خەبات: عەلی بانیشاری:- بەهۆی زۆری داواكاری بۆ خانووی كرێ، لە شاری هەولێر و دەوروبەری بە ڕێژەی 30% كرێی خانوو بەرزبووەتەوە و نوسینگەكانی خانووبەرەش دەڵێن: خانوو بۆ كرێ دەست ناكەوێت و ڕۆژانە دەیان كەس بۆ ئەو مەبەستە سەردانمان دەكەن، بەڵام بە دەستبەتاڵی دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ. بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی خانووبەرە، 50-60%ی ئەوانەی بۆ خانووی كرێ دەپرسن ((هاووڵاتیانی بەڕەگەز عەرەب و بیانین و 40%یشیان هاووڵاتیانی كوردن)). شارەزایانی كەرتی خانووبەرە، چەند هۆكارێك دەستنیشان دەكەن كە بوونەتە هۆی (كەمبوونەوە یان نەبوونی خانووی كرێ). یەكێك لەو كرێچانەی لەم بەدواداچوونەدا قسەی بۆ (خەبات) كردووە دەڵێت: دوو هەفتەیە بەدوای خانووی كرێدا دەگەڕێم، بەڵام دەستم نەكەوتووە.
نرخی كرێی خانوو بە ڕێژەی 30% بەرزبووەتەوە
سەعید خۆشناو، خاوەنی نوسینگەی ناڵەشكێن بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو لە شارۆچكەی كەسنەزانی سەر بە قەزای دەشتی هەولێر دەڵێت: ساڵی ڕابردوو لە شارۆچكەی كەسنەزان خانوویەكی 125 مەتری یەك نهۆمی كرێی مانگانەكەی 250 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا هەمان خانوو بە 350 هەزار دینار بەكرێ دراوە، خانووی دوو نهۆمی 125 مەتری پێشتر بە 300 هەزار دینار بە كرێ دەدرا، بەڵام ئێستا خانوویەكی لەو شێوەیە كرێی مانگانەكەی بۆ 400 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە كرێی مانگانەی خانووی شار و گەڕەكە نوێیەكانی كەسنەزان و دەوروبەری، سەعید خۆشناو ئاماژەی بەوەدا، خانووی 200 مەتری لە ئایندەی یەك و دوو، لاوان سیتی و یەكی شوبات و گەڕەكی 11ی ئازار كرێی مانگانەكەی بووەتە 600 هەزار دینار، لە كاتێكدا پێشتر خانووی كرێ لەو شوێنانە مانگانە بە 450-500 هەزار دینار بوو. ناوبراو دەشڵێت: نزیكەی 100 كەس ناویان بۆ خانووی كرێ لامان تۆماركردووە، بەڵام هیچ خانوویەكی كرێمان نییە، هەروەها گوتیشی: مانگانە 80-90 كەس بۆ خانووی كرێ سەردانمان دەكەن، بەڵام لەو ماوەیەدا تەنیا دوو بۆ سێ خانووی كرێ دێتە لامان. سەعید خۆشناو زیاتر گوتی: زۆرینەی ئەوانەی بەدوای خانووی كرێدا دەگەڕێن كوردی ڕۆژئاوا و عەرەبن و بەشێكی كەمیشیان تورك و ئێرانین. بەگوتەی خاوەنی نوسینگەی ناڵەشكێن، بەهۆی زۆری خواست لەسەر خانووی كرێ، لە 30%ی نرخی كرێی خانوو لە هەولێر بەرزبووەتەوە.
