خەبات- عەلی عەبدولرەحمان:
پێشتر خاوەن باخەكان لە رێگەوە دەستەوە هەناریان دەتەكاند تا بیكەنە شەربەت، بەڵام ئێستا كارگە پڕۆسەكەی بۆ ئەوان ئاسان كردووە. بەهۆی زۆری بەرهەمی هەنار لە سنوورەكەدا چەند كارگەیەكی بچووكی شەربەتی هەنار لە شارەزوور دامەزراوە. كاتێك سەردانی كارگەكان دەكەیت جمەی دێت لەو كەسانەی كە دەیانەوێت هەنار بكەنە شەربەت، ئەمە بۆ خاوەن هەنار ئاسانترین رێگایە، چونكە بە كەمترین كات و تێچوویەكی كەم زۆرترین شەربەتی هەنار لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.
شڤان ئەنور، لەسەر پارچە زەوییەكەی باوكی لە شارەزوور سێ ساڵە كارگەیەكی شەربەتی هەناری داناوە. ئەو لەگەڵ خۆیدا هەلی كاری بۆ چەند كەسێكی دیكە لە ئەندامی خێزانەكەی رەخساندووە. دەڵێت: لە شارەزوور بەرهەمی ساڵانەی هەنار زۆرە، پێشتر خاوەن باخەكان بەدەست هەناریان دەتەكاند و دەیانكردە شەربەت، ئەمەش كارێكی ئەستەم بوو، بەڵام دامەزراندنی ئەم جۆرە كارگانە كارئاسانێكی زۆری بۆ ئەوان كردووە، چونكە لە ماوەیەكی كورتدا و بە تێچوویەكی كەم ئەو هەنارەی هەیانە دەیكەنە شەربەت.
ئەو دەشڵێت: بەشێك لەوانەی هەنار دەكەن شەربەت مەبەستیانە بیكوڵێنن و پاشان بیكەنە سركەی هەنار. ئاماژەی بەوەشدا، خەڵكێكی زۆر سوودیان لەو كارگانە وەرگرتووە كە لە ناوچەكەدا دامەزراون و هەنار دەكەنە شەربەت. گوتیشی: لە یەك تۆن هەناری باش نزیكەی 360-400 لیتر شەربەت بەرهەم دێت.
ئاشكرایشكرد، خەڵكی لە هەولێر و كەركوك و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن و لە شارەزوور هەنار دەكڕن و هەر لێرە دەیكەنە شەربەت و لەگەڵ دەستی خۆیان دەیبەنەوە. شڤان ئەنور دەڵێت: ئەگەر یەكێك خۆی هەناری نەبێت، ئێمە هەنارمان هەیە و بۆ دەیكەنە شەربەت و پێی دەفرۆشین. باسی لەوەشكرد، ساڵانی رابردوو بەهۆی نەبوونی كارگەوە هەناری بچووك سوودی لێ نەدەبینرا و بە نرخێكی زۆر كەم لە بازاڕدا دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا زۆرینەی دەكرێتە شەربەت، كە ئەمەش بۆ خاوەن باخ و كارگەكان سوودی هەیە.
بەپێی ئامارێكی نافەرمی بەرهەمی ساڵانەی هەنار لە شارەزوور دەگاتە نزیكەی 40 هەزار تۆن. كارگە شەربەتی هەنار لە شارەزوور لە مانگی تشرینی یەكەمەوە ئەمساڵەوە دەستیان بە وەرگرتنی هەنار كردووە و تاوەكو ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەم لە كاركردن بەردەوام دەبن. لە سنوورەكەدا نزیكەی 10 كارگەی بچووكی شەربەتی هەنار هەیە و لە هەر كارگەیەكدا 3-5 كەس كار دەكەن. خاوەن كارگەكان لە بەرامبەر هەر كیلۆیەك هەنار كە دەیكەنە شەربەت بڕی 100 دینار لە خاوەن هەنار وەردەگرن.
ئەو خاوەن كارگەیە گوتیشی: پاش دروستكردنی شەربەت، ئەو توێكڵ و دەنكەی كە لە پاشماوەی هەنارەكە بەجێ دەمێنێت خاوەن ئاژەڵەكان وەكو ئالیك دەیدەنە ئاژەڵەكانیان، هەندێكجاریش دەنكی هەنار دەكرێتە ترش.
ناوبراو پێیوایە شارەزوور پێویستی بە كارگەیەكی گەورەی شەربەتی هەنارە. داواشدەكات، حكوومەت پاڵپشتی خاوەن كارگەكان بكات.
زیاتر گوتی: پێویستە شوێنی كارگەكان گەورە بكرێت و ساردكەرەوەیان بۆ دروست بكرێت و ئەو كارەبا پێیان دەدرێت نرخەكەی هەرزان بكرێت. شڤان ئەنور گلەیی ئەوەش دەكات: وەزارەتی كارەبا بۆ یەك كیلۆوات كارەبا 178 دیناریان لێ وەردەگرێت و وەكو كارگەیەكی گەورە مامەڵە لەگەڵ كارگە بچووكەی ئەوان دەكرێت. ئەو دەشڵێت: ئەگەر كارەبا بە هەرزانتر بدرێتە ئێمە، بێگومان خاوەن كارگەكانیش هەرزانتر كار دەكەن.














