خەبات: رۆشنا عەلی:- لە ڕۆژی 25-9-2023 لەیادی ڕۆژی ڕیفراندۆم بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكارتی كوردستان پانێڵێكی بەناوی (ڕیفراندۆم دەسكاریكردنی پۆزەتیڤانەی مێژوو)سازكرد، كە تیایدا ئیسماعیل بێشكچی بیرمەند وكۆمەڵناس و دۆستی گەلی كورد یەكێك بوو لە بەشدار بووانی پانێڵەكە،بەڵام لەبەر دۆخی تەندروستی نەیتوانی ئامادە بێت، تەنها بەكورتە ڤیدیۆیەك كەتایبەت بەو یادە تۆماركرابوو بەشداریكرد. لەبەر گرنگی وتەكانی بێشكچی وەك هەمیشە رۆژنامەی خەبات بە پێویستی زانی دەقی وتەكەی وەك خۆی بڵاو بكاتەوە:

خاڵێكی وەرچەرخان
ڕیفراندۆم لە 25-9- 2017ئەنجامدراو لەسەدا %93 ی خەڵك دەنگی پێدا ئەمە خاڵێكی گرنگی وەرچەرخان بوو بۆ كوردستان بێگومان تەنها بۆ كوردستانی باشور نەبوو، بەڵكو بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ڕوداوێكی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو بووە هۆكاری دروستبوونی جۆش و خرۆشێكی زۆر گەورە، حكومەتەكانی عێراق و ئێران و سوریاش دژی بوون، مانگێك دوای ڕیفراندۆمەكە لە 16ی ئۆكتۆبەر چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر كەركوك و شەڕ لە كەركوك ڕویدا ،ئەو هێزانەی پێشمەرگە كەبەرپرسی پاراستنی كەركوك بوون سەر بە یەكێتی نیشتمانی بوون لەجیاتی پاراستنی كەركوك لەكەركوك كشانەوە بۆیە چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە ئاسانی چوونە ناو كەركوك و كەركوكیان داگیركرد.

داواكاری جەماوەر
لەگەڵ ئەمەشدا لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستاندا كاریگەری خۆیان زیاد كرد تا ئەو ڕۆژە ناوچە دابڕێنراوەكان لە شەنگال تا خانەقین و باشوری خانەقینیش لەدەست كورد دا بوون، بەڵام دوای ئەم ڕووداوانە ئەو ناوچانەش كەوتنەوە دەست سوپاو چەكدارانی حەشدی شەعبی دوای لێدوانەكانی بەڕێزمەسعود بارزانی لە 7 ی حوزەیران ئێران ،توركیاو عێراقیش باسیان لەوە كرد كە دژی ڕیفراندۆمەكەن لەگەڵ ئەمەش ئەمریكا، ئەڵمانیا ،ڕوسیا ، فەڕەنسا و بەریتانیاش باسیان لەوەكرد ئێستا كاتی ڕیفراندۆم نییەو لە دژی وەستانەوە،بەڵام تا 25ی ئەیلولی 2017 سەرەڕای ئەو مشومڕانە جەماوەرێكی یەكجار زۆر هەبوو كە داوای ڕیفراندۆمی دەكرد لە باشورو باكورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستان وپێیان وابوو كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ كوردستان زۆر باش دەبێت،بەڵام هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە 16 ی ئۆكتۆبەر بۆ سەر كەكوك كشانەوەی هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەرپرس بوون لە پاراستنی كەركوك بەبۆچوونی من پەڵەیەكی ڕەشە لەسەر مێژوو تا ئەو ڕۆژە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بە گوێرەی دەستوری عێراق كە لەساڵی 2005 ئامادە كرابوو وەكو هەرێمی كوردستان پێناسە كرابوون،هاوكات ناوچە دابڕێنراوەكانیش كورد تیایاندا باڵا دەست بوو، بەڵام لە 16-17 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017كە پەڵەی ڕەشە لە مێژووی كوردستان ئەو ڕووداوە ڕوویداو دۆخەكەی گۆڕی.

