سهرهتا وتار لەرۆژی نێودەوڵەتیی ئاشتیدا: ژینگە وەك نەوایەك بۆ ئاشتیی
عەبدولڕەحمان سدیق
ئەمساڵ جیهان بەدروشمی: (كاركردن لەپێناوی ئاشتی: هیوامانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە جیهانییەكان) بۆنەی رۆژی نێودەوڵەتیی ئاشتی بەرز رادەگرێت ، كە ساڵانە لە(21)ی ئەیلول(سێپتەمبەر)دا یاد دەكرێتەوە بەمەبەستی بەهێزكردنی ئاگربەست و بڵاوكردنەوەی كەلتووری ئاشتی و هزری ناتوندوتیژیی ، بەتایبەت لەئەمڕۆدا كە وێڕای هەموو مەترسییەكان ، مەترسیی گۆڕانی كەش و هەواو پیسبوونی ژینگەش هەڕەشە لەئاشتی دەكات.
جا لەبەر ئەوەی ژینگە بەگشتی لەسایەی ئاشتییدا پارێزراو دەبێت و ، لەسێبەری شەڕو جەنگیشدا وێران دەبێت ، بۆیە لەتەواوی جیهاندا ئەوانەی دۆستی ژینگەن لەهەمان كاتدا دۆستی ئاشتین.
ژینگە كە لەپێش هەبوونی مرۆڤەوە هەبووە ، واتە ژینگە وەك ماڵ بۆ مرۆڤ ئامادەكراوە.
ژینگە بەپێكهێنەرە سەرنج راكێشەكانی هەمیشە بۆتە ئیلهامبەخشی مرۆڤ بۆ گەڕان بەدوای ژینگەو ژیانی نەمرییدا
بۆیە مرۆڤ دوای بەسەربردنی هەزارەها ساڵ لەم ژینگەیەدا ، زۆر درەنگ گەیشتە ئەو راستییەی كە پێویستە تەباو هاوژین بێت لەگەڵ سروشت و ژینگەدا ، نەك دژایەتیی بكات.
بۆیە درەنگ بۆی دەركەوت كە شتێك نییە بەنێوی تووڕەیی و شێتی و تۆڵەی سروشتەوە ، بەڵكو پیسبوونی ژینگە دەرئەنجامی رەفتارخراپیی مرۆڤ خۆیەتی.
بۆیە هەر درەنگیش زانیی كە ئاوەدانكردنەوەی زەوی و پاكڕاگرتنی جۆرێكی بڵندی خوداپەرستییەو ،
پیسكردنی زەوی و ژینگەش لە لیستی گوناهو خراپەكاندایە ، چونكە ژینگەی پاك و جوان سوپاسگوزاریی خودامان لەسەر دەكات بەئەرك و لێپرسراوێتیی ، كاتێك زیادەڕەویی و ئیسراف هاوسەنگیی ژینگە تێكدەدەن ، هەر ئەو كاتیش ژینگەی خاوێن بەهەشتی دنیایەو ، ژینگەی پیسكراویش دۆزەخی دنیایە.
بۆیە دەبێت بزانین كە خودا ژینگەی بەئەمانەت داوەتە دەستمان نەك وەك موڵكی خۆمان ، هەروەها ئێمە ژینگەمان لەباوانمانەوە بۆ ماوەتەوە ، بەشێكیشمان لەو دەرامەتە ژینگەییانە لەنەوەكانمان قەرز كردووە ، هەروەها ئێمە میوانین لەم ژینگەیەدا ، میوانیش نابێت دەستكاریی خراپی ماڵی خاوەن ماڵ بكات.
پێویستە بزانین كە خودا زیاد لەژمارەی مرۆڤەكان دەرامەتی پێداوین ، بەڵام ئەوە مرۆڤەكانن كە لەیەكدی قەدەغە دەكەن.
خودا بەقەدەر پێویستییمان دەرامەتی پێیداوین نەك بەقەدەر چاوچنۆكیمان ، مرۆڤ بەدەستكاریكردنی بڕی نیعمەتەكانی خودا ، جۆری نیعمەتەكانی خودا خراپ دەكات ، بۆیە دەبێت بزانین كە ئەم ژینگەیە تا مردن تەنها ماڵمانە ، پەرستگاكانیشمان هەر لەم ژینگەیەدان.
بۆیە یاسادانەران دەڵێن و دەستووری وڵاتانیش دەنووسن : ژیان لەژینگەیەكی سەلامەت و بێ زیاندا مافێكی دەستووری هەر مرۆڤێكە لە هەر وڵاتێكدا ، بۆیە ئێمەی مرۆڤ پێویستە بزانین كە یەك هەسارەو یەك ژینگەو یەك ماڵی گەورەی هاوبەشمان هەیەو ، پیسكردنی ژینگەی ئەوانی دیكەش ، پیسكردنی ژینگەی خۆمانە ، چونكە وەك لەشەڕدا موشەكی كیشوەر بڕ هەیە ، لە ئاشتیشدا پیسبوونی ژینگە كێشەیەكی كیشوەر بڕە.
هەروەها كە لەیەك ژینگەدا هەواو ئاوی هاوبەشمان هەیە ، هەموو دۆستین و، كەس دوژمنی كەس نییە… بۆیە هەر تەنها ئاشتیی پارێزەری ژینگەیەو ، جەنگ و شەڕیش دوژمنی ژینگەو پێكهاتەكانییەتی.
لە كۆتاییشدا دەبێت ئەو راستییە بزانرێت كە تەنها پەرەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگەیە ، دەبێتە هۆی زامنی ئایندەیەكی گەش بۆ مرۆڤایەتیی.
لەڕووی ئابووریشەوە بەهێزكردنی چینی ناوەند لە كۆمەڵگەداو ، نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و هەژاریی ، بەرقەراركردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییە كە پرسی ژینگەپارێزیی دەكاتە خەمێكی گشتیی.
لەدواجاریشدا چونكە ژینگە موڵكی ئێمەو نەوەكانی ئایندەو داهاتووشە ، پێویستە بەخاوێنی ڕادەستیان بكەین و ، بۆ ئەمەش پێویستە لایەك و دەروازەیەك بكەینەوە بەرەو بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە ، كە سەرچاوەیەكی هەمیشەیین و ، هی هەموومانەو بەشی هەمووشمان دەكات.