خەبات- شلێر كۆیی:
دانیشتووانی گوندی هەرمۆتەی سەربە قەزای كۆیە بە كشتوكاڵەوە خەریكن، پێشتر زۆرینەی زەوییە كشتوكاڵییەكەیان بە تووتن و پیاز و بامیە و باینجان دادەچاند، بەڵام ئێستا زیاترخەریكی چاندنی دانەوێڵەن و بە پلەی یەكەمیش گەنم و جۆ، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێكی خاكی گوندەكەیان داری زەیتوون بوو، كە خۆیان بە “زێڕی سەوز” ناویان دەبرد و ئەمساڵیش دار زەیتوونەكانیان سووتا.
خەریكی پاككردنەوەی كێڵگە سووتاوەكەی بوو، بێڵێكی بەدەستەوەیە و بە هەناسەتەنگییەوە قسەی بۆ كردین، ریاز عەزیز پترۆس هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی هەرمۆتەی سەربە قەزای كۆیەیە و دەڵێـت: زۆربەی دار زەیتوونەكانمان سووتا، كە تەمەنیان زیاتر لە 400 ساڵ بوو.
ریاز عزیز پترۆس بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: هەرمۆتە تاكە گوندی مەسیحینشینە، لە هەولێرەوە تا سنووری ئێران هیچ گوندێكی دیكە نەماوە تایبەت بەمەسیحییەكان بێت و مەسیحییەكانی كوردستان چوونەتە ناو سەنتەری شار و قەزاكان، ئەو دەشڵێت: ئەوەش بەهۆی رۆشنبیریی و زیرەكیی دانیشتووانی شاری كۆیە بووە، كە هەمیشە پێكەوەژیان دروشمی سەرەكییمان بووە. گوتیشی: گوندی هەرمۆتە (142) ماڵە و 22 ماڵ موسوڵمانن. دەشڵیت: ئێمە پێكەوە دەژین و هیچ كێشەیەكمان نەبووە و كیشەشمان نابێت.
ئەو جووتیارە دەشڵێت: جاران 18 كانی ئاومان لەو گوندە هەبوو، ئاوەكە زۆر بوو، بەڵام ئیستا هیچێك لەم كانیانە نەماون، ئاوەكە كەمە و بەهۆی وشكەساڵی كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر كاری كشتوكاڵیمان ، بۆیە هەرلە رێگەی رۆژنامەكەتان داوا دەكەین كە حكوومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەنگمانەوە بێن و بەنداوێكمان بۆ دروست بكەن، چونكە جێگەی بەنداویشمان هەیە و لە رووباری هەرمۆتە ئاو زۆر زۆرە.
ریاز پترۆس گوتیشی: مەودای ڕووبارەكە زۆرە، لە چیای باواجییەوە دێت، ئەگەر ئەو بەنداوەمان بۆ بكەن بۆ هەموو شتێك باشە و كانیاوەكان دەژیەنەوە، حەیفیشە ئەو ئاوە زۆرە وەها بڕوات و هیچ سوودێكی لێ وەرنەگرین.
سەبارەت بە سووتانی زەیتونەكانیان، كە ریاز پەترۆس بە زەیتوونی نایاب ناویان دەبات، ئەو جووتیارە گومانی هەیە و دەڵێت: گومان دەكەین كە دەستێك لەپشت ئەوكارە هەیە و هەرمۆتە بۆتە قوربانیی و زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە. گوتیشی: زەیتونەكانی ئیمە تەمەنیان زیاتر لە 400 ساڵ بوو، بەو بەڵگەیەی باوكم دەیگوت باپیرەم لەبیری نەماوە تەمەنی زەیتونەكان چەندە، بەپێی ئەم قسەیە و لێكدانەوەی ماتماتیكی بێت دەبێ تەمەنیان لە 400 ساڵ زیاتر بووبێت. دەشڵێت: جگە لە هەنارو هەنجیرو مێو، 700 داری زەیتوونمان سووتاوە و بۆتە خۆڵەمێش، لە ئێستادا خەریكین چووزەلەكان ئاو دەدەینەوە بەڵكو ڕەگەكانیان مابێت و سەرلەنوێ سەوزببنەوە، ئەگەرچی دەزانین كە حەوت ساڵی دەوێت تا دەبنەوە بە دار و ناشزانین ئایا كەی و چۆن جارێكی دیكە بەردەگرنەوە، بەڵام زۆر بەلامانەوە گرنگە كە سیمای گوندەكە بپارێزین و جۆر و ناوبانگی زەیتوونەكانمان بمێنێت.!