مەرجی دەوڵەتی سەربەخۆ
ئەوەی گرنگە ئەوپرسیارەیە كە دەوڵەتی كوردی چۆن دروست دەبێت؟ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی یەك مەرجی هەیە ئەوەش ئەوەیە كە كورد بۆ خۆی داوای ئەمە بكات ئێران،توركیا ، عێراق و سوریا لە دژی ئەمەن ئەمریكا ، ئەوروپا و وڵاتانی دیكی ڕەنگە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بن بێگومان ئەمە كێشەیەكی گەورەیەو پێویستە كورد ڕووبەڕووی بێتەوە، بەڵام مەرجی تاقانەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی ویستی كوردو سووربوونی كوردە لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی و هەڵسوكەوتكردنی كوردە بە گوێرەی ئەو ویستە، پێویستە جارێكی دیكە سەیری 16ی ئۆكتۆبەر بكەین دوای لێدوانی بەڕێز مەسعود بارزانی لە 7 ی حوزەیران و پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو لێدوانەو پشیتیوانیكردنی لە ڕیفراندۆم بەمانای ویستیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بوو، بەڕێز مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە لێدوانەكانی خۆیان داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكەن ،بەڵام ئەوانەی 16 ی ئۆكتۆبەریان دروستكرد ئەوەیان سەلماند كە دەوڵەتی سەربەخۆیان ناوێت ئەمە لە كاتێكدایە مەرجی تاقانەی دەوڵەتی كوردی یەكگرتن و یەكدەنگی كوردە پێویست بوو ئەوانە وەك چۆن بۆ مووچە بەبەردەوامی خۆپیشاندان و ڕێپێوانیان دەكرد بۆ ڕیفراندۆمەكەش بەبەردەوامی خۆپیشاندان و ڕێپێوانیان كردبا ، بەڵام بەشێك لە یەكێتی ئەمەی نەكرد ئەگەر دەوڵەتتان نەبێـت باش بزانن كە نابنە خاوەنی هیچ شتێیەك كورد پێویستە لەمە تێبگات، دەوڵەتت نەبێت ئازادیت نابێت ئەوەی ئازادیت دەپارێزێت دەوڵەتە دەوڵەتت نەبێت ئازادیت نییە، سەیری وڵاتانی كەنداو بكەن ژمارەی دانیشتوانیان ناگاتە 1 ملیۆن ،بەڵام ئەمانە دەوڵەتن كەچی كورد زیاتر لە 50 ملیۆن كەسەو هێشتا نەبووەتە خاوەنی دەوڵەت ئەو دەسكەوتانەی كەلە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو بەدەست خراون لەسایەی هەرێمی كوردستانەوە بەدەست هاتوونەو پێویستە گرنگییان پێبدرێت بیانپارێزین.

جەمعییەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەرەتای ساڵی 1920 كاندا دامەزرا ، بەڵام هەر لەو سەردەمەدا دەیبینین كە كوردستان و كوردیش پارچە دەكرێت و ئەمەش گورزێكی گەورەیە بۆ سەر كورد هەرچەند هەوڵدان بۆ دروستكردنی جەمعییەتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبوو، بەڵام زوڵمێكی زۆر لە كوردو كوردستان كرا لە ساڵی 1920 پێویستە كورد هەست بەمە بكات بپرسێت ئەم ناهەقییەو ئەم زوڵمە چۆن و بۆچی لەمن كراوە؟
سەرژمێری لە ڕابردوو و ئێستادا، لە ساڵی 1945 لەگەڵ دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەفریقیایی كە داگیركرابوون و بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بەڵام زوڵم و ناهەقی لەسەر كوردو كوردستان هەر بەردەوام بوو، كوردستان و گەلی كورد لەسەر چەند دەوڵەت پارچە كراون دەوڵەتەكانیش نكوڵی لە هەبوونی كوردستان و گەلی كورد دەكەن، لە سالێ‌ 1970 كاتێك مەلا مستەفا بارزانی ڕێكەوتنی ئۆتۆنۆمی لەگەڵ صدام حسین ئیمزا كردووە بە گوێرەی ڕێكەوتنەكە سلێمانی و هەولێرو دهۆك وەك هەرێمی ئۆتۆنۆمی پێناسە كراون و بەشەكانی تریش كە لە كوردستان دابڕێنراون، گوایە كەلە ماوەی دووساڵدا سەرژمێری دەكرێت و ئەگەر ژمارەی كورد زیاد بوو ئەوا دەخرێنە سەر هەرێمی ئۆتۆنۆمی كوردی ،بەڵام ئەگەر عەرەب زیاد بوو ئەوا لەسەر بەغدا دەبن ،بەڵام ئەو سەرژمێرییە سەرەڕای هەوڵی كورد ئەنجام نەدراو دواتر دووبارە شەڕ دەستی پێكردەوە.

با سەیری دەستووری ساڵی 2005 بكەین لەوێش مادەی 140 هەیە، بەڵام دۆخەكە هەروەكو ڕابردووە باس لەوە دەكرێت كەلە ناوچە دابڕێنراوەكان سەرژمێری دەكرێت ئەگەر ژمارەی كورد زیاد بوو ئەوا دەخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێران ، سوریا، توركیا قبوڵ ناكەن ئەو سەرژمێرییە ئەنجام بدرێت ، پێویستە كورد بیر لەپڕۆسەی سەربەخۆیی بكاتەوە خۆی لە دەست و پەنجەی عەرەب و تورك و فارس ڕزگار بكات، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ كورد ، كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە كورد پێویستە بیر لەوە بكاتەوە كە بۆخۆی سوود لەم دەوڵەمەندییانەی كوردستان وەربگرێت لەكاتی بەرقەراری لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی دیكەش پێویستە كورد گرنگی بەوەبدات كەپێویستە خودی كورد سوود لەو دەوڵەمەندییانە وەربگرێت بەڕای من ڕادەستكردنی ئەو دەوڵەمەندییانە بەبەغداد هەنگاوێكی هەڵەیە.