سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو پارەیەی کە ناردوومانە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و پێش کۆتایی ساڵ ڕێککەوتنی دارایی دەکەین.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی 09ـی 2023 محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە چوارچێوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداری لە سیمینارێک کرد کە لەلایەن هەردوو دامەزراوەی ئەلمۆنیتەر و سێمافۆری ئەمریکییەوە بەڕێوەبرا، هەروەها ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن و کۆمەڵێک توێژەر تێیدا ئامادە بوون و باسی بابەتی جیاوازی سیاسی و ئابووریی تایبەت بە عێراق کرا.

 محەمەد شیاع سوودانی لە سیمینارەکە گوتی: هێزه سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکین له هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت که حکوومەتی پێکهێنا.

گوتیشی: ڕێککەوتنێکی سیاسی لەسەر بنەماکانی گشتی هەیە، ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دا و حکومەت لەخۆی گرتووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە.

سەبارەت بە کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سوودانی باسی لەوە کرد کە ” دارایی هەرێمی کوردستان لە بودجە پەیوەستە بە کێشە داراییەکانی پێشووە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، پاش ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە سەری هەڵدا و بەهۆی سنووردارکردن و سەختی یاسای بودجەی ساڵی 2023.”

بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتی 14ـی 09ـی 2023 شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمبارەیەوە دەڵێت: دوای سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چارەسەرمان دۆزییەوە . جەختیشی کردۆتەوە کە بە بوونی تێگەیشتن و گفتوگۆ و پەسندکردنی پابەندبوونە یاساییەکان چارەسەری هەموو کێشەکان دەدۆزینەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا و گوتی: ئەو پارەیەی کە ناردوومانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و پێش کۆتایی ساڵ ڕێککەوتنی دارایی دەکەین، هەروەها گفتوگۆکان لەسەر مافەکانی دیکە بەردەوامن، لەوانە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز.