زانیار سەردار قڕگەیی- سلێمانی:
ئەم دیوانە شیعـرییە بریتییە لە كتێبێكی جوان و بەرگێكی رازاوە، لە بەرگی پێشەوەیدا نووسراوە (دیوانی حاجی باقی- بەنگینە)، (۱۹۷۲-۱۹۰۸). لە بەرگی دواوەیدا وێنەیەكی شاعیر و پارچە شیعرێكی لەخۆ گرتووە و بە لاتینی هەمان نووسراوی بەرگی یەكەم دووبارە نووسراوەتەوە.
ئەم كتێبە بریتییە لە چەندین پارچە شیعری جۆراوجۆری نایابی حاجی باقی، كە ناسراوە بە (بەنگینە)ی شاعیر. مامۆستا عوسمان هەورامیی شاعیر ئەركی كۆكردنەوە و ئامادەكردنی گرتووەتە ئەستۆ و لەسەر ئەركی (خەبات تۆفیق بەنگینە)، واتە كوڕەزای شاعیر بە چاپ گەیەنراوە، كە بریتییە لە (۱۸۹) لاپەڕە، لە لایەن عوسمان هەورامییەوە پێشەكییەكی بەپێز و بەبڕشتی بۆ نووسراوە، كە بەشێكی لەم لایەنەدا خۆی بەرجەستە دەكات و دەڵێت: (بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی هەیبوون و لای كاك نووری بەنگینەی كوڕی بەجێماون، ئەم شاعیرەمان ناوی فەیزوڵا باقر ئەحمەدە، ساڵی (۱۹۰۸) لە شـاری سەقز لەدایك بووە، لەبەر دژواریی باری ژیان و بژێوی سەخت، لە گەرمەی تەمەنیدا ڕووی كردووەتە شاری سلێمانی و تێیدا نیشتەجێ بووە.
لە سەردەمی (پیرەمێرد)ی نەمردا چەند جارێك شانۆگەریی (مەم و زین) پێشكەش كراوە، شاعیریشمان پیرەمێرد ئەو ناوەی لێناوە و هەر بەو ناوەشەوە لە رۆژنامەی (ژیان و ژین)دا هۆنراوەی بڵاو كردووتەوە و ناوی (بەنگینە)، یان (حاجی باقی بەنگینە) بووەتە ناسنامەی.)
هەروەها هەر لە پێشەكییەكەدا وتەیەكی شاعیر (محەمەد ساڵح دیلان)ی تێدایە كە دەڵێت: (بەنگینە گەلێ پێی خـۆش بوو بەم ناوەوە بانگ دەكرا و زۆریش شـانازیی پێوە دەكرد.)
هەروەها عوسمان هەورامییش دەڵێت: (ئەم شاعیرە تا دوا هەناسەی ژینی لەگەڵ كاروانی خۆشی و تاڵی، شادی و ناهەمواریی كوردی قارەماندا بوو. سەرەنجام رۆژی (15ی9ی1972) لە شاری سلێمانی و بۆ دواجـار ماڵئاوایی كرد و سەیوانی پیرۆز گرتییە باوەشی خۆی.)
هەروەها دەڵێت: (بە پێویستم زانیوە، كە بۆ دەوڵەمەندكردنی و هەڵسەنگاندنێكی زۆر مەزن، بیرەوەریی دوو بەڕێز وەرگرم) ئینجا دەڵێت: (دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەم بەرهەمە لە ئەمیندارێتیی رۆشنبیریی ئەوسای ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، لە هەولێر مایەوە و سەرەنجام درایە دواوە. بێ گومان هەر لەبەر ئەوەبوو، سەراپا هۆنراوەكـان رێچكەی نەتەوەییان گرتووەتە بەر و پڕن لە كڵپەی نیشتمانپەروەری و مرۆڤایەتی.
لە هەمان كاتدا دڵنیام لەملا و لەولاش هۆنراوەی دیكەی بەنگینە هەن و بەردەستم نەكەوتوون، هیوادارم بەدەست بكەون و لە چاپی ئایندەدا جێی خۆیان بگرن).
كاكە تۆفیق بەنگینە، كوڕی شاعیریش گوتی: (لەبەر ترس و تۆقاندنی ڕژێمە فاشستەكان، گەلێك هۆنراوەی سووتێنراون).
(عوسمان هەورامی) لەكۆتایی پێشەكییەكەیدا دەنووسێت: (ئەشێ ئەوەش بڵێم، لەبەر ئەركی زۆر و زەبەندی چاپەمەنی، ناچار بووم پێشەكییەكە، كە توێژینەوەیەكی زۆری لەخۆ گرتووە، كورت بكەمەوە و گەلێ پەراوێزیش لابەرم).
پاشان لەسەرەتای دەسپێكی دیوانەكەدا وێنەیەكی شاعیر (بەنگینە)ی تێدا بڵاو كراوەتەوە و لەژێر وێنەكەدا پارچە هۆنراوەیەك نووسراوە، تێیدا شاعیر ئامۆژگارۆی توێژی لاوانی ئەو سەردەمە دەكات، كە لەدوای ئەم و چەندینی وەك ئەم، درێژە بە كاروانی ڕەوتی خەباتی كوردایەتی بدەن، تا دەگەن بە ئامانج. بەم شێوەیە كە دەڵێت:
ئەوا من مردم، نەگەیمە ئاوات
لاوان، لامەدەن لە كۆڕی خەبات
(بەنگینە) هیوای وایە بە یەزدان
هەر ئاوەدانبێ خاكی كوردستان
ئینجا چەندین پارچە هۆنراوە لە لاپەڕەكانی دیكەدا دەبینرێن، كە لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمەدا بڵاو كراونەتەوە، بەسەر كەسێتییە هەڵكەوتووەكانی كورددا و شاعیرە ناودارەكانی كوردیدا نووسیوە، وەك (مستەفا پاشای یاموڵكی)، (حاجی شێخ نووری)، كە زانایەكی پایە بەرز و بەتوانا بووە، (شێخ بابە عەلی)ش كە زانایەكی بەناوبانگە، لەگەڵ چەندین شاعیر و هونەرمەندی وەك (پیرەمێردی نەمر، قانع، موفتی پێنجوێنی، مەولەوی، مامۆستا عەبدولواحید نووری، هونەرمەند عەلی مەردان). لەگەڵ چەندین شیعری دیكە، كە بۆ بۆنە نەتەوەییەكانی وەك (نەورۆز و بەهار و دواكەوتنی هۆز و بابەتی زانستی و ئایینی و هونەری و دڵداری و ئامۆژگاری و نەتەوەیی و نیشتمانی و قوتابییان و لاوان و كرێكاران و جووتیاران و..تاد. نووسراون.
عوسمان هەورامی باس لە چۆنیەتیی ئامادەكردنی ئەم دیوانە دەكات و دەڵێت: (لە پاییزی (۱۹۷۹)دا، بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام خەریكی گەشتی ژمارەكانی رۆژنامەی (ژیان، ژین) بووم و لە ئەنجامدا لە توێی دوو دەفتەری سـەد پەڕەیـیـدا، چەندان دەق و هۆنراوەم تۆمار كردن، هۆنراوەكانی (حاجی باقی بەنگینە)ش بەشێكی زۆریان گرتەوە، بەداخەوە ئامادەكردنی دیوانەكە زۆر دواكەوت. لە هاوینی ساڵی (١٩٨٤)دا، لەگەڵ كاكە (نووری بەنگینە)ی كوڕی شاعیر باسی كۆكردنەوەی دیوانەكەی باوكیم كرد، گەلێك پێی خۆش بوو).
هەروەها باسی بوارە گەشەكانی هۆنراوەكانی دەكات و دەڵێت: (بەنگینە دەسنەمامێكی گەش و پاراوی گوڵزاری بەرینی پیرەمێرد بووە، بە شاعیرێكی میللی ناسراوە.
دیارە شاعیری میللییە و راست بە زمانی زۆربەی گەل و توێژ و چینی جووتیار و كرێكار و پاڵە و رەنجدەران دەدوێ، لەنزیكەوە ئاگاداری دەرد و هەست و ئاواتی جەماوەری گەلەكەیەتی، هەمووان بەئاسانی لە مەبەست و ناوەرۆك و ئامانجی هۆنراوەكانی دەگەین و كاریگەرییان ڕوون و ئاشكرایە.
لە هۆنراوەكانیدا چاك دەردەكەوێ، بۆ هەر یەكێ لەم بوار و ئامانجانە خەرمانی هۆنراوەی نووسیوە: كوردایەتی، كۆمەڵایەتی، پیرەمێرد، رۆژنامەی- (ژیان و ژین)، قوتابخانەی زانستی، نەورۆز، گوتارەكان، جەنگ و گرانی، ئاشتی، نامەنووسین بۆ شاعیرە ناودارەكـان، شین بۆ بلیمەتانی كۆچكردووی سەردەمی خۆی..تاد.
لە هەمان كاتدا گەلێك كارەسات و بەسەرهات و رووداویشی تۆمار كردوون، وەك سەرچاوە كەڵكیان لێ وەردەگیرێ).
بێ گومان لەم نووسراوەدا دەردەكەوێ، كە عوسمان هەورامیی شاعیر زۆر ماندوو بووە بۆ وەدەرخستن و زیاتر كۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر (بەنگینە)ی شاعیر، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، پەنای بردووەتە بەر چەندین مامۆستای ناودار و شارەزا، بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردن و ڕوونكردنەوەی بەرهەمەكە، تا زیاتر بەپێز بێت. هەروەك خۆی ئاماژەی پێدەكات، لەوانە (م. كەریم زەند، عەبدولقادر دەباغی، مەلا عەلی محەمەد رۆستەمی كەنووشی) و (كتێبخانەی گشتی، كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، مۆزەخانەی سلێمانی)، ئەمانیش بەگوێرەی شارەزاییان ناوی گەلێ شوێن و گوند و شاخیان بۆ روون كردووەتەوە، پاشانیش سوپاسیان دەكات، كە زۆر ئەركی خستووەتە سەریان.
هەروەها شیعرێكی نایابی تێدایە بەناوی (شێخ مەحموودی نەمر)، كە بە مەلیكی كـوردسـتـانی هەڵگوتووە.
شیعرەكـانی (بەنگینە)، كە لە ساڵی (١٩٦٠)دا بە ناوی (كوردی دیموكرات) بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستاندا نووسیویەتی، دەڵێت:
كوردم پارتی دیموكراتم
خەبات دەكەم بۆ وڵاتم
خاوەن عەزم و پەباتم
مەڕوانە هەژار و لاتم
كوردم نەوەی كوردی شێرم
دەمێكە بە دوژمن فێرم
چیای زۆر سەختە سەنگەرم
دوژمن با، بێ بەرامبەرم
ئەزانم چۆن ئەیبەزێنم
هەتا ئەمرێ ئەیمرێنم
شیعرێكی بەنگینەی شاعیر لە دیوانەكەدایە، كە هیوا و ئاواتی ئەم شاعیرە ئەوە بووە، كە نەتەوەكەی لە زوڵم و زۆرداری رزگاری بێت و تەنانەت باس لەوە دەكات، كە ئەگەر لەدوای مردنی ئەمیش، گەلەكەی رزگاری بوو، ئەوا شاعیر لە گۆڕەكەشدا شاد دەبێت و دەڵێت:

وەسیەتی بەنگینە
ئاواتی من بوو، رزگاریی كوردان
وەسیەت بۆ ئێوە دەستەی هاوفەردان
ئەوا من مردم نەگەیمە ئاوات
لاوان لامەدەن لە كۆڕی خەبات
تا رزگار ئەبێ كورد و كوردستان
بەڵكوو سارێژ بێ زامی شەهیدان
هەر كات رزگار بوو كوردی قارەمان
من لە گۆڕیشدا، ئەبم شادمان
(بەنگینە) هیوای وایە بە یەزدان
هەر ئاوەدان بێ خاكی كوردس
((بەنگینە و بواری پەخشان))
مامۆستا عوسمان هەورامی دەڵێت: لە گەشتی رۆژنامەی (ژیان- ژین) و گـۆڤـارە كوردییەكانی سەردەمی ژیانی شاعیرماندا، تەنیا سێ پارچە پەخشانیم بەرچاو كەوتوون، یەكەمیان لە ژمارە (٤٧٧) رۆژی۲ی مایسی (١٩٣٦)ی رۆژنامەی (ژیان)دا بڵاو كراوەتەوە، دووەمیان لە هەمان رۆژنامەدا، ژمارە (٥٠٧ – رۆژی۲۱ی كانوونی یەكەمی ۱٩٣٦)، سێیەمیشیان لە رۆژنـامەی (ژین)دا، (ژمارە – ١٥١٨- روژی ۲۱ی مارتی ١٩٦٠)، لەژێر سەرباسی (زانستی و مێژووی كاوە و نەورۆز)دا، كە تێیدا زۆرتر یادی پیرەمێردی نەمری كردووتەوە و باسی ئەو هەموو ئازار و ئەشكەنجەیە دەكات، لەپێناو كۆكردنەوەی خەڵك و كردنەوەی ئاگری نەورۆز و جەژنی نەورۆز و خزمەتی قوتابخانەی زانستیدا دوچاریان بووە. بەنگینەی شاعیر، لە پەخشانیشدا زمانێكی ڕەوان و بێقۆرت و گرێی هەیە، بەشێوەیەكی سادە و ڕوون مەبەست دەدا بەدەسـتەوە. لەم بوارەشدا و بۆ نموونەی پەخشانی ڕەوانی، ئەم دوو بابەتەی تۆمار دەكەم.

بەنگینەی شاعیر دەنووسیت:
“بۆ ژیان پێشكەشە.
ئەم جەژنی ڕەمەزانە، تەمسیلێكی كتوپڕمان كرد. بە ناوی تەلەبەكانی زانستییەوە سپاسی ئەو كەسانە دەكەین، كە رەزامەند بوون بۆ هاتنی تەمسیلەكە.
هەرچەندە مەیدانی خۆهەڵكێشان خراپە، ئەمما هێشتا فەخرە بۆ وەتەنەكەمان، كە بە شەو و رۆژێك ریوایەتی پاشایەكی كۆنمان كرد، یەعنی سلێمان پاشا، ناسراوە لەگەڵ شەریف چەلەبی و كوێخاكانی هەمەوەنددا، عەینی وەزعیەتی ئەو وەختەمان هێنایە پێش چاوی برا كوردەكانمان. هەرچەندە ئێمە بۆ پارەی ناكەین، خزمەتێكە بۆ وەتەنەكەمانی دەكەین.
بەڵام داخ بۆ ئەو كەسانە، كە رەزامەندییان نەنواند بۆ هاتنی تەمسیلەكەمان، ئەگەر لۆتییەك، مەیموونێك، یاخود ورچێكی پێبوایە، ئەتوانم بڵێم هەموو شاری سلێمانی ئەهاتنە سەیری؛ خۆ نازانن ئێمە غایەمان هیچ نییە، ئیللا خزمەتی زانستی نەبێ. بە فرسـەتی ئەزانین، هەموو جەژنێك تەمسیلێك بۆ خۆمان ئەكەین”.
