خەبات: حەمید سورچی:- سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری سیدەکان هۆشەنگ وەسمان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ “خەبات” تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی دامەزراندنی سەنتەری رۆشنبیری لە دەڤەرەکە و هەروا باس لە ئاستەنگ و ئاریشەکانی بەردەم رەوتی کارکردن و پێگەی ئافرەت لەکایەی رۆشنبیری لە ناوچەکە، هەروا باس لە ڕۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە هاوکاریکردنی کۆمەڵە و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان و کاروچاڵاکیەکانیان، دەکات، ئەم پرسانە و چەند پرسێكی دیكە پەیوەست بە رەوشی رۆشنبیری لە دەڤەرەکە تاوتوێ دەكەین.
*سەنتەری رۆشــنبــیـری سیدەکان کەی دامــەزراوە؟ تاکو ئێستا چەند کۆنفرانستان ئەنجامداوە؟
بە هەوڵ و ماندووبوونی چەند کەسێک، بۆ خزمەت کردن بە پرۆسەی ڕۆشنبیری بەرەو پێشبردنی لە دەڤەرەکە، سەنتەری رۆشنبیری سیدەکان لە ساڵی ٢٠١١ وەک یەکەم سەنتەر و رێکخراو لە سیدەکان دامەزرا لەسەر دەستی دەستەیەک لە رۆشنفکرانی دەڤەرەکە کەوا لەدوای ئەم هەنگاوە دەرگای کردنەوەی رێکخراو سەنتەرەکان بوویەوە، هەر بۆیە هەر لەم ساڵە دا بە ئامادە بوونی دەستەی دامەزرینەری سەنتەر یەکەم کۆنفرانسی خۆیان ئەنجامداو یەکەم سەرۆکیش بەریز (مەهدی داود )ی رۆژنامەنووس بوو تا ئیستاش لەم سەنتەرە چوار کۆنفرانس ئەنجامدراون، بەندەش لە کۆنفرانسی چوارەم بوومەتە سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیری سیدەکان، بەهیوام بتوانین لەگەڵ ستافی ئێستا خزمەتیکی گەورە لە بواری وشیاری و رۆشنبیری تاکی دەڤەرەکە بکەین، و ریگە بۆ گەنج و لاوەکانمان بکەینەوە بۆ هاتنە سەر سەکۆی خزمەت کردن لەم بوارەدا.
*پــرۆسـەی ڕۆشنبیری لە دەڤەرەکە تان چــۆن شرۆڤە دەکەیت؟
ئەم پرۆسەیە کەم یان زۆر جیاوازی هەیە لە ناوچەکانی تری کوردستان، سیدەکانیش یەكێکە لەو ناوچانەی کەوا پڕۆسەی رۆشنبیری لە ئاستێکی مام ناوەندە، هەرچەندە لە ساڵەکانی زوەوە چەندین ریکخراو سەنتەری جۆراو جۆر بوونیان هەبووە کارو چاڵاکی جۆراو جۆریان لەم بوارەدا ئەنجامدەدا، بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی رۆشنفکری تاک تا ئاستیکی زۆر باش ئەم پرۆسەیە بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینی، بەڵام دواتر بەهۆی هۆکارگەلیک و گەشەکردنی تەکنەلۆژیا و ، بابەتی هێلەکانی ئینتەرنیت کەئێمە کەم سودی لێ دەبین و داومانە بە لایەنە زیان بەخشەکە ، ئەمەش وایکرد بە شێوەکی فراوان بەرە بەرە ئەم پرۆسەیە بەرەو لاواز بوون بچێت کاریگەری نەرێنی دروست بکات بەڵام لەگەڵ ئەمەش بەردەوام بوونی چەند رێکخراوێک و کردنەوەی کتێبخانە و چاڵاکی جۆراو جۆر، بەراورد بەچەند ساڵێک لەمەو بەر پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیووە ، ئێستا خەریکە رێچکە راستەکەی خۆی دەدۆزیتەوە، ئەمەش بە هەوڵ و هیمەتی رۆشنبیران و حەزی فێرخوازان و ئارەزومەندانی و تینوی پێشکەوتنی دەڤەرەکەیان.
