خەبات: هێمن ئاری:- میدیا حوسێن ،، خاوەن دەنگێکە لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا بەئەمڕۆ دەگات لەکاری هونەری بەردەوامە، بەرهەم دوای بەرهەم کاری جوانتری پێشکەش بەهەوادارانی کردووە، خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جوانە ( شێخ فەتاح، کاکی زەڕنگر ، بەفرە باری، تاوانم دەبێ چی بێ، گوڵەکەم گوڵاڵە، تۆش کچی ئەو زمانەی … هتد )، میدیا حوسێن جیا لەدەنگ خۆشییەکەی، خاوەنی کۆمەڵێک تێکستی جوان و بەرهەمی شیعرییە و لەلایەن زۆرێک لەهونەرمەندان تێکستەکانی کراون بەگۆرانی. لەچەند ڕۆژی داهاتوو بەنیازە دواین ئەلبوومی خۆی بەناوی ( باران ئەوین ) بڵاوبکاتەوە، لەدیمانەیەکی ڕۆژنامەی خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە سەبارەت بەو ئەلبومە نوێیە و کارە هونەرییەکانی.

*باران و ئەوین، دواین ئەلبوومی بەڕێزتە بەنیازی لە ( 21 )ی ئەم مانگە لەیەکەم شەوی پایزی بڵاوی بکەیتەوە, بۆ ئەو کاتەت هەڵبژارد؟
میدیا حوسێن: لەڕاستیدا لەسەر داوای ئەدمینەکانم ئەو کاتەم هەڵبژارد، خۆشم هەم لەبەر خۆشەویستی ئەوان هەمیش کاتەکەم لاباشبوو ( باران ئەوین ) هەم ناوی ئەلبوومەکە و هەم ناوی یەکێک لەتراکەکانی ناو ئەلبوومەکەیە. من لەپەنجەرەی شیعرەوە سەیری پایزمکردووەو چەندین وێنەی خەیاڵیشم تێیدا بەرجەستەکردووە. دواتر بیرمان نەچێت وەرزی پایز، وەرزی خۆ داماڵینی درەختەکانە لەگەڵاکان ، وەرزی ڕووتبوونەوەی سروشتە، وەرزی هاتنە خوارەوەی کۆچەرییانە لەکوێستانەکان، وادەی تێکدانی ماڵی جاڵجاڵۆکەو وەرزی کاڵبوونەوەی ئارایشی هەموو ڕەنگەکانە بۆ سەر رەنگی ئەزەلی خۆی کە ڕەنگی خاکییە.

* هەمیشە وەرزی پایز لەدیدی شاعیر و هونەرمەندان تایبەتمەندی خۆی هەبووە، دەمەوێ بزانم لەدیدی میدیا حوسێن هەم وەک شاعیرێک هەم وەک گۆرانیبێژێک وەرزی پایز چی دەگەیەنێت؟
میدیا حوسێن: هەموو بوونەوەرێک لەجیهاندا وەرزی هەیە، هەر لەمرۆڤ، هەر لەسروشت، هەر لەئاژەڵ، هەر لەنەبات و گوڵ و گوڵزار، هەر لەکەرەستەکانی لەکانزاکان دروست دەبن تەمەن و وەرزیان هەیە، خۆشم هەست دەکەم ژیانم لەپایزی تەمەندایە، ئەوە ڕێک ستایلی شیعر و گۆرانی منە، ئەگەرچی ئەم هۆنراوەیەم لەدیوانی ( سترانی باڵندە کۆچەرەکانە ) لەساڵی (2004) چاپ و بڵاوکردۆتەوە، بەیەک دوو ساڵیش پێش چاپکردنی دیوانە شیعرییەکەم ئەو هۆنراوەیەم نووسیووە، بەڵام پێموایە ئێستا کاتی خۆیەتی و پڕ بەباڵای ئەم تەمەن و ڕۆژگارەشە.

*بۆچی ( باران و ئەوین ) ت بۆ ناوی ئەلبوومەکەت هەڵبژارد؟
میدیا حوسێن: ئەو گۆرانییەی بۆ پایزم گوتووە ناوی ( باران و ئەوین ) ە، وێنەی خەیاڵی و چیرۆکی تێدایە، پەیامی تێدایە، هەموو وێنەی خەیاڵی ستورەی زهنین، هەڵبەت ئەوینیشی تێدایە و بارانیش دەبارێت.

*ئەو ئەلبوومە زیاتر ئاواز و تێکستەکانی هی کێن ؟
میدیا حوسێن: حەوت تراک لەخۆدەگرێت و سەرجەم ئاواز و تێکستەکانی هی خۆمن، تەنها ئاوازی گۆرانی ( ساقییە ) هی هونەرمەند حەسەنی دەزیە. یەکێکیشیان ئاوازی نییە مەقامە، وەک دەزانن مەقام هونەرێکی ئازەلییە لەناو جیهانی ئیسلامیە هەیە، لەڕێی شاعیر و گۆرانیبێژی دەربار و پیا هەڵدان و کارەساتە خەمبارەکان و … هەروەها لە خوێندنی قورئانی پیرۆزیش هەر قاڕئێک بەشێوازی خۆی خوێندوویەتی، دەتوانم بڵێم گەلی کورد لەسەرووی هەمووانەوەیە و خاوەنی زۆرترین مەقامی خۆیەتی، دەتوانم بڵێم لەناو گەلانی تردا هەر نییە.

