خەبات: هێمن ئاری:- دەرمان ئاوا، کانیاوێکە سەرچاوەکەی دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی چیای قەرچوغ نزیک ( ئاشی با ) و کانی غەزەلان. دەرمان ئاوا لەئێستادا کەوتۆتە ناو کەمپی پەنابەرانی مخمور، ئەگەرچی ئاوەکە بەهۆی بۆنی گۆگرد و کانزا بەکەڵکی خواردنەوە نەۆەها بەڵام لەکۆنەوە تا ساڵانی کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو خەڵکی ناوچەکە سوودیان لێوەردەگرت و بۆ پێداویستی خۆیان ئاوەکەیان بەکار دەهێنا. ئاوەکەی بۆ گوندی قەسران دەهات لەلایەن خەڵکی مەخمور ئاودانی بەروبوومی کشتوکاڵی و برنج و دانەوێڵە یان پێ بەرهەم دەهێنا، لەوێشەوە ئەو ئاوی زیاد بوو بۆ بەشی خۆرئاوای و مخمور قەڵای مەخمور دەڕۆیشت خەڵکی ناوچەکە بۆ ئاودێری سودیان لێوەردەگرت.

جیا لەسوودی کشتوکاڵی بەهۆی زۆری ئاوەکەییەوە بۆ ئاش و هاڕینی دانەوێڵەش سوودی لێوەردەگیرا، بەدووری چەند سەد مەترێک لەخوارووی کانییەکە جاران ئاشێک هەبوو بەناوی (ئاشی شێخی چۆڵی) خەڵک بۆ هاڕینی دانەوێڵە و ئارد و ساوار باراشیان لێدەکرد. بەڵام لەئێستادا وەک زۆربەی کانیاوەکانی دیکەی ناوچەکە سەرچاوەکەی وشکبووە ئەوەی ماوەتەوە تەنها شوێنی کانیاوەکە و پاشماوەی ئاسەواری ئاشەکەیە.هەرەوها سوودێکی دیکە ئاوی ئەو کانییە بۆ خەڵکی ناوچەکە سوودی ئاژەڵداری بوو بۆ خاوەن مەڕو ماڵاتەکان ساڵانە بۆ دەرمانکردن و پاراستنی ئاژەڵەکانیان بەهۆی سوود وەرگرتن لەدروستکردنی حەوزێکی گەورەی ئاو لەلایەن حکوومەتەوە سوودیان لێوەردەگرت.

هەروەها زۆرێک لەو کەسانەی نەخۆشی هەستیاری پێستیان هەبوو دەچوون بۆ سەر ئەو کانیاوە بەهۆی جۆری ئاو و قۆڕی ژێر کانییە سوودیان لێوەردەگرت بگرە لەناوچەکانی دیکەش خەڵک بەمەبەستی چارەسەر دەهاتن سوودیان لێوەردەگرت.