A person looks at the damage at the site following a fatal fire at a wedding celebration, in the district of Hamdaniya in Iraq's Nineveh province, Iraq, September 27, 2023. REUTERS/Khalid Al-Mousily

شەوی رابردوو لە هۆڵێكی بۆنەكانی (هەیسەم) لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی بووكگواستنەوەیەك، ئاگر لە هۆڵەكە كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووانی ئاهەنگەكە، كە لە پێكهاتەی مەسیحیین، گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون، بەپێی زانییارییەكانیش، نۆ كەس لەسەر ئاگركەوتنەكە دەستگیر كراون.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2023، عەبدوڵا جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا ڕایگەیاندووە، نۆ کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵێكی ئاهەنگی بووك و زاوایەك لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، دەستگیر کراون، لای خۆشیانەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چوار خاوەنی هۆڵەكە دەركردووە.

عەبدوڵا جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، بۆ میدیا عەرەبییەكان ئاماژە بەوە دەكات، هۆڵی ئاهەنگەكە هیچ لە مەرجەکانی سەلامەتیی تێدا ڕەچاو نەکراوە و لە کاتی هەڵهاتنی خەڵك لەناو هۆڵەکە، زۆرترین قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

ئەم بەرپرسەی عێراق دەشڵێ، دەرگاکانی پشتەوەی هۆڵەکە لە کاتی ئاگرکەوتنەوە داخراو بوونە.

بەپێی ئەو زانیاری و هەواڵانەی لە میدیاكانیش لەسەر زاری بەرپرسان بڵاو دەكرێنەوە، هۆڵی بۆنەكانی هەیسەم مەرجەكانی سەلامەتیی تێدا نەبووە.