* قوتابیی زانست: بەنگینە
هەر لەنێو ئەم دیوانەی بەنگینەی شاعیردا، شیعرێكی بەنگینەی تێدایە، كـە شیوەنێك بۆ شێخ مەحموودی مـەلیكی كوردستان دەكـات و باسی كۆچی دواییەكەی دەكات.
عوسمان هەورامی دەڵێت:
“ئەم هۆنراوەیەم لە كاسێتی كاك نووری بەنگینە وەرگرت، كە لە باوكییەوە بۆی ماوەتەوە، كاك باقی حوسێن ئەحمەد بەقاڵ، كە ئێستا موختاری گەڕەكی گۆیژەیە لە سلێمانی، بە دەنگە زۆر خۆشەكەی و بە شێوەیەكی زۆر دڵگیر و جوان و بە ئاوازێكی زۆر نایاب، ئەم هۆنراوەیەی چركاندووە و زۆر بە جۆش و كوڵەوە تۆماری كردووە. شایانی یادكردنەوەیە، كە لە هیچ سەرچاوەیەكی چاپكراودا ئەم هۆنراوەیەم بەتەواوی بەرچاو نەكەوتووە، لەم دواییەدا، لە ژمارە – ٨٦٦- رۆژی (١٩٨٦/١١/٢٠)ی (هاوكاری)، مامۆسـتـا مەحموود لە وتارێكدا لەبارەی بەنگینەوە (حاجی باقی بەنگینە. شاعیرێكی میللی لەبیر كراوە) بـەشێك لەم هۆنراوەیەی بڵاو كردبووەوە.”
ئەمەش دەقی ئەو شیعری شاعیر بەنگینەیە، بە ناوی (شینی شێخ مەحموودی نەمر):
ئەی دڵ كۆستی وا هەر نەبینراوە
بۆ هەڵناقرچێی بەدەم جەفاوە
هاوار سێبەری نیشتمانم ڕۆ
سەرداری گەلی كوردستانم ڕۆ
شەڕی دەربەند و بەردەقارەمان
بووە بە مێژوو بۆ گەلی كوردان
لەشكركێشییەكەی ئەو ساڵەی پیران
ئەتوت ڕۆستەمە و هاتووە لە سیستان
با دڵ بناڵێ بەدەم دەردەوە
بە شین و ڕۆ ڕۆ و بەم چەند فەردەوە
هاوار بەندی دڵ برا بە جارێ
قەڵای قەومی كورد رووخایە خوارێ
سەرداری گەلی خێر نەدیوم ڕۆ
ئازا وەك رۆستەم، جوان وەك گیوم ڕۆ
گریان بەشمان بێ كوردی جیهانی
بێ گەورە ماوین لە دنیای فانی
ڕۆژی ئاوباریك هەر یادگارە
وەك چەنە قەلعە لە خەڵكان دیارە.
هەروەها بەنگینەی شاعیر، وەك هەمیشە بە چاوی پڕ رێز و خۆشەویستییەوە لە سەردار و رابەرانی كوردی روانیوە، لە ساڵی 1970شدا سەرۆكی شۆڕشی كورد (مستەفا بارزانیی) بەسەر كردووەتەوە و كۆپلەیەك هۆنراوەی بەناوی (بژی بارزانی) بۆ دەنووسێت و بڵاو دەكاتەوە.
گۆڤاری (برایەتی) لە ژمارە (4)ی سەرەتای ئەیلوولی 1970، لاپەڕە (61)دا سەبارەت بەو هۆنراوەیە بەمشێوەیە دەنووسێت: “(مامۆستا بەنگینە) لە سلێمانییەوە، بە پارچە هەڵبەستێكی تەڕ و پاراو، بە شان و باڵی كۆنگرەی هەشتەمی پارتیمانی هەڵداوە و قەدری سەرۆكی پارتی و پێشمەرگەی گرتووە. بەگینە تیایدا دەڵێت:
بــــــــژی بــــــــــــــــــــارزانــــی
كـــوردستانی كرد بە ئاوەدانی..