*تۆ خاوەن ئەزموونێکی دیاری لەناو هونەر، ئەو قۆناغەی ئێستای هونەر بەبەراورد لەگەڵ پێشووتر چۆن دەبینی؟
میدیا حوسێن: هیچ سەردەم و زەمانێک هونەری کوردی وەک ئێستا ئازاد نەبووە، بەڵام بەداخەوە هەندێجار من دیموکراتیم لەدیکتاتۆری پێباشترە ، بەڵام دیکتاتۆریم پێ لەبەر بەڕەڵایی باشترە ، تۆ کە ئازادییەکی ڕەها بدەیت بەهونەرمەندێک یان ئەدیبێک ئەگەر سنووردار نەبێت دەچێتە ناو چوارچێوەی ئازادی کەسێکی دیکەوە، لەڕووی ئازادییەوە ئەوەندە ئازادی هەیە بۆ هونەری کوردی تەنانەت وایکردووە زۆربەی زۆری بوارەکانی دیکەی هونەری کوردی بشێوێت، بەئەدەب و شیعر و لێکۆڵینەوەشەوە ، تەنانەت بەشانۆشەوە. هەموو زەمەنێک هونەری باش و خراپ هەبووە، بۆیە ناتوانم بڵێم ئێستا چۆنی دەبینم بەبەراورد لەگەڵ پێشووتر، هەندێک هونەرمەند بوونەتە پێشەنگ وەک چێژی دەنگ و ستایل ئەوانە دروست نابنەوە. ڕەنگە بەدوای ئەوان کەسانی دیکەش بێن لەدوای ئەوانیش دروست نەبنەوە، بۆیە هونەری هیچ کەسێ لەهونەری کەسێکی دیکە ناچێت، بەڵام هونەری سەرکەوتوو دیارە، لەئێستادا خەمخۆریش نییە بۆ هونەری کوردی، جاران تەنها کەناڵی کەرکوک هەبوو لەزاخۆ تا خانەقین هونەری کوردی تێدا پیادە دەکرا، تەنانەت هونەرمەند پاداشتیش دەکرا، کەچی ئێستا دەبێ هونەرمەند بچێت بەخەرچی خۆی بەرهەم تۆمار بکات و بیخەیاتە سەر سنیەک بڵێی فەرموو پێشکەش بەتۆ ، ئەوجا بەخۆبەزلزانینێکەوە وەریدەگرن ئەویش بەو مەرجە ئەگەر کوالێتی باش بێت بەخۆڕایی بڵاوی دەکەنەوە، مەبەستیش لەکواڵتی باش دەنگی خۆش و تێکستی بەهێز و ئەدا و میوزیکی ڕەسەن و تۆمارکردنی باش نییە، کوالێتی باش لای ئەو کەناڵانە تەنها کوڕ و کچێکی گەنج بێنیت ، وڵاتێکی جوان بکەیت بەلۆکەیشن ، بەداخەوە ئەوە لای کەناڵەکان لەپێشینەی هەموو شتێکە. ئەگەرنا هونەرمەندی باش لەهەموو سەردەم و زەمانێک هەیە، خوای گەورە هەمیشە زانا و دانا و هونەرمەند و پاڵەوان … هەموو ئەوانەی لەبوارە جیاجیاکان بەهرەوەرن دەنێرێت بۆ گەلان.

*زۆرجار گوێبیست دەبین هونەری کوردی بەتەواوی بوارەکانەوە لەپاشەکشەدایە، تۆش هەمان بۆچوونت هەیە؟
میدیا حوسێن: وەک ئاماژەم پێدا کواڵێتی باش لای کەناڵەکان تەنها لۆکەیشن و نواندن و ( ئیغرا )یە لەنێوان دوو ڕەگەزی بەرامبەردا بۆ شاشە، لە شاشەکەشەوە بۆ ناو ماڵەکان، کەوابێ تیڤییەکان لەکاڵ و کرچی هونەری ئێستا بەرپرسن، ڕەنگە من و چەندەهای لەمن باشتر هەبن ئێستا هێندە گرنگی بە کلیپ و بەتیفی نادەین، لەبەرئەوەی کلیپ بابەتێکی ( ئیغرا ) ی بینراوە ، بەڵام گۆرانی دەبێت بیستراو بێت، گۆرانی نابێ ببینرێت دەبێ خۆت بیبیستی و بەچاوی دڵ بیبینی. دەبێ تێکستەکان بەچیرۆک بێنیتە بەرچاوت، نابێ دوو کەس نواندن بکەن و گۆرانیبێژ دیار نەبێت، ئەوکات هیچ هەستت ناجوڵێت، ئەو دوو کەسەی نواندن دەکەن لەسەر سفرەی کەسێکی دیکەی نادیار نان دەخۆن، عەرزی جەمالی خۆیان دەکەن لەسەر توانای هونەرمەندێک کە نادیارە، ئەگەرنا لەم دواییانە هونەرمەندی زۆر چاک هەبوون بەداخەوە خزمەت نەکران ونبوون، بەڵام ئەوانەی عەشیقیان بۆ هونەرەکەیان هەبوو بەردەوام بوون.

