لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، دوو بڕیاردرا بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنی کەرکووک و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەم وەرزە یاساییەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، بڕگەی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی شارەکە و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بۆ کۆبوونەوەکە زیادکرا.

فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەسەر دۆخی کەرکووک، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی راسپاردووە سەردانی پارێزگای کەرکووک بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییە و خستنەڕووی راستییەکان و راپۆرتێک لەوبارەیەوە بۆ پەرلەمانی عێراق ئامادە بکەن.

هاوکات لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راسپاردووە، میوانداریی هەردوو وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، لەبارەی داهاتە نەوتییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.