سهرهتا وتار خەڵاتكردنی ئەو قوتابخانانەی ئاستی چوارەمیان بەدەستهێناوە، هاندانە یان ساردكردنەوە..!؟
رۆشنا عەلی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزلێنانی بەخشییە ئەو قوتابخانانەی كە ئاستی چوارەمیان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی بەدەستهێنا بوو. تا ئێرە هەموو شتێك ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ هەر فەرمانگە و دامەزراوەیەك پێویستییەكی زانستییە، بەڵام ئەو پێوەرانەی بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابخانە بەگشتی پەیڕەو كراون و بوونەتە بنەمای ئەنجامەكان، بریتییە لەو خاڵبەندییەی كە هەموو لایەنەكانی قوتابخانە بگرێتەخۆی، بە واتایەكی دیكە هەر لایەنێكی قوتابخانەكە دەستباری چمكێكی بەردەكەوێت و هەموویان لە ئەنجامەكانمدا هاوبەشن، ئینجا ئەنجام هەرچی بێت.
بەڵێ بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كەسی یەكەم و سەركردەی قوتابحانەن، بەڵام دوای ئەو یاریدەدەر و مامۆستایان و كارگوزار و خودی قوتابیان و تەنانەت دایك و باوكی قوتابیش هەریەكەیان بەپێی ئاست و بەرپرسیارێتی خۆیان لە قوتابخانەدا هاوبەشن و ئەرك و مافیان هەیە، كەواتە هەمووان دەكەونە نێو پێوەر و چوارچێوەی خاڵبەندیی و هەڵسەنگاندنەكەوە، مەرجی ئەم هەڵسەنگاندنەش بەشداریكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی قوتابخانەیە و بە نەبوونی یەكێكیان پرۆسەكە لە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆی دوور دەكەوێتەوە و لەنگ دەردەكەوێت، چونكە پڕۆسەیەكی هەمەلایەنەیە و ئەركەكەیش لە ئەستۆی هەمووانە، بۆیەش دەبێ براوەی یەكەم پڕۆسەی خوێندن بێت.
لێرە دێمەوە سەر خاڵی سەرەتا كە ڕێزلێنانە بەتاكە كەسی ناو ئەم پڕۆسەیە و ئەویش بەڕێوەبەری قوتابخانەیە، وەزارەتی پەروەردە بەم ڕێزلێنانە تەواوی پرۆسە هەمەلایەن و گشتگیرەكەی سفر كردەوە و تەنیا بەڕێوەبەری كردە پاڵەوانی چیرۆكی سەركەوتنەكە، كە لایەنە نەرێنییەكەی ئەم هەڵسەنگاندنەش بە پلەی یەكەم ساردكردنەوەی تەواوی ئیدارەو پێكهاتەكانی قوتابخانەیە، هەر لە مامۆستا و فەرمانبەر و كارگوزار و تەنانەت قوتابییانیش، سەرەڕای ئەوەیش وەزارەتی پەروەردە پەیامێكی بە گوێی سەرجەم پێكهاتەكانی قوتابخانەدا چرپاند و ناڕاستەوخۆ پێی گوتن: تەنیا بەڕێوەبەر سەنتەری پڕۆسەكەیە.و ئەوانەی دیكەی هەموو بەلاوە نا.
جگە لەوەش یەك قوتابخانە لەوانەی ئەم رێزلێنانەیان پێ بەخشرا، لە بەڕێوەبەر بەولاوە، نەمانبینی كارگوزارێك یان مامۆستایەك یان فەرمانبەرێكیان نارد بێت بۆ وەرگرتنی ئەم ڕێزلێنانە، بۆیە دەبوو لەبری ئەم بانگهێشت و ڕێزلێنانە فەرمییە هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەی خۆی، چەپكە گوڵی پیرۆزبایی و ڕێزلێنانی ببردایە بۆ قوتابخانەكە و پێرۆزباییەكەی ئاراستەی تەواوی پێكهاتەكانی قوتابخانەكە بكردایە و هەمووان بە جۆرێك خۆیان ببینییایە كە كاراكتەری پڕۆسەی سەركەوتنی قوتابخانەكەیانن، ئەمەیان هەم هاندان و هەم ڕێزلێنان و هەم بەرز ڕاگرتنی ماهییەتی پڕۆسەكە دەبوو، بەڵام بەداخەوە وانەبوو.!