*پێگەی ئافـــرەت لە نێوکایەی رۆشنبیری لە دەڤــەری سیدەکان لە چ ئاستێکدایە؟
بێگومان ئافرەت پێگەیەکی گەورەی هەیە لە کۆمەڵگەی کورد، ئەمەش جێگای دڵخۆشیە کەوا ئافرەتان لە ئێستادا شان بە شانی پیاوان بەشداری گشت پرس و کایەکانی ژیان دەکەن، سیدەکانیش لەم رووەوە دەورێکی باڵای هەیە لە بەشداری کردنی ئافرەتان لە کاری رێکخراوەیی، ئەمەش جیگای دڵخۆشیە لە ئیستادا چەندین رێکخراو هەن کەوا لە کۆی پێنج بۆ حەوت ئەندام یەکیکیان ئافرەتە و لەم بوارە دا کار دەکات ،جگە لەوەی لە سیدەکان و ئیداری سەربەخۆی سۆران تاکە سەنتەری رۆشنبیری خانمانی لێیە کەوا شان بە شانی سەنتەرو رێکخراوەکانی تر کارو چاڵاکی جۆر بە جۆر ئەنجام دەدات، لە پێناو رۆشنبیری و خۆ پێگەیاندنی ئافرەتان کەوا لێرە بە دڵنیاییەوە سودمەند بوونە لەم پرۆسەیە، بەشداری کردن لەم پرۆسەیە خۆی لە خۆیدا بەلگەیە لە بەرەوپیش چوون رۆلی ئافرت لە دەڤەرەکەو گشت کوردستان، ئەو لەمپەرو کێشانەی کەوا لەناو کۆمەڵگە هەبوون رێگربوون لە دەرکەوتنی ئافرەت ئێستا بە تەواوەتی کاڵ بوونەتەوە، ئەمەش ڕۆڵی ئافرەت کاراتر دەکات لە کۆمەڵگە دا، ئێستا ئازادترە.
*لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا خوێندنەوەی کتێب لای تاکی کورد پەراوێز خراوە، ڕێژەیەکی کەم بەلای کتێب دەچن ئەمەش بووەتە جێی تێڕامان کە تاکی کورد بە هەموو چین و توێژەکانەوە کتێبی فەرامۆشکردووەو نایخوێنێتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لە سەرئاستی ڕۆشنبیری و دونیابینی تاکی کۆمەڵگە لە ئاییندەدا هەیە، ئێوە ئەم پرسە چۆن دەخوێننەوە؟
هەڵبەتە ئەمە جێگای داخە کەوا تاکی کورد زۆر بە کەمی بەلای خوێندنەوەی کتێب دەچیت، لێرە دا کۆمەڵە هۆکاریك هەن دەبنە هۆی دوورکەوتنەوەی تاکی کورد لە گرنگیدان بە خوێندنەوە و پرۆسەی رۆشنبیری، تاکو کۆمەڵ ئەم پرسە پرسێکی زۆر جدی لە واقعی کوردستان بەڵام دەکرێ ئەم کەلینە چاک بکریت و رێو شوێنی تایبەتی بۆ دابندرێت ،لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری بەتایبەت رێنمای بۆ ریکخراو سەنتەرەکان ، هەروەها لە ڕاگەیاندنەکان و شۆشیال میدیا کاری بۆ بکرێت، تاکو هانی تاک بدرێت بۆ خوێندنەوەو گرنگیدان بە خوێندنەوە.
*لە نێـوەندی رۆشبیری کوردیدا، باس لەوە دەکرێت کە سەنتەر و کـۆمەڵە و ڕێکـخراوە رۆشنبیرییەکان کاریگـەرییان نیە، لەسەر ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری لـە نێو کــۆمەڵگـەدا، خوێندنەوەت بۆ ئەم پـــرسە چـییە؟
بەڵێ ئەم پرسەش شێوێندراوە رۆشنبیرانی کورد ناحەقیان نیە، چوونکە هەر زوو وەزارەتی رۆشنبیرو لاوان هەر کەسێک پەیرەوێک و لیستێکی هێنابا، مۆلەتی پێدەدان بۆ کردنەوەی سەنتەر و رێکخراوەکان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەبووە، ئەم بەناو رێکخراوانە هیچ کاریگەرییەكیان نەبووە، جگە لەوەش بگرە زیانیان زۆرتر بووە، چوونکە ئامانجیان بەلاڕێدابردنی خەڵکە، بەڵام کۆمەڵە وسەنتەرو رێکخراوی تر توانیان شوێن پێی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بەدیار بخەن و خەڵک هۆشیار بکەنەوە، لە رێگەی چاڵاکی و بەرنامەی تایبەت و سیمناری جیا جیا، هەر ئەو سەنتەرو ریکخراوانە، بوونە بەرهەم هێنانی کەسانی دیار لە کایە سیاسیەکانی وڵات و کاریگەری ئەرێنیان دروست کرد، لە بەرەو پیشبردنی کۆمەڵگە، ئەمە لەوانەیە لە شوێنیک بۆ شوێنیکیتر جیاواز بێت، هەر رێکخراوەکان بوون ئافرەتەكانیان بەشداری پێکرد، لە کارە رێکخراوەییەکان و هێنانیان بۆ نێو کۆمەڵگە، هەر بۆیە لێرەوە دەڵێم سەنتەرو رێخکراوەکان کاریگەری زۆریان هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.
*رۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە پشتگیری کردنی ســەنتەرو کـــۆمەڵە ڕۆشبیرییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
رۆلێکی یەکجار لاوازیان هەیە، خۆی ئێمە سەر بەو وەزارەتین بەڵام تا ئێستا کەم و زۆر پالپشتێکی کاراو مەیدانی نەبووە بۆ رێکخراوەکان و سەنتەرەکان، نە لە رووی ماددی و مەعنەوی، خۆی ئەبووایە وەزارەت وەک چەترێک بووایە، لەگەڵ گشت کۆمەلە و سەنتەرەکان، بەڵام هیچ رۆڵێکی وای نیە کە جێگای ئومیدی ئێمە بێت، لە دوای ساڵی ٢٠١٤ تاکو ئێستا بودجەی سەنتەرەکانی بڕیووە، بەهۆی چاکسازی و ، بەڵام رەچاوی ئەوەیان نەکردوە کە سەنتەر یا رێکخراو هەیە زۆر کاراو کاریگەرە دەبایە هاوکاریان کردبان بۆ بەردەوام بوون و دەست گرتنیان ، بەڵام ئەوەش نەکرا هەر بۆیە رۆلێکی یەکجار لاوازیان هەیە، ئەم وەزارەتە تەنها بۆ ئەوە دروست کراوە ژمارەی سپاردە بداتە نوسەرەکان تاکو پەرتووک چاپ بکەن ڕۆڵی وەک پێویست نیە، ئەمەش بۆ بێ پلانی وەزارەت دەگەرێتەوە لە دروست کردنی ئەم پەیوەندیە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە.
*ئاریشە و لەمپەرەکانی بەردەم رەوتی کارکردنتان چین؟
هەڵبەتە ئەگەر کارێک بکەی لەمپەرو کیشەش دێنە پێش، بەڵام جێگەی دلخۆشیە لە سنوری کار کردنمان بەو شێوە نیە کە لەمپەری گەورەمان بۆ دروست بێت ، ئێمە لە سەنتەر توانیمانە ئەو هاوکێشەیە دروست بکەین لە بەینی خۆمان و لایەنە سیاسەکان و حکومەت لە کارو پرۆژەکانمان هاوکارن بەتایبەت ئیدارەی خۆجێی ناوچەکە بەریز قائمەقامی سیدەکان، لە هەر پرۆژەو کارێک کە دەیخەینە روو هاوکارە بۆ جێ بەجێ کردنی ئەمەش جێگای دلخۆشی ئێمەیە بەڵام ئەوەی لەمپەری گەورەی بۆ دروست کردووین نەبوونی داهاتە، ئەگەر بێت و خاوەنی داهات بواین دەمانتوانی سنوری کارەکانمان فراوان بکەین و چاڵاکی زۆر لەوەی ئێستا هەیە زیاتری بکەین، بەم شیوەیە سەنتەرو رێکخراوە چاڵاکەکان فەرامۆشکراون لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، سەرباری ئەمەش ئێمە لە سەنتەر ئەگەر لەسەر داهاتی خۆشمان بێت بەردەوام دەبین لە کارو چاڵاکی خۆمان بۆ سوود گەیاندن بە کۆمەلگەی خۆمان.
*پڕۆژە و پلانی ئایندەتان چییە؟
لە داهاتوو کاروچالاکی جیاوازمان دەبێت، بەتایبەت لایەنی پەروەردە، ئەم لایەنە کێشەی زۆری هەیە بۆیە دەمانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی ناوچەکە، رێگە چارەو لەمپەرەکان بخەینە روو، بۆ ئەوەی قوتابیانی سنوورەکە گرنگی بە خوێندن و خوێندنەوە و پاراستنی ژینگەو بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریان بدەین، هەروەها لایەنی ژینگە کە پێویستەو گرنگە، بەکلتوور کردنی خویندنەوەی کتێب و لایەنی کلتووری لە ناوچەکە، بەرنامەو پلانی تایبەتمان هەیە، رۆشنبیری تاک یەکێکە لە پرسە گرنگەکان، سازدانی سیمینار لە گشت بوارەکان و کردنەوەی کتێبخانە بۆ قوتابخانەکان ، بەتایبەتی بۆ سنووری دەشتی هێرت لە قەزای سیدەکان.