*پەیامت لەهەڵبژاردنی هونەر چیبوو، ئەو پەیامەی هەتبووە تاچەند توانیووتە لەهونەرەکەت بیگەیەنیت؟
میدیا حوسێن: دەکرێ ئەو پرسیارە دەقاودەق شمولی من بکات، چونکی هونەرمەند کەسێکی (خەتیب)ە، بەدەقی کەسێکی دیکە مخاتبە دەکات، بەڵام دەتوانم بڵێم من هونەرمەندەکەم، بەدیوەکەی تر شاعیرەکەشم، لەبەرئەوەی شیعرە دەبێتە پەیام، دەنگ و گۆرانی و ئاواز دەبێتە بڵند گۆ، سوپاس بۆ خوا کەم تا زۆر توانیوومە پەیام بگەیەنم، پێش بینیشم هەبووە لەهونەرەکەدا و شتەکان هاتوونەتەدی، بەڵام من زیاتر کارم لەسەر شتە نەبینراوەکان و بابەتە هەرە تراژیدیاکانی گەلەکەم کردووە وەک ( کۆرەو ، ئەنفال ، هەڵەبجە ، شەوی بەرات ، کەسایەتی ناودار ، شەهید ، … ) لەسەر هەموو ئەوانە کارم کردووە. شتە نەبینراوەکانیش شتێکە تۆ دەیبینی و بەرکەوتن هەیە لەگەڵیان، بەڵام لای شاعیر ئەوە شتە. درێرە شیعرێکی مامۆستا گۆران هەیە دەڵێت: پەپوولەی ئارەزووی من بۆ چڵێ وەنەوشە پەرۆشە .. لەژێر سێبەری توترکا خامۆشە .. جا منیش زیاتر لەسەر شتە شاراوەکان کارم کردووە و بارزمکردووە.

*لەکۆتایی ئەگەر شتێکت مابێ؟
میدیا حوسێن: لێرەوە سوپاسی بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی دەکەم بۆ یەکەمجار بەر لەشەش حەوت ساڵ ئەم ئەلبوومەم تۆمارکردووە بڵاوی دەکەمەوە کە نزیکی حەوت ملیۆن دینارییان بۆ تۆمارکردنی ئەم ئەلبوومە بۆ خەرجکردم هەرچەند خۆشم مەبلغێکی دیکەم ئیزافە کرد بۆ تەواوکردنی. ئەم کارەشم لەگەڵ گروپی میوزیکی (لوڕ) تۆمارکردووەو سوپاسیان دەکەم . ئەوە یەکەمجارە لەژیانم هاوکارییەکی وام بۆبکەن، دەکرا هەموو ساڵ حەوت هەشت تراکم بۆ تۆماربکەن. سوپاس بۆ خوا من وەک ئەو چەم و ڕووبارەم لەبەری دەڕوات و بەنداوێک نییە بیگرێتەوەو گلی بداتەوەو سوود لەو هونەرەی من وەرگرێت و بەئەرشیف بکرێت . چونکی زۆربەی بەرهەمەکانی پێشووم لەبەرنامەی ڕاستەوخۆ گوتوومن، کە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەیان لەیەک چرکە بووە، جا هەڵەم کردبێ یان دەنگم بگیرێت یان نەگیرێت یان زەلەیەکی زمانەوانی بکەم یان کردبێتم هەموو وا تۆمارکراون، زۆربەی بەرهەمەکانم بەو شێوەیە بڵاوبوونەتەوە . لەهەموو بەرنامەیەک سێ چوار گۆرانیم گوتووە، هەر بۆ نمونە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو لەشەست ڕۆژی ڕەمەزان لەکەناڵی کوردسات رەنگە 120 گۆرانیم گوتبێت، هەروەها ساڵێک زیاتر لەکەناڵی دیمەن بەهەمان شێوە ڕاستەوخۆ بەرنامەم پێشکەشکردووەو گۆرانیم گوتووە و بڵاوبونەتەوە، جا ئەگەر لەستۆدیۆ یان بەتەکنەلۆژیایەکی باش تۆمارم کردبان بێگومان کاری باشتریان لێ دەدەرچوو، سوپاس بۆ خوا و ئێوەو هەوادارانم تاهەنوکە لەهونەر بەردەوامم.