سەبارەت بە جۆری زەیتوونەكان ریاز پترۆس گوتی: سێ جۆر زەیتوونمان هەیە، زەیتوونی حۆلە و خڕە و مۆرتكی، ئەوانە زەیتوونی گۆشتنن، واتا بۆ خواردنن نەك هی زەیتی زەیتوون. گوتیشی: ئەو 700 دار زەیتوونەی ئێمە، زەیتوونی بەناوبانگ بوون، لە هەموو سنووری هەولێر تا سنووری ئێران زەیتوونی لەوجۆرەی نەبووە، بۆیە كە دەگوترا هەرمۆتە، راستەخۆ باخچەی زەیتوونیشی دەهاتە پاڵ.
ریاز پترۆس دەشڵێت: ئیستا كاتی لێكردنەوەی زەیتوونە، كە خەریكە زەرد دەبێت، جاران بە دوو مانگ لە لێكردنەوەی لێ نەدەبووینەوە، بە تۆن هەمان بوو بۆ فرۆشتن، چەند كەسێك لە بەعشیقە و بەرتللە دەهاتن و دەیانبرد، تەنانەت لەبەر باشیی جۆر و ناوبانگەكەی زەیتوونی ئێمە تا سوریا و كوێت دەڕۆیشت، بەڵام بەداخەوە ئیستا تەنیا 10-15%ـی ئەو زەیتوونەمان ماوە.
جوان مەرقۆس دانیشتوویەكی دیكەی گوندی هەرمۆتەیە و بژێوی ژیانی خێزانەكەی لەسەر خۆشكردنی زەیتوونە، ئەو خۆی باخچەی زەیتوونی نییە، بەڵام زەیتوون لە جووتیارانی گوندەكەی دەكڕێتەوە و خۆشی دەكات. جوان مەرقۆس لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: من باخچەی زەیتوونم نییە، بەڵام زەیتوون لە هەرمۆتە و وهەندێ گوندی دیكەی نزیك كۆیە دەكڕم. گوتیشی: ساڵانە تۆنێك یان دوو تۆن زەیتوون خۆش دەكەم، ئەویش چەند قۆناغێكی دەوێت و پاشان دەینێرینە هەولێر و كۆیە و رانیە، بەم شێوە ساغی دەكەینەوە، بەڵام ئەمساڵ لە هەرمۆتە زەیتوونمان نەماوە، بەداخەوە هەمووی سووتا و لە شوێنی دیكە دەیكڕم و خۆشی دەكەم.
جوان مەرقۆس دەشڵێت: هەموو زەیتوونێك سرووشتی نییە، هەیە بە دەرمان خۆش دەكرێت، ئەوەش زیانی بۆ تەندروستی هەیە، من زەیتون بە سرووشتی دروست دەكەم و دەرمانی تێناكەم، چونكە ئەگەر دەرمانی تێبكەی زوو تێك دەچێت، بەڵام ئەوەی ئێمە دروستی دەكەین تێك ناچێت و ماوەی زیاتر دەمێنتەوە و زۆریش تەندروستترە.
گوندی هەرمۆتە كەوتۆتە رۆژئاوای قەزای كۆیەی سەربە پاریزگای هەولێر، لە هەولێرەوە تا سەر سنووری ئیران تەنیا ئەو گوندە ماوە كە مەسیحییەكان تیایدا دەژین، لە ئێستادا (142) ماڵە و 22 ماڵیان موسوڵمانن و یەك كلێسای تێدایە، كە مێژوویەكی كۆنی هەیە و دوایینجاریش لە ساڵی 1868 نۆژەنكراوەتەوە، لە ساڵی 1963 گوندی هەرمۆتە سووتێندراوە و خەڵكێكی سڤیل تیایدا شەهید بوون، مەسیحییەكانی هەرمۆتە کلدانی و سەربە پەیڕەوانی کاسۆلیکن و جیا لەوەی بە زمانی سریانی دەدوێن، هاوکات زمانی کوردیشیان وەک کوردەكانی كۆیە پاراوە و هەمان ئەو جلوبەرگەش دەپۆشن کە کورد دەیپۆشێت، پیاوەکان ڕانکوچۆغە لەبەر دەکەن و ژنەکانیش جلی ژنانەی کوردی، لە بۆنە و پرسە كۆمەڵایەتییەكانیشدا لەگەڵ موسوڵمانەكانی دەڤەرەكە هاوبەشی دەكەن و هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ دانیشتووانی كۆیە نییە.