ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی بایكۆتی ده‌وامكردنی مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كان بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن له‌و قوتابخانانه‌دا.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا “مووچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی ڕۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین، هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین کە ڕووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە”.

ڕاشیگه‌یاند “زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستی پێ کردووە، لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە، وەک ئاماژەمان پێدا مووچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ”.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند “داواکارین کە هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێکمان نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌ كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار كرده‌وه‌ کە بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن.