خەبات – شلێر كۆیی:
ساڵانێكە بازاڕی بەرهەمە دانەوێڵەییە خۆماڵییەكان كز بوو، بەڵام پێدەچیت خەڵك دووبارە بگەڕێنەوە سەر خواردنی ساوار و بڕوێش و گەنمەكوتراوی خۆماڵی، بە گوتەی ئاشەوانێك دوو ساڵە خەڵكێكی زۆر روو لە ئاشەكان دەكەن بۆ باراش لێكردن. ئەو ئاشەوانە دەڵێت: رۆژانە نزیكەی 60 تەنەكە باراش لێدەكەین.
مەریەم : ژنی ئەو زەمان تاقەتیان نییە بۆیە بروش و ساواری خۆماڵی ناخۆن.
بێستوون فەقێ فەتاح لە ساڵی 1984ـەوە ئاشی هەبووە، ئەوكات لە گوند كاری كردووە تا ساڵی 1996 وازی لە كاری ئاشەوانیی و لێكردنی باراش هێناوە و دوای ئەوەش لە ساڵی 2012ـەوە دووبارە دەستی بە ئاشەوانیی كردۆتەوە و تا ئێستا بەردەوامە. ئاشەكەی بێستوون زۆر قەرەباڵغە و بەردەوام خەڵكی لێیە، هەندێكیان لە شارە دوورەكان هاتوون بۆ لێكردنی باراش.
كە سەردانی ئاشەكەی بێستوونمان كرد، خەڵكێك هەبوو لە پیرەمەگروونەوە هات بوو، یەكێك لەو كەسانەی بۆ باراشلێكردن هات بوو گوتی: لای خۆیشمان ئاش هەیە، بەڵامئەوەی ئێرەمان بەدڵە.
شەماڵ سمایل كە لە پیرەمەگروونەوە هاتبوو، گوتی: لای ئێمە ئاش هەیە، بەڵام ئاشی بێستوون باراشی جوان لێدەكات وەك ساوار و بڕوێش و قەرەخەرمان، بۆیە ئێمە هاتووینە بۆ ئێرە.
بێستوونی ئاشەوان بۆ خەبات باس لە كارەكەی و گرنگیی بەرهەمی خۆماڵی دەكات و دەڵێت: كاری ئاشەوانی قورسە، بەڵام بەكارێكی سەربەخۆ و بێمنەتی دەزانم و زۆریش پیرۆزە بەلامەوە كە ئەوكارە دەكەم. گوتیشی: من باراشی ناوخۆ و شارەكانی دیكەش لێدەكەم، بۆ نموونە ئەمڕۆ و دوێنێ لە پیرەمەگروون و كەركوكەوە خەڵك هاتوون، بۆلێكردنی باراشەكانیان.
بێستوون ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرهەمی خۆماڵی گرنگ و تەندروستترە، پێویستە خەڵكی بگەڕێنەوە سەر ژیانی جاران، جاران ساوار و بڕوێش و ئەو شتانە هاوردە نەدەكرا هەر هەمووی بەرهەمی خۆماڵی بوو. بێستوون ئەوەشی خستەڕوو كە لە ساڵی پارەوە خەڵك زیاتر رووی كردۆتە ئاشەكەیان و بەوەش دەردەكەوێت خەڵكی دووبارە حەزیان لە بەرهەمی خۆماڵییە. گوتیشی: ئەمساڵ باراش هەر زۆر زۆرە، بەهۆی ئەوەی بەرهەمی گەنم باش بووە و نرخی گونجاوە و ئەوەی خۆیشی گەنمی نەبێت، دەیكڕێت.
لە ئاشەكەی بیستون ساوارو بڕوێش و گەنمەكوتراو و قەرەخەرمان و هەموو ئەوانە لێدەكریت، تەنیا ئارد نەبێت، بەگوتەی خۆی رۆژانە نزیكەی 50 بۆ60 تەنەكە باراش لێدەكات، بەتایبەت لەو وەرزەی كە ئێستا وەرزی ساوار و بڕوێشە تا مانگی 12 بەردەوام خەڵك باراش دێنێت. بێستوون گوتیشی: گرفتی ئێمە نەبوونی كارەبایە، چونكە ئیشەكەمان بە كارەبایە و زۆرجار بەوەش گرفتمان بۆ دروست دەبێت، چونكە كارەبا زۆركەمە.

مەریەم عوسمان ناوی خوازراوی ژنێكە كە لەگەڵ كچەكەی هاتووە باراش لێبكات لە وەڵامی ئەوەی بۆچی ئێستا ژنان هەر لەماركێتەكان ساوار و دانەوێڵە دەكڕن و ساوار و بڕوێشی خۆماڵی لێناكەن؟ گوتی: لەبەر ئەوەی ژنی ئەو زەمانە خۆی ماندوو ناكات و تاقەتیان نییە.
مەریەم گەنمێكی جیاوازی رەشی هێنابوو، كە لێمان پرسی ئەوە چییە؟ گوتی: ئەوە گەنمی هیندییە برازایەكم لە هیندستان بۆی هێناوین، ئێمەش دامانچاند و كردمانە ساوارو بڕوێش و گەنمەكوتاو. بەگوتەی مەریەم ئەو گەنمە تامی خۆشترە لە گەنمی خۆماڵی.
سەبارەت بەو گەنمە رەشە ئاشەوانەكە گوتی: ئەوە دووەمجارە لەو گەنمەم بۆدێت، گەنمێكی جوانە و خۆم لێم خواردووە، زۆر بەتامە و پێدەچێت بەمشێوەیە ئەو گەنمە لە كوردستانیش برەوەی پێ بدرێت و زۆر ببێت. سەبارەت بەوەی چ گەنمێك بۆ زەخیرە دەبێت و بۆچی ئەوەی لە بازاڕ هاوردە دەكرێت رەنگی جوان و خۆڕاگرترە؟ بێستوون گوتی: هەموو گەنمێك بۆ زەخیرە نابێت، بۆیە جاریوایە دەڵێن ساوارەكە جوان نییە یان بڕوێشەكەی باش نییە، بەڵام بەگشتی گەنمی (ئەكساد و ڕەشگوڵ و تالیا) و چەند گەنمێكی دیكە شیاون بۆ ساوار و بڕوێش.
شایەنی باسە لە سەنتەری قەزای كۆیە سێ ئاش هەیە، لە هەموویان كۆنتر ئاشی مام خدرە، كە تەمەنی نزیكەی 100 ساڵە و هێشتا كار دەكات.