
خەبات- عەلی بانیشاری:
لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو یەكی ئەیلوول، نزیكەی 470 دۆنم زەوی بەهۆی ئاگركەوتنەوە سووتاوە و بە تۆمەتی ئاگرخستنەوەی (بەمەبەست)یش حەوت كەس ڕووبەڕووی یاسا كراونەتەوە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئاگركەوتنەوە زیانی ملیارێك و 450 ملیۆن دیناری لە هاونیشتیمانیان داوە. بەوتەی عەلی قادر، لە هەشت مانگی ڕابردوودا، بەهۆی مەلەكردنەوە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین هەشت كەس خنكاون و 16 كەسیش لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی ناوچەكەوە ڕزگاركراون.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین 713 ڕووداوی ئاگركەوتنەوەی جۆرا و جۆر ڕوویانداوە. گوتیشی: بەپێی خەمڵدانی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین، ئەو ئاگرانەی كەوتوونەتەوە زیانی ملیارێك و 450 ملیۆن و 715 هەزار دیناریان لە هاووڵاتیانی سنوورەكە داوە و هیچ زیانلێكەوتوویەكیش تاوەكو ئێستا قەرەبووی مادی نەكراوەتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین، لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵەوە تاوەكو یەكی ئەیلوول، بەهۆی ئاگركەوتنەوە نزیكەی 470 دۆنم زەوی لە پوش و پاوان و گەنمی جووتیاران سووتاوە. عەلی قادر ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی ئەو ڕووبەرەی بەهۆی ئاگرەوە سوتاوە، ((پوش و پاوانە)). ئاشكراشیكرد، حەوت كەس بەتۆمەتی ئاگرخستنەوە دراون بە دادگا.
ناوبراو زیاتر گوتی: زۆرینەی ئەو ئاگرانەی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین كەوتوونەتەوە بەمەبەست بوون، بەڵام بەشێك لە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكان نادیارن. ڕاشیگەیاند، چەند جارێك بەهۆی دەڕاسە و ئامێرەكانی كاكوتان و كەمتەرخەمییەوە لە سنووری ڕاپەڕین ئاگركەوتووەتەوە و پاش چەند جارێك لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەكە كەسەكە دەستگیركراوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا كراوە.
سەبارەت بە ڕووداوەكانی خنكان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین گوتی: لە هەشت مانگی ڕابردوودا، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین هەشت حاڵەتی خنكاون لە ئاودا تۆماركراوە و تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیش توانیوویانە 16 كەس لە خنكان ڕزگار بكەن. لەبارەی چاودێركردنی هاووڵاتیان لە كاتی مەلەكردندا، عەلی قادر دەڵێت: تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی و تیمێكی شەش كەسی رزگاركردن بەشێوەی خۆبەخش بە بەردەوامی چاودێری دەربەندی ڕانیە و بەنداوی سەروچاوە دەكەن بۆ ئەوەی هیچ كەسێك لە كاتی مەلەكردندا نەخنكێت، لە ماوەكانی ڕابردوویشدا تیمی زیاتری چاودێریمان ئەو شوێنانە ناردووە كە هاووڵاتیان بۆ مەلەكردن ڕووی تێدەكەن.
ئەو دەشڵێت: ئەو كەسانی دەیانەوێت مەلە بكەن دەبێت شارەزای شوێنەكە بن، مەلەكردن لە ئاوی قوڵ و سارد و لێڵ و بەخوڕدا قەدەغەیە، چونكە جێگەی مەترسییە و ئەگەری ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەكرێت. هەروەها گوتیشی: ئەو شوێنەی مەلەی تێدا دەكرێت دەبێت ئاوەكەی وەستا و ڕوون بێت. گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین نایشارێتەوە، بەهۆی فراوانی دەربەندی ڕانیە، كۆنترۆڵكردن دەریاچەكە بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی ئاسان نییە و وەكو ئەو دەڵێت ((بە 10 تیمیش ناتوانین دەربەندەكە كۆنتڕۆڵ بكەین)).
بەرگری شارستانی ڕاپەڕین و گەشتووگوزاری سنوورەكە ڕێنمایایان لەو شوێنانە بڵاوكردووەتەوە كە بۆ مەلەكردن شیاو نییە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە پێشتر هاووڵاتی تێدا خنكاوە. عەلی قادر لەو بارەیەوە دەڵێت: بەداخەوە بەشێك لە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەكانی ئێمە نابن و سەرئەنجام ڕووداوی دڵتەزێن ڕوودەدات.
سەبارەت بە بوونی ئامێری پێویست لە بەردەستی تیمەكانی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر و ڕزگاركردنی هاووڵاتیان لە كاتی خنكان، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین گوتی: وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك ئامێر و كەلوپەلی بۆ دابینكردووین، بەڵام چاومان لە شتی زیاترە، چونكە سنوورەكە لە ڕووی ڕووبەرەوە فراوانە و چیا و دۆڵ و شوێنی سەختی زۆرە و پێویستی بە ئامێر و كەرەستە و كەلوپەلی زیاترە.