سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سلێمانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كرد كە سەرۆك كۆماری عێراق و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئیداری و حزبیی عێراق و هەرێمی كوردستان و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئامادەی بوون.
لە ڕێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هەڵبژاردن وەك بنەمای سەرەكیی ڕەوایەتیی دەسەڵات و حوكمڕانی، بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە یەكەم و هەرە لەپێشەوە بێت‌. دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان كار بكەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو، دەنگدانێكی سەركەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت.
هەروەها گوتی :هەرێمێكی كوردستانی بەهێز دەتوانێت ڕۆڵ و ئامادەیی و كاریگەریی باشتری لە بەغدا و لەسەر ئاستی هەموو عێراق هەبێت. دەتوانێت باشتر بەرگری لە دەستكەوتەكان و مافە دەستوورییەكانی بكات. دەتوانێت جێگەیەكی باشتر و بەهێزتر لە ناوچەكە و لە جیهاندا بگرێت. بۆیە بە پەلەی یەكەم ئەركی پارتی و یەكێتییە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا، كار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن بكەن.
هەروەها گوتیشی: هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەموو كێشە و ناكۆكییەكانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات. ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە حكوومەتی عێراقی فیدراڵی بەپێی ڕێككەوتنە سیاسییەكان و یاسا و دەستوور و سیستەمی فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات. نابێ بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێتە بارمتەی ناكۆكیی سیاسی.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا،دەبێ لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری حكوومەتی فیدراڵی، یارمەتیدەر و پشتیوانی سەرۆك وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییەكان. دەبێ هەموو كەس و لایەن و هێزەكان لە عێراق بزانن كە دروستكردنی كێشەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان، هیچ خزمەتێك بە عێراق ناكات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی پێكهێنەری حکومەتی عێراق، یارمەتیدەر و پشتیوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، دروستکردنی کێشەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان هیچ خزمەتێک بە عێراق ناکات، گوتیشی: ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، ئارامی و پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق.