وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 241 ملیۆن دینار دەدات بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە لە پارێزگای سلێمانی.
ئەمڕۆ دووشەممە 02ـی 10ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (241 ملیۆن 595 هەزار و 780 دینار) بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەک پڕۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری.
ڕاشیگەیاند: ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاوە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و دەوروبەری بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی دروستكردنی شەمعەی ئاو لە ناوچەی قڕگە، ڕاكێشانی بۆریی ئاو بۆ چەند كۆڵانێكی گەڕەكی تانجەڕۆ، چاككردنەوەی شكاوی بۆری لە گەڕەكەكانی قەزای شارەزوور، كاری چاكسازیی كڕاندنی قیر لە شاری سلێمانی، ڕاكێشانی بۆریی ئاو لە گەڕەكی زەرگەتە و چارەسەركردنی پیسبوونی ئاو، ڕاكێشانی بۆریی ئاو لە گەڕەكی فەرمانبەران.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو گوژمەیە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكانی دارایی بەپێی پلانی پرۆژەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2023 خەرج دەكرێت.