بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەپێی دەستوور، حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان هەر خەرجییەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

رۆژی سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2023)، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێت لە رێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی ھەردوولاوە بێت کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە.

مەسعود حەیدەر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەکی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات.

هاوکات بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاسای بودجەى ساڵى 2023، دەبێت حکومەتی فیدراڵی مانگانە 775 ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە.

هەروەها روونیکردووەتەوە، “ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات چونکە پێچەوانەی ماددەکانی (117 و 121)ـی دەستووری عێراقە.

ئەم پەیامەی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، یاداشتێکیان داواتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کە تێیدا داوا دەکەن حکومەتی عێراق راستەوخۆ، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی هەژماری بانکییەوە خەرج بکات.