بژی پێشمەرگەی پارتی پێشڕەومان
خۆی كرد بە قوربان گەل و نیشتمان”.
لەكۆتایی دیوانەكەشدا شیعرێكی تێدا بڵاو كراوەتەوە، كە نووری بەنگینەی كوڕی شاعیر دوای كۆچی دوایی شاعیر و بە بۆنەی چلەی شاعیرەوە نووسیویەتی، ئەمەش كۆپلەیەكی شیعرەكەیە:
چیت پێشكەش بكەم، باوكی بەڕێزم
رۆشنیی چاو و توانا و هێزم!
كۆچی دوایی تۆ سەرسامی كردووم
بەجارێ هۆش و ئارامی بردووم
ماڵئاواییت خواست، نابەدڵ، ناكاو
بۆ گیانی پاكت هەزاران سڵاو.
وێردی زوبانت كورد و كوردستان
گیانت بە بەهەشت شادبی، شادمان..
لەكۆتاییدا هەر ئەوە ماوە، كە دەستخۆشی لە شاعیری بەئەزموون و كوردپەروەر و خامەرەنگین، رەوانشاد (حاجی باقی- بەنگینەی شاعیر) بكەین بۆ ئەم بەرهەمە نایابە. هەروەها دەستخۆشیش لە عوسمان هەورامی بكەین، كە ماوەیەكی دوور و درێژ كاتی خۆی تەرخـان كـردووە و ماندووبوونێكی زۆری چەشتووە، لەپێناو بە ئەنجام گەیاندن و ساغكردنەوەی ئەم دیوانە شیعرییە نایابەدا.
وەك خۆم ئەوەی دەمەوێت لەم بابەتەدا ئاماژەی پێ بدەم، هەڵوێستی جوامێرانەی مامۆستا (عوسمان هەورامییە)، كە وەك لە بەڕێزیانم بـیسـتبوو، لە ئەنجامی ئەو هەموو كۆشش و زەحمەتە درێژخایەنەی لە بەرهەمهێنانی ئەم دیوانە شیعرییەدا كێشاویەتی، هیچ سوودێكی ماددیی بەدەست نەهێناوە، لە هەمان كاتدا خـۆیشی مەبەستی سوودی ماددیی نەبووە، بەڵكوو مەبەستی بوو، كە ئەم شاعیرە نەتەوەییە خزمەت و تێكۆشانەكەی لە بواری شیعردا بزر نەبێ و شاعـیرەكەش نەبێتە سەربازێكی گومناو لە دیرۆكی شیعری كوردیدا، بۆیە سۆز و ماندووبوونێكی زۆری لەپێناو بە چاپ گەیاندنی خستووەتە گەڕ، تا خوێنەرانی ئازیزیش سوودێكی باشی لێوەربگرن و ئەم شاعیرە گەورە بێ نازەش ڕەنجی چەند ساڵەی بە با نەچێت.
جێی خۆیەتی ئەرك و ماندووبوون و كۆششی بێ وچانی هەموو ئەوانە بەرز بنرخێنین، كە لەم كارەدا ماندوو بوون. هیوادارین وێنەیان هەر لە زیادبـوونـدا بێت، بۆ ساخكردنەوەی دیوانە شیعرییەكان و بابەت و نووسینەكانی نووسەر و شاعیر و كەسێتییە ناودارەكان و مێژووی شوێن و خزمەتكردن بەتەواوی بوارە جیاجیاكان، تا كەلێنێك لە كتێبخانەی كوردی پڕ بكەنەوە و زانیاری و سوودی زیاتر بگەیەنن.

* تێبینی: مامۆستا عوسمان هەورامیی شاعیر كە ئەركی كۆكردنەوە و ئامادەكردنی ئەم دیوانەی گرتووەتە ئەستۆ و پێشەكی بۆ نووسیوە، بەداخەوە لە 15ی10ی2021 بە (نەخۆشی كۆرۆنا) كۆچی دوایی كرد.