـ مەخمور لەو شوێنانە هەوڵی زیادكردنی سەوزاییمان داوە و لەم ڕۆژانەی دواییدا لە شەقامی مەخمور نزیكەی سێ هەزار (دەدۆنیا) دەچێنین لەگەڵ چاندنی ژمارەیەك لە داری سیسەم بۆ جوانكردنی ئەو شەقامە، جگەلەوەش هەڵمەتێكی دیكەی دار چاندنمان لە شەقامی كۆڕنیش ئەنجامداو هەڵمەتێكیش بۆ خاوێنكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ئەو شەقامە ئەنجامدەدرێت بەداخەوە هاووڵاتیان ئەو شەقامەیان بە خۆڵ و خاشاك پیسكردبوو لەلایەن ژینگە پارێزییەوە خاوێن دەكرێتەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێریشەوە ناو كۆڕنیش خاوێندەكرێتەوە بۆ ئەوەی لە كاتی باران باریندا لافاو دروستنەبێت، لە شەقامی كۆڕنیش هەڵمەتێكی گەورەی دار چاندنمان ئەنجامداوە كە نزیكەی هەزار نەمامی سیسەممان چاندووە و بەنیازین داری زیاتریش لەو شەقامە بچێنین، لە مانگی ڕابردوودا ڕەزامەندی دەرچوو بۆ دروستكردنی پاركێكی گەورە لە گەڕەكی ژیان و لە سەر ڕووبەری 17 هەزار مەتر كە زۆر پێویست بوو دروستبكرێت چونكە لەو شوێنە سەوزایی كەمە و دروستكردنی پاركەكە بۆ هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكە زۆر گرنگە و سودێكی باشی بۆ خەڵكی ئەو گەڕەكە هەیە، لەپاركەكەدا سەوزایی و پەرژین و گۆڕەپانی تارتان بۆ وەرزش و هەبوونی كافیتریا ئەگەر بودجەمان هەبووایە و قەیرانی دارایی نەبووایە كار و پڕۆژەی وەك پارك و باخچەی زۆرمان بۆ گەڕەكانی شاری هەولێر ئەنجامدەداو هەمیشە هەوڵدەدەین تا ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر زیاد بكەین.
