خەبات- عەلی بانیشاری:
جووتیارانی قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیگەران لەوەی بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی، بەرووبوومەكانیان لە بازاڕدا پارە نەكات. جووتیارێك دەڵێت: بارێك تەماتەم بردووەتە عەلوە، پارەی كرێكار و سندوقی بۆ دەرنەكردوومەتەوە. بەشێك لە بەرووبوومی پێنجوێن بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕوات و خواستێكی زۆری لەسەرە. بەوتەی جووتیاران، ئەگەر بازاڕەكانی خواروو و ناوەڕاست نەبێت ((كیلۆیەك تەماتە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان 100 دینار ناكات)).

حەیدەر جەمال، دانیشتوویەكی قەزای پێنجوێنە و ماوەی 13 ساڵە بە كاری كشتوكاڵكردنەوە خەریكە. ئەو دەڵێت: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە وڵاتانی ئێرانەوە تەماتە هاوردە دەكرێت و بە نرخی چیمەنتۆ گومرگ دەكرێت. دەشڵێت: نیووەی ئەو تەماتەی لە ئێرانەوە دێت گومرگ ناكرێت و ئەگەر 30 تۆن تەماتە هاوردە بكرێت ڕەنگە 10 وەرقەی ئەمریكی گومرگی لێ وەربگیرێت.
ڕۆژی سێ شەممە 5ی ئەیلولی 2023، جووتیارانی پێنجوێن لە عەلوەی شارەكە گردبوونەوە و داوایانكرد ((لەپێناو ساغبوونەوەی بەرووبوومی ناوخۆ، ڕێگری لە بەرووبوومی هاوردە بكرێت)). لەوبارەیەوە حەیدەر جەمال بە (خەبات)ـی گوت: هاوردەكردنی بەرووبوومی دەرەكی وایكردووە، بەرووبوومی ناوخۆ پارە نەكات، ئەوەش وایكردووە جووتیارانی پێنجوێن لە نرخی بەرووبوومەكانیان ناڕازی بن و ئەگەر تەماتە ڕەوانەی بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نەكرێت كیلۆی 100 دینار ناكات.
حەیدەر جەمال ئاماژەی بەوەشدا، تێچووی كیلۆیەك تەماتە 200 دینارە، بەڵام بۆ جووتیار 250-300 دینار دەكات و كیلۆیەك كاڵەكیش 250 دینار دەكات. زیاتر گوتی: بۆ پیكابێك تەماتە 105 هەزار دینارم بە كرێی كرێكار و 40 هەزار دیناریشم بە سندوقی پلاستیك داوە، كاتێك تەماتەكەم بردووەتە عەلوە پارەی كرێكار و سندوقەكانی بۆم دەرنەكردووەتەوە. ئەو دەشڵێت: تەنیا گرفتەكە لە نرخی تەماتە و كاڵەك نییە، بەڵكوو خەیار و كولەكە و چەند بەرووبوومێكی دیكەش لە بازاڕدا بەئاسانی ساغ نابێتەوە.
تەماتە پێنجوێن لە سەرەتای مانگی ئەیلول پێدەگات و تاوەكو ناوەڕاستی تشرینی یەكەم بەرهەمی دەبێت. بەرووبوومی سنوورەكە بە باشی جۆرەكەی ناسراوە، ئەوەش وایكردووە لە هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقیشەوە كڕیاری تایبەتی هەبێت.
حەیدەر جەمال گوتیشی: هاوردەكردنی بەرووبوومی وڵاتانی دراوسێ زیانی زۆری لە جووتیارانی كوردستان داوە. داواشدەكات، باجی زیاتر لەسەر بەرووبوومی هاوردە دابنرێت یاخود هەر هاوردە نەكرێت، بۆ ئەوەی جووتیارانی هەرێمی كورستان قازانج لە بەرووبوومەكانیان بكەن. سەبارەت بە هاوكاریكردنی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جووتیاران، ناوبراو گوتی: 13 ساڵە من جووتیارم، تاوەكو ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵ بای دینارێك هاوكاری نەكردووم.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پێنجوێن، لە سنووری قەزاكە و هەردوو ناحیەی گەرمك و ناڵپارێز، 24 هەزار و 459 دۆنم زەویی بەراو و 57 هەزار و 303 دۆنم زەویی دێم هەیە كە جووتیارانی ناوچەكە بۆ كشتوكاڵكردن سوودی لێ دەبینن. پێنجوێن زیاتر بە بەرووبوومە هاوینە ناوبانگی دەركردووە لەوانە (شووتی، كاڵەك، خەیار، تەماتە، كولەكە، بیبەر، باینجان).
بەپێی ئامارێكی كۆن، 2500 جووتیار لە سنووری قەزای پێنجوێن بە كشتوكاڵكردنەوە خەریكن، بەڵام پێشتر سامان كەریم، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پپێنجوێن بە (خەبات)ـی گوتبوو: ئەو ژمارەیە لە ئێستادا بۆ شەش هێندە بەرزبووەتەوە.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و گەیاندنی سكاڵای جووتیارانی پێنجوێن، پەیامنێری (خەبات) لە چەند كاتێكی جیاوازدا پەیوەندیكرد بە هەریەكە لە (سامان كەریم)، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پێنجوێن و (هیوا عەلی)، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەڵام كەسیان وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.