
بە پشتیوانیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەڤەری بارزان و لە ڕێگەی كارگەیەكەوە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە سپیاییەكان، شیر لە جووتیاران وەردەگیرێت و دواتر لە كارگەكەدا بەرهەمە شیرەمەنییەكانی لێ دروست دەكات.
مەهدی میرخان، گەنجێكی ئاژەڵداری دەڤەری بارزانە، ڕۆژانە لە ڕێگەی ئامێری تایبەتەوە، مانگاكانی دەدۆشێ و شیرەكانیان لە گوندەكەی دەباتە بنكەیەكی وەرگرتنی شیر. ئەو گوتی:پێش ئەوەی ئەم كارگەیە دابنرێت، من وازم لە كارەكە هێنابوو، بەڵام كە ئەم كارگەیە كرایەوە، دەرفەتێك بۆ ئێمە كرایەوە تا دەست بە دۆشینی مانگا بكەینەوە و شیرەكانمان بەو كارگەیە بفرۆشین.
بۆ ئەوەی ئاژەڵداران لە گواستنەوەی شیرەكانیان بۆ كارگەكە تووشی ڕێگەی دوور و خەرجیی زۆر نەبن، چەندین بنكەی وەرگرتنی شیر لە گوندەكان دابین كراوە، ئاژەڵداران بە سانایی دەستیان پێ ڕادەگات و شیرەكانیان ڕادەستی ئەو بنكانە دەكەن، دوای وەرگرتنی لەلایەن بنكەكانی وەرگرتنی شیرەوە، ڕاستەوخۆ دەخرێتە ساردكەرەوە و دواتر دەبرێتە كارگەكە.
ڕۆژانە شیری ئاژەڵدارانی گوندەكانی سنووری دەڤەری بارزان وەردەگیرێت و بە شێوەیەكی زانستی دەگوازرێتەوە كارگەكە؛ شیرەكە لە 2700 ئاژەڵدار وەردەگیرێت و لە 20 بنكەی وەرگرتنی شیر لە تەواوی گوندەكانەوە كۆ دەكرێنەوە. ئەم شیرە بە بێ بەكارهێنانی ماددەی پارێزەر، دەكرێتە ماست، قەیماغ، پەنیر و دۆی خۆماڵی، پاشان دەخرێتە بازاڕەكانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.
شەهرام سەعید، بەڕێوەبەری كارگەكەیە، لەمبارەیەوە گوتی: كارگەكە جگە لە دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆی خۆراك، سوودی ڕاستەوخۆی بۆ خەڵك و ئاژەڵداران هەیە، ڕاستەوخۆ شیری جوتیارەكان وەردەگرین و لە كارگەكە دەیكەینە بەرهەمە شیرەمەنییەكان و دوای ئامادەبوون دەیخەینە بازاڕەوە.
تەواوی كارمەندانی ئەو كارگە نوێیە خۆوڵاتین و هەلیكاری بۆ 107 گوندنشینی دەڤەرەكە ڕەخساندووە؛ ڕۆژانە 50 تۆن شیر بۆ كارگەكە كۆ دەكرێتەوە و لەم قۆناغەش كارگەكە توانای بەرهەمهێنانی چوار جۆر بەرهەمی سپیایی هەیە.
عادل باپیری ئاژەڵدار، یەكێكی دیكەیە لە سوودمەندان، ئەو گوتی: ئەم كارگەیە بۆ ئێمە زۆر باشە، پێشووتر شیرەكانمان فڕێ دەدا، چونكە بەشی زۆری تێكدەچوو، ئێستا دەیبەینە كارگەكە و ئێمەش لە بەرانبەردا پارە وەردەگرین.
كوردستان ژینگە و هەلومەرجێكی گونجاوی بۆ پیشەسازیی شیرەمەنی و بەرهەمی سپیایی هەیە، وەبەرهێنان لەم كەرتەدا وەبەرهێنانە لە ئایندەیەكی گەشی پیشەسازیی خۆراك، لەم دیدەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی گەشەپێدانی ئەم كەرتەی خستووەتە كار.