لەبەر چوار هۆكار، خانوو بۆ كرێ دەست ناكەوێت
كەریم بەگ باسەرەیی، هاوبەشی سەعید خۆشناوە لە هەمان نوسینگەی خانووبەرە و دەڵێت: چەند هۆكارێك وایانكردووە خانووی كرێ دەست نەكەوێت یاخود زۆر كەم بێت، لەوانە (یەكەم: چەندین ساڵە زەوی دابەش نەكراوە، ئەوەش وایكردووە كەمتر خانووی نوێ دروست بكرێت. دووەم: ڕێگەنەدات بە دروستكردنی خانوو لەسەر زەوی كارت. سێهەم: خەڵكێكی زۆر لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و گوندەكان و وڵاتانی دراوسێوە ڕوویان لە هەولێر كردووە و زۆرینەیان بەدوای خانووی كرێدا دەگەڕێن. چوارەم: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانوو، خەڵكی هەژار توانای كڕینی خانووی نییە و ناچارە بچێتە خانووی كرێ، مام كەریم كە شارەزاییەكی زۆری لە كەرتی خانووبەرە هەیە پێیوایە، زیادكردنی باج لەسەر ئەو خانووانەی كە تاپۆیان هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی خاوەن موڵكەكان خانووەكانیان بە كرێ نەدەن، چونكە لە ئێستادا هەر خانوویەك بە كرێ بدرێت، پێویستە پێشەكی خاوەن موڵك تەواوی باجی خانووبەرە بدات و هیچ بڕە پارەیەك قەرزداری حكوومەت نەبێت. دەشڵێت: خەڵكێك هەیە خانوو بۆ كرێ كڕیووە، بەڵام لەبەر باج ناتوانێت بە كرێی بدات.
كرێچییەك: خاوەن خانوو ئاگاداری كردوومەتەوە خانووەكەی بۆ چۆڵ بكەم
فەرهاد كەریم، زیاتر لە دوو هەفتەیە لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بە دوای خانووی كرێدا دەگەڕێت، ئەو دەڵێت: سێ نوسینگەی خانووبەرەم كردووە بۆ ئەوەی خانوویەكی 100مەتری یان 125 مەتریم بۆ كرێ دەست بكەوێت، بەڵام پێیان گوتم جارێ چاوەڕێ بكە، چونكە خەڵكی دیكە پێش تۆ ناویان بۆ خانووی كرێ نوسیووە. دەشڵێت: خاوەنی خانووەكەی ئێستام ئاگاداری كردوومەتەوە خانووەكەی بۆ چۆڵ بكەم، چونكە كوڕێكی خۆی هاوسەرگیری كردووە و دێتە خانووەكە، بۆیە منیش ناچارم لە ماوەی دوو مانگدا خانوویەكی تر بۆ كرێ بدۆزمەوە، فەرهاد ترسی لەوە هەیە، خانووی بەهەمان ئەو نرخە دەست نەكەوێت كە ئێستا تێیدایە. كرێی مانگانەی خانووەكەی فەرهاد 220 هەزار دینارە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێت: نوسینگە پێیان گوتووم لە ئێستادا نرخی مانگانەی كرێ خانوو بەرزە و ئەگەر خانوویش هەبێت كرێكەی لە 300 هەزار دینار كەمتر نابێت.
50-60%ی ئەوانەی بۆ خانووی كرێ دەپرسن عەرەب و بیانین
مەریوان لەتیف، بەڕێوەبەری لقی هەولێری نوێی كۆمپانیای عەقاراتی مەنار بە (خەبات)ـی گوت: لە ئێستادا هیچ خستنەڕوویەكی خانوو بۆ كرێ لە بازاڕدا نییە. گوتیشی: هاووڵاتیانی كورد و بیانی بەڕێژەیەكی بەرچاو داوای خانووی كرێ دەكەن، ئەگەر خانووی لەو شێوەیە هەبێت دەتوانم بە كاتژمێرێك بە كرێی بدەم. ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 20 كەس لە لقی هەولێری نوێی كۆمپانیاكەیان داوای خانووی كرێیان كردووە، بەڵام خانوو بۆ كرێ نییە.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی كرێی خانوو لە گەڕەكی هەولێری نوێ، مەریوان لەتیف گوتی: 2022 كرێی خانوو لە ئێستا كەمتر بوو، پێشتر خانوویەكی 125 مەتری كرێی مانگانەكەی 300 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بووەتە 400 دۆلار. ئەو نەیشاردەوە، بەهۆی زۆری خواست لەسەر خانووی كرێ، بەشێك لە خاوەن موڵكەكان دەرفەتەكەیان قۆستووەتەوە و كرێیان گرانكردووە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: كرێی خانوو بە ڕێژەی 25-30% لە هەولێری نوێ بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری لقی هەولێری نوێی كۆمپانیای عەقاراتی مەنار باسیلەوەشكرد، 50-60%ی ئەوانەی بۆ خانووی كرێ دەپرسن عەرەب و بیانین و 40%یشیان هاووڵاتیانی كوردن.